لەپەیوەندییەکی سۆزدارییەوە بۆ دۆسیەیەکی ئاسایشیی نیشتمانیی.. ئابروچونەوەی "ئینڤیدیا" جیهانی تەکنەلۆژیا دەهەژێنێت

ڕاپۆرت

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای "ئینڤیدیا"، گەورەترین بەرهەمهێنەری چیپی زیرەکیی دەستکرد لە جیهان، لەگەڵ ئاشکرابوونی زانیارییەکانی پەیوەندییەکی سۆزداریی نایاسایی لەنێوان جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، و ئەلیس هوانگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "میگاسپید"، کە گومانی هاوکاریی لەگەڵ دەزگاکانی هەواڵگریی چین لەسەرە، کەوتۆتە ناو گێژاوی قەیرانێکی سیاسیی، ئابووریی و ئاسایشیی ئاڵۆز.

ئەم ڕووداوە تەنیا زیانی بە ناوبانگی کەسیی هوانگ نەگەیاندووە، بەڵکو پرسیاری جیددیی لەبارەی ئاسایشیی تەکنەلۆژیای ئەمریکا و ئەگەری دزەکردنی هەواڵگریی چین بۆ ناو گرنگترین دامەزراوەکانی پیشەسازیی چیپی جیهان دروستکردووە.

جێنسن هوانگ، تەمەن 63 ساڵ، لە نامەیەکی ناوخۆیی بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکەدا دانیناوە بەوەی خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردووە و داوای لێبوردنی کردووە. ئەلیس هوانگیش، کە هیچ پەیوەندییەکی خێزانیی لەگەڵ جێنسن نییە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "میگاسپید"ە و لەبەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئینڤیدیا، گومانی هاوکاریی لەگەڵ هەواڵگریی چین لەسەرە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی ئینڤیدیا دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ کردووە، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە بۆتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی بیانی یان نا.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پاراستنی ئاسایشیی نیشتمانیی و ئابووریی ئەمریکا لە پێشینەی کارەکانیاندایە، بەڵام تا ئێستا بەڵگەیەکی کۆتایی لەبارەی دزەپێکردنی زانیارییە تەکنەلۆژییە هەستیارەکان نەدۆزراوەتەوە.

لە هەمان کاتدا، هەواڵی قەیرانەکە کاریگەریی خێرای لەسەر بازاڕی دارایی داناوە، بە جۆرێک بەهای پشکەکانی ئینڤیدیا لە دەستپێکی مامەڵەکانی بازاڕی وۆڵ ستریتدا 8% دابەزیوە و نزیکەی 250 ملیار دۆلار لە بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە لەناوچووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە گومانەکانی دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا دەکەن لەبارەی بەکارهێنانی کۆمپانیای "میگاسپید" بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی گەمارۆکانی تەکنەلۆژیایی دژ بە چین.

بەپێی ئەم زانیارییانە، کۆمپانیاکە لەنێوان حوزەیرانی 2024 و شوباتی 2026دا چیپی پێشکەوتووی ئینڤیدیا بە بەهای 4.8 ملیار دۆلار کڕیوە، بۆ دروستکردنی ناوەندەکانی داتا لە مالیزیا، لە ڕێگەی لقەکەی بە ناوی "سپید ماتریکس".

هەندێک سەرچاوەی توێژینەوەیی پێیان وایە سوودمەندی کۆتایی ئەم ژێرخانە تەکنەلۆژییە، کۆمپانیای چینیی "عەلی بابا"یە، ئەمەش گومانەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) لەبارەی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای هەستیار بۆ چین زیاتر کردووە.

لە ڕووی سیاسییەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، یاداشتێکی نهێنیی لەبارەی ئەم دۆسیەیە ئامادە کردووە و پێش سەردانی چ ین لە ناوەڕاستی ئایاردا پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بەڵام ترەمپ بڕیاری پشتگوێخستنی داوە.

لە بەرانبەردا، بەڕێوەبەری ئینڤیدیا لە ماوەی دەسەڵاتی دووەمی ترەمپدا لانیکەم 7 جار لەگەڵی کۆبووەتەوە و هەوڵی داوە ڕێگە بە فرۆشتنی چیپی پێشکەوتوو بە چین بدرێت. لەو چوارچێوەیەدا، ڕێگەدانی فرۆشتنی چیپی "H200" بە چین، بەرانبەر بەشێک لە داهاتی فرۆشتنەکە بۆ حکومەتی ئەمریکا، بە یەکێک لە گرنگترین بابەتە سیاسییەکانی ئەم دۆسیەیە دادەنرێت.

لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەم تۆمەتانەی بە "گریمانەی بێ بنەما و ناشیرینکردن" وەسف کردووە.

لە ڕووی ئابووریشەوە، هەندێک شیکاریی ئاماژە بەوە دەکەن کە قەیرانەکە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر "بڵقی زیرەکیی دەستکرد" هەبێت؛ چونکە ئینڤیدیا تەنیا چیپ بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی کڕیاری خۆی دەکات و بەو شێوەیە داواکاریی بۆ بەرهەمەکانی دەپارێزێت.

بە گشتیی، ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی خیانەتی هاوسەریدا نامێنێتەوە، بەڵکو بۆتە بابەتێکی گرنگ لە ململانێی تەکنەلۆژیایی و هەواڵگریی نێوان واشنتۆن و بەیجینگ؛ ململانێیەک کە چارەنووسی ئینڤیدیا و داهاتووی پیشەسازیی چیپی جیهان دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت.