شارپرێس:
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبونەوەیەکی گرنگی خۆییو ئەحمەد موفتی لەگەڵ تۆم باراک باڵیۆزو نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراقو سوریا ئاشکراکردو ڕایگەیاند، واشنتۆن هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمو پەیوەندییەکانی پارتیو یەکێتیی خستوەتەڕوو.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ لهفهیسبوكى خۆى بڵاویكردوهتهوه ئاماژهى بهوهداوه، "لەکۆبونەوەکەدا بەیاوەریی ئەحمەد موفتی بریكارى وهزارهتى سامانه سروشتیهكان، دیدو تێڕوانینی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان سەبارەت بەگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، عێراقو دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردە ئەمریکییەکەدا هاوبەش کرد".
دهشڵێت، "لەدیدارەکەدا، باڵیۆز تۆم باراک هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاندو جەختیکردهوه، ئەمریکا بەردەوامە لەپشتگیریکردنی هەرێمێکی بەهێزو یەکگرتوی کوردستان، بەمەرجێک ڕەنگدانەوەی فرەیی لایەنە سیاسییەکانو تەواوی پێکهاتەکانی هەرێمەکە بێت".
باسى ئهوهشیكردوه، "نێردە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەڕونی نەخشەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیاریکردوەو دوپاتیکردهوه، بەدیهێنانی یەکڕیزیی بەردەوام لەهەرێمی کوردستاندا، تەنها لەڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەهێزکردنی حکومەتی خۆجێیو دامەزراوەکانو بەرەوپێشبردنی شەفافییەتی زیاترەوە دەبێت".
گرژییو ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕەگێکی قوڵی سیاسییو کارگێڕییان هەیە، ئەم قەیرانە دوای کۆبونەوەکەی 4ی ئهم مانگهى پەرلەمانی کوردستان گەیشتە لوتکە، کاتێک بەبێ ڕەزامەندییو ئامادهیى یەکێتیی، پهرلهمان لهدواى زیاتر لهدوساڵ یهكهم كۆبونهوهى خۆى ئهنجامداو دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد.
دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەردوو حزب لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی حکومەتو پەرلەمانو شێوازی بەڕێوەبردنی جومگە ئەمنیو داراییەکانی هەرێم نەگەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
لەکاردانەوەی کۆبونەوەکەی پەرلەماندا، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری کشانەوەی تیمی وەزاریی حزبەکەی لەحکومەتداو پەرلەمانی بە"لەتبوو" وەسفکرد، هەروەها یەکێتیی لەسنوری سلێمانی ڕێکاری نوێی کارگێڕی گرتەبەرو ئاڕاستەکردنی نوسراوە فەرمییەکانی بۆ هەولێر ڕاگرت، ئەمەش مەترسیی دوو ئیدارەیی لەهەرێمدا زیندوکردەوە.
بەشێکی دیكهى کێشەکان گواستراوەتەوە بۆ بەغداو گفتوگۆکانی تایبەت بەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، یەکێتیی داوای جیاکردنەوەی پشکی پارێزگاکانو شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی دارایی بۆ ئیدارە خۆجێییەکان دەکات، لەکاتێکدا پارتی جەخت لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک یەک قەوارەی دەستوری دەکاتەوە.
لەبەرامبەر ئەم گرژییانەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هەوڵی نێوەندگیریی دەستپێکردوەو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیش بانگەوازی بۆ گفتوگۆی بەپەلەو پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان کردوە. هاوکات (تۆم باراک) نێردەی تایبەتی ترهمپ هاتوەتەسەر هێڵو پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمێکی یەکگرتوو و بەهێز لەڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانەوە دوپاتکردوەتەوە.
