شارپرێس:
ژمارەیەك لە پەرلەمانتار، هونەرمەند، چالاكەوان و چەند كەسایەتی دیكە لەڕاگەیەندراوێكدا داوا لە سەرۆكی پارتی و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن هیچ هەنگاوێكی دیكە نەنێن بەئاڕاستەی ئاڵۆزتركردنی كێشەكان و دەرفەتێك بدەن بەگفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە " ئێمە وەك ژمارەیەك خەمخۆری نیشتمان لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر قوربانییەكانی گەلەكەمان و ئایندەی هەرێمی كوردستان داوا لە سەرۆكی پارتی و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین كە جارێك كارەكانیان ڕاگرن و هیچ هەنگاوێكی تر نەنێن بۆ ئەوەی كێشەكان هێندەی تر قوڵ نەكەنەوە ، داوا دەكەین دەرفەتێكی تر بە گفتوگۆ بدەن بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان".
دەشڵێن "هەروەها داوا لە حزبەكانی دیكەی بەشداربووی پرۆسەی سیاسی هەرێم دەكەین؛ هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرایان هەبێت و لە ئاست ئەركی نیشتمانی ئەم قۆناغەدا بن لە پاراستنی ئاشتی وسەقامگیری هەرێمی كوردستان".
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
بۆ: سەرۆكایەتی حزبەدەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان
بۆ: سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
بۆ: رای گشتی خەڵكی كوردستان
دوای دوو ساڵ لە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی بە مەبەستی كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ئەم دوو لایەنە شكستیان خوارد، بەم دواییانە هەردوولا بە مەبەستی كاراكردنەوەی پەرلەمان لە ژێر هەژموونی خۆیاندا و تاك لایەنە، كەوتنە مانۆڕ گێڕان دژی یەكتر و لە ئەنجامدا پارتی دیموكراتی كوردستان توانی رۆژی ٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ پەرلەمان ئاكتیڤ بكەنەوە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرن.
هەنگاوی كاراكردنەوەی پەرلەمان جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بێ بەشداری لیستەكانی تریش بەڕێوە چوو ، ئەم هەنگاوە لە ڕێگای فشارو شێوازی جۆراو جۆرەوە بۆ سەر چەند ئەندام پەرلەمانێكی لیستەكانی تر ئەنجامدرا ، بەمەش هێندەی تر وێنەی پەرلەمانتار و دەزگای پەرلەمانی لە كوردستاندا " بێ ئەرزشتر كرد"، لە كاتێكدا خۆی لە خۆیدا وێنەكەی جوان نەبوو ، كاراكردنەوەش بەم شێوەیە جارێكی تر ئەو ڕاستیەی بۆ دووپاتكردینەوە كە پەرلەمان ئامڕازێكە بۆ سەپاندنی زیاتری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی ، نەك ئامڕازێكی هەڵبژێردراوی باڵای خاوەن دەسەڵاتی خەڵكی كوردستان .
بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی پارتی ، سەركردایەتی یەكێتیش لە پەرچەكدراێكی بەپەلەو هەڵچوو و تونددا وەزیر و وەكیل وەزیر و بەرپرسانی لە پۆستەكانی تری خۆی لە حكومەتی هەرێم لە هەولێر كشاندەوە ، سەرۆكەكەشی ڕایگەیاند كە پارتی هەر هەنگاوێكی دیكە بنێت ، ئەوا ئەمانیش دۆخەكە بەرەو دوو ئیدارەیی دەبەن .
ئێمە لە ڕوانگەی نیشتمانییەوە ، پێمانوایە تۆخبوونەوەی دوو ئیدارەیی و لێكترازانی زیاتری هەرێم ، لێكەوتەكانی لە رووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە ، بۆ هەردوو حزبەكە و خەڵكی كوردستان ، هاوكات بۆ قەوارەی فیدراڵی هەرێم ، دەبێتە مایەی زیان و زەرەرێكی گەورە .
