به‌رپرسێكى باڵاى كورد له‌واشنتۆنه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات

کوردستان

41 خولەک پێش ئێستا‌ 2479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کەنداڵ جودی ـ شارپرێس:

سینەم محەمەد سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەواشنتۆن، بۆ شارپرێس باس لەئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا لەسەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی‌و کورد بەگشتیی دەکات.


دوای ئەوەی دیموکراته‌كان لەهەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس (نوێنەران‌و پیران) سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بەکورد، بەتایبەت کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت، یان بڕیاری کۆتایی هەر لەدەستی کۆشکی سپیدا دەمێنێتەوە؟ په‌یوەندیی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن‌و دەسەڵاتی یاسادانان تەنها بەهەڵوێستە سیاسییە ئاشکراکانیان سنوردارنابێت؛ کۆنگرێس ئامرازەکانی چاودێریکردنی حکومەت، گفتوگۆکردن لەسەر هاوکارییەکان‌و کاریگەریى له‌سەر بودجەو یاساکانی پەیوەست بەدۆسیەی سوریاشی لەدەستدایە.

ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدادێن کە داهاتوی په‌یوەندیی نێوان دیمەشق‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هەروەها دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری، هێشتا جێی گفتوگۆن، لەهەمانکاتدا، پرسیارگەلێک لەسەر ئەو گەرەنتییانەی مافی کوردو بەشداریی سیاسیی‌و کارگێڕییان لەدەوڵەتی سوریادا دەپارێزن لەئارادان، ئایا واشنتۆن پشتگیرییەکانی خۆی بۆ پڕۆسەی تێکەڵبون (ئەنتیگراسیۆن) بەدابینکردنی ئەم گەرەنتییانەوە دەبەستێتەوە؟ هەڵوێست یان گوشارەکانی کۆنگرێس تا چ ئاستێک دەتوانن کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بەم پڕۆسەیە بکەن؟

لەم چوارچێوەیەدا، سینەم محەمەد سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەواشنتۆن ئەم بابەتەی بۆ شارپرێس هەڵسەنگاند.

هاوسەنگییەکی سیاسیی نوێ لەواشنتۆن
سینەم محەمەد لەسەرەتای قسەکانیدا، تیشکیخستەسەر باڵادەستیی دیموکراته‌كان بەسەر کۆنگرێسداو ڕایگەیاند، بێگومان کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، هاوسەنگییەکی سیاسیی نوێ لەواشنتۆن دروستدەکات‌و ڕەنگە دەرفەتێکی گەورەتر بڕەخسێنێت بۆ دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی هەندێک لەهەڵوێستەکانی ئیدارەی ئەمریکا، بەتایبەتی لەدۆسیە دەرەکییەکاندا.

سیاسەتی دەرەوە لەدەستی کۆشکی سپیدا دەمێنێتەوە
سینەم محەمەد بەردەوامبوو لەقسەکانی‌و ڕونیکردەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەزۆری لەچوارچێوەی دەسەڵاتی کۆشکی سپیدا دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە پێشبینی ناکات لەسیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بەسوریا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی‌و خێرا ڕوبدات.

سینەم وتی، "ڕەنگە چاودێریی سەر بڕیارەکانی حکومەت زیاتربێت‌و گرنگیی زیاتر بدرێت بەپه‌یوەندییەکانی ئەمریکا لەپێناو جێبەجێکردنی بەڵێن‌و بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بەهاوپەیمانەکانی، کە کوردیش یەکێکن لەوان".

ئامرازەکانی کۆنگرێس بۆ دروستکردنی کاریگەریی
سینەم ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرێس ئامرازی گرنگی لەدەستدایە، وەک چاودێریکردنی ئامرازەکانی بەڕێوەبردن، دروستکردنی کاریگەری لەبودجە‌و هاوکارییەکاندا، هەروەها کاریگەریکردنەسەر دەرکردنی یاساو بڕیارە سیاسییەکان.

بەستنەوەی پشتگیریی ئەمریکا بەگەرەنتییەکانەوە
سەبارەت بەکاریگەریی ئەمە لەسەر سوریا، سینەم محەمەد ئاشکرایکرد، کاریگەرترین ئامراز ئەوەیە کە پشتگیریی ئەمریکا بەگەرەنتییەکانی سەقامگیریی سیاسیی‌و ئەمنییەوە ببەسترێتەوە، هەروەها ڕێزگرتن لەمافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریاو گەرەنتییکردنی بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لەداهاتوی دەوڵەتی سوریادا.

سینەم محەمەد ڕاشیگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەچاوێکی ستراتیژیی ئەمریکی هەڵسەنگاندن بۆ دۆسیەی سوریا دەکات، بەڵام گرنگی بەسەقامگیریی، شەڕی دژی تیرۆرو دوبارە بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەدات.

شێوازی تێکەڵبون (ئەنتیگراسیۆن)و گەرەنتییەکانی
سەرۆکی نوێنەرایەتیی مەسەدە لەواشنتۆن ڕونیکردەوە، گەورەترین ئەگەر ئەوەیە واشنتۆن پشتگیریی لەتێکەڵبونی هەسەدەو دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا بکات‌و بەمشێوەیە درێژەی پێدا، "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، شێوازی ئەم تێکەڵبونەو گەرەنتییەکانیەتی؛ واتە تێکەڵبون تەنها پرۆسەیەکی سەربازیی یان کارگێڕیی نەبێت، بەڵکو دەبێت خەباتێکی سیاسیی بێت کە مافە نەتەوەیی‌و کولتورییەکانی کوردی تێدا بپارێزرێت، هەروەها کورد بەشێوەیەکی کرداری بەشداریی لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکات، لەهەمانکاتدا، دەبێت تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان بپارێزرێت، چونکە ئارامیی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئارامییە بۆ تەواوی سوریا".

کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەسەر دۆزی کورد
سەبارەت بەکاریگەریی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر دۆزی کورد بەگشتیی لەناوچەکەدا، سینەم محەمەد ڕایگەیاند، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر دۆزی کورد بەگشتیی لەناوچەکەدا دەکەن، بەڵام ئاستی کاریگەرییەکە لەهەر دەوڵەتێکدا کە کوردی تێدا دەژی جیاوازە.

پەیام بۆ هێزە سیاسییەکانی کورد
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش لەمکاتەدا چی لەکورد دەخوازرێت، سینەم محەمەد وتى، "پێویستە هێزە سیاسییەکانی کورد په‌یوەندیی خۆیان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا دوبارە هەڵبسەنگێننەوە، بەتایبەت په‌یوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دولایەنەبێت، نەک بەتەواوی پشت بەئیدارەی ئەمریکا یان پارتێکی سیاسیی ئەمریکی ببەستن، لەهەموی گرنگتر، دەبێت کورد خاوەنی دیدگایەکی سیاسیی یەکگرتوبێت‌و په‌یوەندییەکانی لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکادا هاوسەنگ بن".

یەکڕیزیی کورد‌و دیدگایەکی سیاسیی هاوبەش
لەکۆتاییدا، سینەم محەمەد سەرۆکی نوێنەرایەتیی مەسەدە لەواشنتۆن ئاشکرایکرد، نابێت کورد تەنها پشت بەگۆڕانکارییەکانی واشنتۆن ببەستێت، بەڵکو دەبێت لەئاستی یەکەمدا یەکڕیزیی ماڵی کوردی ڕێکبخات‌و تێڕوانینێکی سیاسیی هاوبەش بونیادبنێت، تاوه‌كو مافەکانی کوردو هاوکاریی لەداهاتوی سوریادا گەرەنتی بکرێت.