شارپرێس ـ تایبهت:
تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانیو بەئامادەبونی سەرجەم وەزیرو بریکارەکانی پشكى حزبەکە لهكابینهى نۆ، کۆبونەوەیەکی نائاساییان ئەنجامداو تێیدا بڕیاری پێکهێنانی ئیدارەیەکی کاتیی ڕانەگەیەنراویان بۆ ڕاییکردنی سەرجەم کاروباری کارگێڕییو جێبەجێکارییەکانی زۆنی سەوز دا تاوهكو کاتی پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ.
بهگوێرهى ئەو زانیاریانەی شارپرێس لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەستیکەوتوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی تیمی وەزاریی یەکێتیدا پاش جەختکردنەوە لەپابەندیی هەموان بەبڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانیو ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیانەوە، ئەرکەکانی سەرجەم وەزیرو بریکاری وەزیرەکان بۆ ئەم قۆناغە دیاریکراوەو حکومەتێکی کاتیی ڕانەگەیەنراو پێکهاتوەو سەرجەم کارەبارەکانی حکومەتی هەرێم لەزۆنی سەوز ڕادەپەڕێنن.
شارپرێس لهسهرچاوهى تایبهتهوه زانیویهتى، تیمى یهكێتیى بهسهرۆكایهتى قوباد تاڵهبانى، بڕیاری کۆتایی داوە کە بۆ هیچ بابەتو کارێکی فەرمی بەناوی حکومەتەوە، نوسراو ئاڕاستەی هەولێر نەکرێتو نەنێردرێت.
ههروهك شارپرێس ئهوهشى زانیوه، ڕێکارەکە بەجۆرێکە کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیو فەرمانگەکان نوسراو بۆ نوسینگەی وەزیرو بریکاری وەزیرەکانی خۆیان دەکەن، ئەوانیش ڕاستەوخۆ مەلەفەکان ئاڕاستەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی دەکەن نەک هەولێر.
ئهو سهرچاوهیهى زانیاریى بۆ شارپرێس ئاشكراكرد وتى، "بۆ ڕێگریکردن لەپەککەوتنی کارەکان، هەر وەزیرێکی یەکێتیی بهگوێرهى پسپۆڕییەکەی، کاروباری دەڤەرەکە بەڕێوەدەباتو بریکارەکانیش لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی قوباد تاڵەبانیدا دەسەڵاتی تەواوی جێبەجێکردنیان دەبێت".
سهبارهت بهو وەزارەتانەی کە وەزیر یان بریکاریان هی یەکێتیی نییە، سهرچاوهكه وتى، "وەزیرەکانی دیكهى یەکێتیی دەبنە کاربەڕێکەر؛ ئەو وەزارەتە زۆر تایبەتانەش کە جێگۆڕکێیان تێداناکرێت، ڕاستەوخۆ لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی خۆیەوە بەڕێوەدەبرێنو دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان".
بهوتهى سهرچاوهكهى شارپرێس، "تیمی وەزاریی یەکێتیی جەختیانکردوەتەوە کە پابەندی بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانیو ئەنجومەنی سەرکردایەتینو ئامانجیان تەنها خزمەتکردنی هاوڵاتیانە بەبێ گوێدانە ناوو ناونیشانی سیاسیی".
