شارپرێس:
ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا قۆناغێکی نوێی لەپهیوەندییە دیپلۆماسیو ئابورییەکانی لەگەڵ عێراقدا دەستپێکردوە کە تێیدا پێشینەی کارەکانی لەهاوکاریی سەربازییو ئەمنییەوە دەگۆڕێت بۆ بونیادنانی شەراکەتێکی درێژخایەنی دامەزراوەیی، ئەم ئاڕاستە نوێیە لەمیانی کۆبونەوەی فەرمیی تۆم باراک نوێنهرى سەرۆکایەتیی ئەمریکاو فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیا تەواو ڕەنگیداوەتەوە.
ئەمریکا پابەندبونی خۆی بەقوڵکردنەوەی شەراکەتی ستراتیژیی لەگەڵ عێراق دوپاتکردەوە، هاوکات فراوانکردنی هاوکاریی دولایەنەی بۆ (گرتنەبەری دامەزراوە دادوەرییەکان، سەروەریی یاسا، وزە، وەبەرهێنانو گەشەپێدانی ئابوریی) ڕاگهیاند؛ ئەمەش لەچوارچێوەی ئاڕاستەیەکی ئەمریکیدایە بۆ بەهێزکردنی پێوەندییەکان لەگەڵ بەغداو گواستنەوە بەرەو شەراکەتێکی گشتگیرتر کە لەڕەهەندە ئەمنییە تەقلیدییەکان تێپەڕێتو بەرەو بەرژەوەندییە ئابورییو دامەزراوەییە درێژخایەنەکان بچێت.
تۆم باراک لەو دیدارەدا جەختی لەسەر گرنگیی هەبونی دەزگایەکی دادوەریی بەهێزو سەربەخۆ لەعێراقدا کردوەتەوە، ههروهك جهختیكردوهتهوه، لەڕوانگەی واشنتۆنەوە، بەهێزکردنی سیستەمی یاساییو چەسپاندنی سەروەریی یاسا، تاكە گەرەنتییە بۆ بونیادنانی متمانە لای کۆمپانیا بیانییەکان؛ چونکە وەبەرهێنانی گەورەو درێژخایەن تەنها لەو وڵاتانەدا جێگیر دەبێت کە خاوەنی یاسای ڕون، دادگای کاراو میکانیزمی شەفاف بن بۆ پاراستنی مافی گرێبەستەکانو چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان.
دوای کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق لە30ى ئەیلولی 2026دا، ئەمریکا دەیەوێت هاوکارییەکانی لەکەرتی وزە، گەشەپێدانی ئابورییو بەهێزکردنی کەرتی تایبەتدا فراوان بکات، عێراق بۆ نوێکردنەوەی ژێرخانی کارەباو پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوتو غاز پێویستیی توندی بەتەکنەلۆژیاو دارایی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ بەغدا تا ئابورییەکەی هەمەچەشن بکاتو تەنها پشت بەداهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو نەبەستێت.
واشنتۆن سەیری سەقامگیریی ناوخۆییو ئابوریی عێراق دەکات وەک فاکتەرێکی سەرەکی یان کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناوجەرگەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا، بەهێزکردنی پێگەی دامەزراوەیی بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق پهیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا، ئێرانو وڵاتانی دراوسێدا بپارێزێتو خۆی لەململانێو پێکدادانە نەرێنییەکان بەدوربگرێت.
وێڕای گرنگیی سیاسییو دیپلۆماسیی کۆبونەوەکەی لەندەن، زانیارییهكان ئاماژە بەوەدەکهن، ئەم گفتوگۆیانە هێشتا نەبونەتە ڕێککەوتنی جێبەجێکاریی نوێ، چونکە هیچ گرێبەستێکی دارایی دیاریکراو یان خشتەیەکی کاتیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕانەگەیەندراون؛ بۆیە چاودێران پێیانوایه، پێوەری سەرکەوتنی ئەم قۆناغە نوێیە تەنها بەوە دەپێورێت کە ئایا ئەم لێدوانە دیپلۆماسییانە وەردەگێڕدرێنەسەر پڕۆژەی کرداریی لەواقیعدا یان نا.
