شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاكانی ئیسرائیلی و ئەمریكی، دەستێوەردانێكی ئیدارەی ئەمریكا لە كۆتا خولەكدا ئۆپەراسیۆنێكی پلان بۆ داڕێژراوی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی لەناو خاكی ئێراندا پووچەڵ كردەوە.
لە ڕاپۆرتێكی كەناڵی 12ی ئیسرائیلدا هاتووە كە ئەو پلانە پێش هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل داڕێژراوە كە لە 27ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەچوو، بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتییەكی توندی بەرپرسانی باڵای ئەمنی بووەتەوە كە ترسیان هەبووە ببێتە هۆی هەڵكشانی سەربازی تەواو كە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكان.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵەیەكی بێ مەبەست لەلایەن بەرپرسێكی ئەمنی ئیسرائیلییەوە بووە هۆی ئەوەی واشنتۆن دەستی بە تەواوی وردەكارییەكانی پلانەكە بگات، ئەمەش وایكردووە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا بە خێرایی هەنگاو بنێن و ئۆپەراسیۆنەكە ڕابگرن. سروشتی تایبەتی ئەركەكە و میكانیزمی پووچەڵكردنەوەی تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە.
لای خۆیەوە ماڵپەڕی هەواڵی ئەكسیۆس لە زاری سەرچاوە فەرمییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، دەیان فڕۆكەی جەنگی ئیسرائیلی بە پاڵپشتی فڕۆكە سووتەمەنی هەڵگرەکان، لە 19ی مانگی ئۆكتۆبەر فڕینی دوور مەودایان ئەنجامداوە، كە 800 میلی تێپەڕاندووە لە ئاسمانی سوریا و عێراق و، گەیشتووەتە نزیك لە سنووری ئێران.
