بۆچى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى كوردستان كۆنه‌بوه‌وه‌؟ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر شارپرێس هه‌موشتى ئاشكراكرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 ئەمڕۆ دوشەممە 9ی تشرینی دوەمی 2026، کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامنەدرا، بەمەش ئەو زانیارییە تایبەتانە پشتڕاستبونەوە کە شارپرێس لە7ی ئەم مانگەدا وەک یەکەم ده‌زگاى ڕاگەیاندن له‌هه‌رێمى كوردستان‌و عێراق بڵاویکردەوە؛ شارپرێس ئاشکرایکرد، "لەسەر بنەمای بەڵێنەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ نێوەندگیریی، پەرلەمان ڕۆژى دوشه‌ممه‌ واته‌ ئه‌مڕۆ کۆنابێتەوە".

هاوکات لەگەڵ ئه‌نجامنه‌دانى کۆبونەوەکە، سەرنجی نوێ ئەوەیە کە نە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان‌و نە دیوانی پەرلەمانیش، بەتەنانەت یەک وشەش ئاماژەیان بەهۆکاری بەڕێوەنەچونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ نەکردوەو بێدەنگییان هەڵبژاردوە.

به‌گوێره‌ى ئه‌جێنداى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌مڕۆش دوشه‌ممه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى لیژنه‌ى یاسایى‌و دیاریكردنى ئه‌ندامه‌كانى.

پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو، ڕاستەوخۆ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی‌و بڕیاری کشانەوە لەحکومەت، نێچیرڤان بارزانی په‌یوەندیی بەبافڵ تاڵەبانییەوە کردبوو بەڵام تاڵه‌بانى وەڵامى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى نه‌دابوه‌وه‌، دواتر هەمان شەو په‌یوەندیی بەقوباد تاڵەبانییەوە کردوە تا ڕێگریی لەپەیامی توندبکەن، بەڵام جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندبوو، پەیامە ڤیدیۆییەکەی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکراوەو بڵاودەبێتەوە؛ کە پاشان دەرکەوت دواخستنی بڵاوبونەوەی پەیامەکەش بۆ کاتژمێر 10ی شەو هەر بەهۆی گەیاندنی داواکارییەکەی نێچیرڤان بارزانی بوە.

سەرچاوەکانی شارپرێس ئاماژەیان بەوەکردبوو، دواتر نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی نامەو په‌یوەندییەوە، پەیامێکی بەناوی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەوە گەیاندوەتە بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتە میدیاییەکان تا دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی.

ئه‌وكات شارپرێس ئاشكرایكردبوو، وەک نیشاندانی نیازپاکی بۆ نزیکبونەوە لەچارەسەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی بەسەرکردایەتیی یەکێتی دابوو، کاربکات بۆ ئەوەی کۆبونەوەی ڕۆژی دوشەممەی پەرلەمان (کە ئەمڕۆیە) بەڕێوەنەچێت، بەمەرجێک یەکێتیی چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکە بکات‌و هەنگاوی توندتر نەنێت.