شارپرێس:
ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوەدەكات كە كۆگای مووشەكەكانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت لە چەندین وڵاتی ئەوروپا بە گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر نزم . ئەمەش وای كردووە سوپای ئەو وڵاتانە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ داواكارییەكانی گواستنەوەی مووشەكە ماوەكان بۆ ئۆكرانیا بكەن.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، فەرماندە سەربازییەكانی ئەوروپا داوای دڵنیایی ڕوونیان لە ئەمریكا كردووە كە ئەو مووشەك و تەقەمەنییانەی نێردراون بۆ ئۆكرانیا لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێگەیان پڕدەكرێتەوە.
بلومبێرگ ئاماژە بەوە دەكات كە نەبوونی ئەم دڵنیاییە وای كردووە هەندێك وڵاتی ئەوروپی دژایەتی ناردنی مووشەكی زیاتر بكەن؛ چونكە گواستنەوەی ئەوەی كە ماوە، دەتوانێت توانای بەرگریی ئاسمانیی خۆیان لاواز بكات.
سیستەمی پاتریۆت یەكێكە لە گرنگترین ئامێرەكانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆكرانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەك و هێرشە ئاسمانییەكانی ڕوسیا. لەبەر ئەوە، كەمبوونەوەی مووشەكەكانی ئەم سیستەمە بووەتە یەكێك لە ئاڵنگارییە سەرەكییەكانی دابینكردنی چەك بۆ كییڤ.