عێراق و توركیا لیژنەیەكی ئەمنی هاوبەشیان لەسەر شەنگال كاراكرد

عیراق

23 خولەک پێش ئێستا‌ 75 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، عێراق و توركیا ڕێككەوتوون لەسەر كاراكردنی لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی ئەمنی و ئەنكەرەش بەڵێنی داوە دەست بە كشانەوە لە كەمپی باشیك لە پارێزگای نەینەوا بكات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا نووسینگەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و توركیا كە ئەركی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵاتی پێسپێردراوە، لە میانی كۆبوونەوەكەیاندا لەسەر سێ خاڵ ڕێككەوتوون.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ڕونیكردووەتەوە، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی سەركردەكانی هەردوو وڵات لە 23ی ئەیلولی 2026دا پێی گەیشتوون، دەسەڵاتدارانی عێراق و توركیا "پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ درێژەدان بەچەسپاندنی تەواوی دەسەڵاتی عێراق لە شنگال و كۆتاییهێنان بە بوونی هێزە چەكدارەكان دووپاتكردووەتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، خاڵی دووەم لایەنی توركیایە، "بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كراوە، دەست دەكات بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لە لایەنی خۆیەوە بەرەو ڕادەستكردنی وردە وردەی كەمپی باشیك زیلكان بە حكومەتی فیدراڵی عێراق".

دەشڵێت، "بەمەبەستی پشتڕاستكردنەوەی هاوبەش و سەرپەرشتیكردنی پێشكەوتنی ئەو پرۆسەی كە لە شنگال دەستیپێكردووە بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە بوونی هێزە چەكدارەكان، هەردوولا بڕیاریانداوە لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی ئاسایش كارابكەن، بەپێی ئەوەی پێشتر لەسەری ڕێككەوتبوون".
 
 
 

بەپەلە