شارپرێس:
حکومەتی فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکی فەرمییدا سوپای پاسدارانی ئێرانی بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی سایبەری تۆمەتبار کرد کە ئامانجیان ژێرخانی ئابووری، دامەزراوە پیشەسازییەکان و هەندێک دامەزراوەی مەدەنیی فەڕەنسا بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشەکانی ١١ و ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بۆ سەر سیستەمی ساردکەرەوەی نزیکەی ٧٠٠ فرۆشگای گەورە لە فەڕەنسا، لەلایەن یەکەی سایبەری شەهید کاوەی سەر بە ناوەندی ئەلیکترۆنی و سایبەری سوپای پاسداران ئەنجام دراوە.
هێرشبەرەکان بە دەستکاریکردنی ڕێکخستنەکانی سیستەمی ساردکەرەوەکان، بوونەتە هۆی لەناوچوونی بڕێکی زۆر لە بەرهەمە خۆراکییەکان و لانیکەم ١٥ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە. چەند کۆمپانیایەکی گەورەی فرۆشتن، لەوانە کارفور، لکلێرک و کازینۆ، لە نێو دامەزراوە زیانلێکەوتووەکاندا بوون.
لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکانی فەڕەنسا چەند بەڵگەی تەکنیکی خستۆتە ڕوو لەوانە هاوبەشیی ژێرخانی دیجیتاڵی، بەکارهێنانی ئامرازی FOFA، بڵاوکردنەوەی هێرشەکە لە پلاتفۆرمی CyberbanNews و دۆزینەوەی شوێنەواری زمانی فارسی، کە هێرشەکە بە یەکەی شەهید کاوە دەبەستێتەوە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە یەکەیەکی تری سایبەری بە ناوی شەهید شوشتەری دەکات کە بە هەوڵی هێرش بۆ سەر سیستەمی تابلۆ دیجیتاڵییەکانی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی پاریس لە ساڵی ٢٠٢٤دا تۆمەتبار کراوە. ئامانجی ئەو هێرشە پەخشکردنی پەیامێکی سیاسی دژی بەشداریی وەرزشوانانی ئیسرائیل بووە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی فەڕەنسا، یەکەی شەهید کاوە زیاتر لە بواری سیخوڕی سیستەمە پیشەسازییەکاندا چالاکە، لە کاتێکدا شەهید شوشتەری لەبواری ئۆپەراسیۆنی سایبەری و کاریگەریی زانیاری و سیاسی چالاکە.
حکومەتی فەڕەنسا ئێرانی بە پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانی و بنەماکانی ڕەفتاری بەرپرسانە لە سایبەرسپەیسدا تۆمەتبار کردووە و بانگکردنی باڵیۆزی ئێران و هەوڵدان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کەس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیشی لەبەرچاو گرتووە، لە بەرامبەردا تاران ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
گرنگیی ڕووداوەکە لەوەدایە کە جەنگی سایبەری چیتر تەنها دزینی زانیاری و هێرش بۆ سەر ماڵپەڕە حکومییەکان نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی تێکدانی ژێرخانی ئابووری، سیستەمی خۆراک و خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان. ئەمەش نیشانەی گۆڕانی شێوازی ململانێی نێوان ئێران و ڕۆژئاوایە، کە تێیدا ژێرخانی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانیش دەکرێت ببنە ئامانجی هێرش.