له‌باره‌ى شه‌هیدبونى ژنه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ به‌په‌له‌ ده‌درێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5014 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە میدیاییەکانی نزیک لەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه‌)، تەواوی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سه‌باره‌ت به‌شەهیدبون یان کۆچی دوایی فەرماندەی دیارى ڕۆژئاواى كوردستان نەسرین عەبدوڵڵا بڵاوبونەتەوە، جەختده‌كه‌نه‌وه‌، "ئەم هەواڵانە دورن لەڕاستییەوەو هیچ بنەمایەکیان نییە".


لەچەند کاتژمێری ڕابردودا، دەنگۆیەکی بەربڵاو سەبارەت بەگیانلەدەستدانی فەرماندە نەسرین عەبدوڵڵا لەئەنجامی ڕوداوێک یان بەئامانجگرتنی لەسەر ڕێگەی (دێرەزور ـ حەسەکە) بڵاوبوەوە.

هاوکات زانیاریی نا فەرمی بڵاوکرانەوە کە گوایە ناوبراو بەهۆی تێکچونی باری تەندروستییەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی حکومیی دیمەشق لەپایتەختی سوریا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاستیانکردەوە، ئەو فەرماندەیە لەسەر کارەکەی بەردەوامەو هیچ زیانێکی پێنەگەیشتوە.

بڵاوبونەوەی ئەم دەنگۆیانە هاوکاتە لەگەڵ زانیارییەکان لەسەر ئامادەکاریی بۆ سەردانێکی فەرمیی ئەم فەرماندەیە بۆ دیمەشق، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا، لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ، بۆ تاووتوێکردنی مەلەفی لێکتێگەیشتنی ئەمنی‌و کارگێڕیی سەبارەت بەتێکەڵکردنی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یه‌په‌ژه‌)و هێزە خۆجێییەکان لەناو وەزارەتی ناوخۆی سوریادا.

نەسرین عەبدوڵڵا لەدایکبوی دێرک لەپارێزگای حەسەکەیه‌، یەکێکە لەدیارترین ڕوخسارە سەربازیی‌و سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان؛ لەنیسانی 2013دا دامەزراندنی فەرمی کەرتی (یەکینەکانی پاراستنی ژنان ـ یه‌په‌ژه‌)ی ڕاگەیاندو بوە وتەبێژی فەرمیی هێزەکە.

ناوبراو سەرکردایەتی چەندین شەڕی گەورەی دژی گروپى تیرۆریستى داعش کردوە کە دیارترینیان داستانی کۆبانی بوو لەساڵی 2015و شەڕی ڕزگارکردنی ڕەققە لە2017دا، هەروەها وەک نوێنەری کچان‌و ژنانی شەڕڤان لەچەندین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیدا بەشداربوە کە دیارترینیان چاوپێکەوتنی بوو لەگەڵ فرانسوا هۆڵاند سەرۆکی پێشوی فەڕەنسا لەکۆشکی ئەلیزێ لەساڵی 2015دا.