ئایا پارێزگای سلێمانی دەتوانێت ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆو جیاواز لە هەرێمی کوردستان؟

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 220 جار خوێندراوه‌ته‌وه


نووسین و ئامادەکردنی: مافناس و توێژەر ئارام حاجی
دوابەدوای پرسی "کاراکردنەوەی" پەرلەمانی کوردستان لە ٤/١١/٢٠٢٦ و ئەو ناڕەزایەتییەی لە غیابی ڕێککەوتن و گونجانی سیاسیی و فشارو بانگەشەی کڕینی دڵسۆزیی چەند پەرلەمانتارێک، لێیکەوتەوە، دووبارە پرسی دوو ئیدارەیی و جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێم هاتەوە بەر باس.  لەمبارەوە پرسیارێکی دەستوریی گرنگ دێتە ئاراوە: 
((ئایا پارێزگای سلێمانی دەتوانێت لە ڕووی ئیداری و دەستورییەوە لە هەرێمی کوردستان جیابێتەوە و هەرێمێکی فیدراڵیی تایبەت بە خۆی پێکبهێنێت؟ جا سەربەخۆ یان بە هاوبەش لەگەڵ پارێزگایەکی دیکەی هاوسنووریدا؟!)) 
بۆ ئەمە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوری هەمیشەیی فیدراڵی ٢٠٠٥ی ئێراق:
١.مادەی(93) دەڵێت: (دادگای فیدرالیی باڵا تایبەتە بەم بوارانەوە:...پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی هەریمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات)....
مادەی(94) دەڵێت: (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن).
ماددەی (١١٧) دانیناوە بەوەی، کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە (  یەكەم: ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەكردنیەوە دان بە هەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەك هەرێمێكی فیدرالی. دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت، كە بە گوێرەی بڕگەكانی دەستوور دادەمەزرێنرێن.). 
ماددەی ١١٨ دەڵێت:  (دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەماوەیەكی دیاریكراودا بەمەرجێك شەش مانگ زیاتر تێنەپەڕیبێت بەسەر یەكەم دانیشتنیدا، بە زۆرینەی سادە یاسایەك دەربكات بۆ دیاریكردنی ئەو ڕێوشوێنە جێبەجێكاریانەی تایبەتن بە پێكهێنانی هەرێمەكانەوە).


