هێڵی نەوتی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوای سعودیە كرایەئامانج

جیهان

44 خولەک پێش ئێستا‌ 90 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

سعودیە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند كە هێڵی بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا كراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگرێكی بچووكی لێكەوتەوە كە كاریگەری لەسەر كارەكانی نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی سعودیە لە زاری سەرچاوەیەكی فەرمی لە وەزارەتی وزەوە بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ دووشەممە هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا لە ناوچەی مەدینە كرایە ئامانج، لە ئەنجامدا ئاگرێكی بچووك ڕوویدا كە بە خێرایی لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنەوە كوژێنرایەوە".

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە كە هێرشەكە هیچ بریندارێكی نەبووە و كاریگەری لەسەر كارەكانی بۆریەكە نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیكردەوە، تیمەكانی فریاكەوتن و تیمە تەكنیكییە تایبەتمەندەكان دەستبەجێ دوای هێرشەكە دەستیان بە كارەكانیان كرد و ڕێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر بۆ پاراستنی شوێنەكە و دڵنیابوون لە سەلامەتی، ئەمەش بەگوێرەی ڕێكارە پەسەندكراوەكانی سەلامەتی و پلانی فریاگوزاری.