هەر لە كۆبوونەوەی رۆژی ٤ ی تشرینی دووەمدا ، سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان داوایكرد كە رۆژی دوو شەممە ٩ ی تشرینی دووەم پەرلەمان لیژنەكانی خۆی دەستنیشان بكات ، ئەمەش هێندەی تر كێشەی نێوان دوو لایەنی سەرەكی كوردستان كە یەكێتی و پارتین و تا ئێستا هەژموویان بەسەر هەردوو ناوچە حكومڕانیەكەوە هەیە ، قوڵتر دەكاتەوەو دەرفەتی چارەسەركردنی كێشەكان كەمتر دەكەنەوە.
ئێمە وەك ژمارەیەك خەمخۆری نیشتمان لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر قوربانییەكانی گەلەكەمان و ئایندەی هەرێمی كوردستان داوا لە سەرۆكی پارتی و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین كە جارێك كارەكانیان ڕاگرن و هیچ هەنگاوێكی تر نەنێن بۆ ئەوەی كێشەكان هێندەی تر قوڵ نەكەنەوە ،وە داوا دەكەین دەرفەتێكی تر بە گفتوگۆ بدەن بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان.
هەروەها داوا لە حزبەكانی دیكەی بەشداربووی پرۆسەی سیاسی هەرێم دەكەین؛ هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرایان هەبێت و لە ئاست ئەركی نیشتمانی ئەم قۆناغەدا بن لە پاراستنی ئاشتی وسەقامگیری هەرێمی كوردستان .
لەبەر رۆشنایی ئەم پێشهاتە نوێیە، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین بە كەسانی نیشتمانپەوەر و دەستەبژێری كۆمەڵگا و سەرجەم چین و توێژەكانەوە و لە نێویشیاندا بە ژنان و گەنجانەوە ، بێدەنگ نەبن بەرامبەر بە فیڕۆدانی سەدەیەك لە تێكۆشانی خەڵكی باشوری كوردستان و قوربانییەكانی .
ناوەكان:
لقمان حسن - هونەرمەند
ابوبكر هەڵەدنی - پەرلەمانتار
عبداللە مەلا نوری - پەرلەمانتار
ئارام جمال - چالاكوان
ئازاد باییز - هونەرمەند
ئاڵا عارف - چالاكوانی ژینگەیی
ابراهیم احمد - هونەرمەند
ابراهیم فەرەج - چالاكوان
بەختیار مستەفا - حزبی زەحمەتكێشان
بێستون كمال - تۆڕی ڕێكخراوەكانی سلێمانی
پەروا عەلی - چالاكوان
پەیمان عزالدین - پەرلەمانتار
د. خەبات مارف - ڕۆشنبیر
د. سەروەر عەبدولرەحمان - سەرۆكی ڕێكخراوی پەی
د. ڤیان فەرەج - نوسەر
د. كامیل عومەر - مامۆستای زانكۆ
د. یاسین تەها - نوسەر
ژینۆ ڕشید - چالاكوان
سارا ڕەزا - چالاكوانی ژنان
سان ساراڤان - میدیاكار
سەركەوت بابان - چالاكوان
سەركۆ یونس عبدالكریم (هەڵەبجە) - ئابووریناس
سمكۆ رشید - چالاكی مەدەنی
شادی بكر - چالاكوان
شوان محمد - ڕۆژنامەنوس
شۆڕش ئەمین - چالاكی مەدەنی
شۆڕش حسن - چالاكوان
شێركۆ حمەامین - پەرلەمانتار
فاروق عبداللە - چالاكوان
كاوان فەرەج - چالاكوان
لوقمان مستەفا - پارێزەر و نوسەر
نەریمان احمد - پارێزەر
نەورۆز فازل - چالاكوان
د. محەمەد ئەمین عەلی..نوسەر
د. هەژار عوسمان مەعروف.. نوسەرو پسپۆری دەرونی