٢.لە کاتێکدا ماددەی (١١٩) مافی بە پارێزگایەک یان زیاتر داوە بۆ پێكهێنانی هەرێمێک، بەپێی داواکاریی سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا (١/٣) یان دەیەکی دەنگدەرانی پارێزگاکە(١/١٠)، بەپێڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ئەنجامدانی ڕاپرسی ( مادەی(119): پارێزگایەك یان زیاتر مافی پێكهێنانی هەرێمێكیان هەیە بەپشتبەستن بە داواكاریەك بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری. داواكاریەكە بەیەكێك لەم دوو ڕێگایەی خوارەوە پێشكەش دەكرێت: ێ‌/لەسەر داواكاری سێیەكی(3/1 )  ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن. ب/لەسەر داواكاری دەیەكی (10/1) دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.).
بەڵام کێشە یاساییەکە لەوەدایە، کە دەستوور بە ڕاشکاوی ئاماژەی بە مافی پارێزگایەک نەکردووە، کە لە بنەڕەتدا بەشێک بێت لە هەرێمێکی فیدراڵی، بۆ ئەوەی لێی بکشێتەوە و هەرێمێکی سەربەخۆ پێکبهێنێت. 
لەم بارەیەوە دوو ئاڕاستە بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردن هەن:
 * یەکەم: پێیوایە مافی پێکهێنانی هەرێم دەکرێت سلێمانیش بگرێتەوە.
 * دووەم: پێیوایە ماددەی (١١٩) باسی کشاندنەوە لە هەرێمێکی ئامادەبوو ناکات، بەڵکو ڕێکخستنە بۆ پێکهێنانی هەرێمی نوێ لەو پارێزگایانەی، کە بەشێک نین لە هیچ هەرێمێک.
لەمەش گرنگتر، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان پێکهێنانی هەرێمێکی فیدراڵی لە ناو ئێراقدا، لەگەڵ جیابوونەوە لە کۆماری ئێراق. 
یەکەمیان دەکرێت لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا وتووێژی لەسەر بکرێت، بەڵام بۆ دووەمیان دەستوور هیچ مافێک بە پارێزگاکان نادات بۆئەوە.
سەرەنجام:  
سلێمانی ناتوانێت تەنها بە ڕاگەیەندراوێکی سیاسی یان بڕیارێکی خۆجێیی ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵکو پێویستی بە ڕێڕەوێکی دەستووری و یاسایی هەیە تاوەکو سەرەتا دەسەڵاتی یاسایی جیابوونەوەی پارێزگاکە لە هەرێمەکە و میکانیزمەکانی یەکلاییبکاتەوە . لەم حاڵەتەدا دیسانەوە گەڕانەوە بۆ ماددەکانی (٩٣و٩٤ دێتەوە پێش: 
مادەی(93) دەڵێت: (دادگای فیدرالیی باڵا تایبەتە بەم بوارانەوە:...پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی هەریمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات)....
مادەی(94) دەڵێت: (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن). 
کەواتە دووبەرەکی وەک ناکۆکی سەرەتای ڕەخساندنی زەمینەی دەستوریی و یاساییە لەنێوان هەرێم و پارێزگای سلێمانیدا و دەسەڵاتی چارەسەرو یەکلاییکردنەوەشی لە ڕووی دەستورییەوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵات و بڕیاری دادگای فیدراڵی باڵایەو یەکلاکەرەوەو پابەندە.
هەروەها جیابونەوەی سلێمانی "سلێمانی و هەڵەبجە" لە هەرێم، ناکۆک نایەتەوە لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراقدا، چونکە یەکپارچەیی ئێراق بە مانای ڕێگریکردن لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هەرێمەکانی نایەت، هەروەها سیستەمی فیدراڵیش بە مانای ئەوە نایەت، کە سنوری هەرێمەکان شیاوی گفتوگۆ نین. 
چارەسەریش لە ڕاگەیاندنی جیابوونەوە یان چوونە ناو ململانێی سیاسی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکو لە گرتنەبەری ڕێگەیەکی دەستوری و یاساییدایە، کە زامنی ئیرادەی دانیشتووانی سلێمانی بکات و یەکپارچەیی ئێراقیش بپارێزێت. 
لەبەر ئەوە چاوەڕوانکراوە چارەسەرەکە بە سێ قۆناغ بێت:
١.یەکلاییکردنەوەی ڕاڤەی دەستووری: 
لە ڕێگەی پەنابردن بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی، کە ئایا ماددەی (١١٩)ی دەستوور ڕێگە بە پارێزگای سلێمانی دەدات هەرێمێکی سەربەخۆ پێکبهێنێت بەپێی ئەوەی، کە بەشێکە لە هەرێمی کوردستان؟. 
٢.ڕێکخستنی ڕاپرسی: 
ئەگەر ڕێگەپێدانی دەستوری یەکلاییبووەوە، ڕێکارەکانی پێکهێنانی هەرێم و ڕاپرسیی جەماوەری دەگیرێنەبەر، بە زامنکردنی ئازادیی ئیرادەی دانیشتووانەکەی.
٣.یەکلاکردنەوەی دۆسیە هاوبەشەکان: 
ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، سەرچاوەی دارایی، فەرمانبەران و پابەندبوونی ئیداری لە نێوان هەردوو هەرێمەکەدا، بە جۆرێک، کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی کێشەی نوێ بکات. 
هەروەها گەر کێشەی نێوانیان لەسەر ئەو پرسانەش بێت، جارێکی دیکە بنەمایەکی دەستوری هەیە، کە بکرێت لەوبارەوە پەنای پێبگیرێت هەروەک ئەوەی لە ماددەی ١٠٦دا هاتووە: (بەیاسا دەستەیەكی گشتی بۆ چاودێریكردن و تەرخانكردنی داهاتی فیدرالی دادەمەزرێنرێت. 
دەستەكە لە پسپۆڕانی حكومەتی فیدرالی و هەرێمەكان و نوێنەرانیان پێكدێت و ئەم لێپرسراویتیانەی هەیە: یەكەم: دڵنیابوون لە دابەشكردنی دادگەرانەی باربوو و یارمەتی و قەرزە نێودەوڵەتیەكان بەگوێرەی پشكی هەریەكە لە هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە. 
دووەم: دڵنیابوون لە بەكاربردن و دابەشكردنی داهاتی دارایی فیدرالی بەباشترین شێوە. 
سێیەم: دڵنیابوون لە هەبوونی شەفافیەت و دادپەروەری لەتەرخانكردنی پارەوپول بۆ حكومەتە هەرێمیەكان و ئەو پارێزگایان، كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە بەپێی ئەو ڕێژانەی بڕیاری لەسەر دراوە.). 
 لەدەرەوەی هەموو ئەمانەش چارەسەرێکی قۆناغی هەیە، گەر دۆخی سیاسیی و حوکمڕانی هەرێم خوازیارە قەوارەکە بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە، ئەویش بریتییە لە: 
پێدانی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی فراوانتر بە سلێمانی و زامنکردنی سەربەخۆیی دامەزراوەکانی و مافی هاووڵاتییانی، تا ئەو کاتەی پرسە دەستورییەکە یەکلادەبێتەوە.
تێبینی: هەمان ڕێکارەکان لەسەر داوای سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا یان دەیەکی دەنگدەرانی پارێزگاکە، مافی کشاندنەوە و دەرچوون لە هەرێمەکە و پێکهێنانی هەرێمێکی سەربەخۆ، یان دروستکردنی هەرێمێکی تر لەگەڵ پارێزگاکانی تری وەک هەڵەبجە، دیالە، کەرکووک، یان سەڵاحەدین و کەرکووک پێکەوە دەگرێتەوە، وەک وەرگرتن بە چەمکی پێجەوانەی دەقە دەستورییەکە -مفهوم المخالفە-. 
ئەمەجگەلەوەی کە دەقەکانی دەستوور بە ڕەهایی (موتڵەق) هاتوون و سنووردار نەکراون، واتە تایبەت نین تەنها بە پارێزگایەک، کە بەشێکبێت لە هەرێمێک یان بەشێک نەبێت لە هەرێمێک، وە دەقی ڕەها بەپێی ڕەهاییەکەی پەیڕەو دەکرێت (المطلق يجري على اطلاقه). . 
سەرەنجام:  بەم پێیە، دەگەینە ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی مافی خۆیەتی بەپێی دادکارییەکانی – ئەحکامەکانی – دەستوری هەمیشەیی ٢٠٠٥ هەرێمی تایبەت بە خۆی پێکبهێنێت یان لەگەڵ پارێزگای هاوسنوری دیکەی خۆی پێشنیاری پێکهێنانی هەرێمی دیکە بکات.
***