شارپرێس:
کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەشنگال کە وەک (فەرمانی 74)م لەمێژوی ئەم پێکهاتەیەدا
تۆمارکرا، برینێکی قوڵە کە بەتێپەڕبونی ساڵان سارێژ نابێت، لەناوجەرگەی ئەو کارەساتە
مرۆییەدا، چیرۆکی فەرماندە هێژا شنگالی وەک مۆدێلێکی دەگمەن لەڕوبەڕوبونەوەو گۆڕینی
هاوکێشەی قوربانیی بۆ هێزی پاراستن، دەبێتە جێی سەرنجی ناوەندە میدیاییو ڕۆژنامەوانییەکان
لەناوچەکەدا.
تاوانى 3ی ئابی 2014و ئاماری قوربانیانی شنگال
گروپى تیرۆریستى داعش لەڕۆژى 3ى ئابی 2014دا پهلامارێكى بەربڵاوو دڕندانهى
کردەسەر قەزای شنگالو دەوروبەری، بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانو
نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، زیاتر لەههزارو 293 هاوڵاتیی ئێزدی تەنها
لەچەند ڕۆژی یەکەمی پهلامارهكهدا بەکۆمەڵ کۆمەڵکوژکران، نزیکەی شهش ههزارو
417 کەسیش کە زۆربەیان کچ، ژنو منداڵ بون، لەلایەن داعشەوە ڕفێندرانو وەک دیلو
کەنیزە لەبازاڕەکانی موسڵ، ڕەققە فرۆشران، تائێستاش چارەنوسی زیاتر لەدوو هەزارو
600 کەسیان بەنادیاری ماوەتەوە.
كاتێك هێژا كهوته دهستى داعشو گەشتە خوێناوییەکەی!
فەرماندە هێژا شنگالی کچێکی گەنجی دانیشتوی شنگال بوو کاتێک لەهەمان ڕۆژی
پهلامارهكهدا (3ی ئابی 2014) لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیدا کەوتە دەست تیرۆریستانى
داعش، هێژا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەناوچە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش وەک دیل ڕاگیراو
ڕوبەڕوی قورسترین جۆری ئەشکەنجەی دەرونیو جەستەیی بوەوە.
دوای چەندین هەوڵی بێوچان، دواجار توانیی لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنەوە
خۆی لەناو کۆگاکانی مەرگی داعش دەربازبکات، بەڵام لەجیاتی گەڕانەوە بۆ ژیانێکی
ئاسایی یان کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بڕیارێکی مێژوییدا؛ ئەویش چەکداربونو گۆڕینی
ئازارەکانی بۆ هێزێکی سەربازیی هێرشبەر.
بەرپرسیارێتیی ئێستای هێژا لەناو یەکینەکانی ژنانی شنگال (یهژهشه
ـ YJŞ)
هێژا شنگالی دوای ئازادبونی، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەڕیزەکانی یەکینەکانی
ژنانی شنگال (یەژەشە - YJŞ)وه
کرد کە لەساڵی 2015دا وەک هێزێکی تایبەتی کچانو ژنانى ئێزدی بۆ بەرگریکردن لەخاکەکەیان
دامەزرا.
بەهۆی ئیرادەو سەرکردایەتییە لێهاتوەکەی لەشەڕەکانی ڕزگارکردنی گوندەکانی
شنگالو ململانێی دژ بەپاشماوەکانی توندڕەواندا، هێژا لەئێستادا یەکێکە لەفەرماندە
باڵاو بڕیاردەرەکانی ئەنجومەنی سەربازیی یەژەشە، ههروهها سەرپەرشتیکردنی هێڵەکانی
بەرگریی کچانی ئێزدیی لەناوچە سنورییەکانی شنگالو سەرکردایەتیکردنی کەرتی مەشقو ڕاهێنانی
فیکرییو سەربازیی بۆ ئەو کچە ئێزدییانەی نوێ پەیوەندی بەهێزەکەوە دەکەن، بەمەبەستی
ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی هەر فەرمانێکی دیكه دژ بەپێکهاتەکەیان.
چیرۆکی هێژا شنگالی تەنها بەسەرهاتێکی مرۆیی نییە،
بەڵکو دۆکیۆمێنتێکی ڕۆژنامەوانیی زیندوە لەسەر گۆڕانی کچێکی قوربانیی کۆمەڵکوژی بۆ
فەرماندەیەکی سەربازیی خاوەن قورسایی کە لەئێستادا پارێزگاری لەکەرامەتو ئاسایشی
دەڤەری شنگال دەکات.
