شارپرێس هه‌موشت ئاشكراده‌كات؛ مەسرور بارزانی پێشنیازەکانی زەیدیی ڕەتدەکاتەوەو گفتوگۆکان دەگەڕێنەوە خاڵی سفر

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

شارپرێس لەڕێگەی سەرچاوە زۆر تایبەتەکانییەوە لەهەولێرو بەغدا، وردەکاریی گفتوگۆ نهێنییەکانی ناو کۆبونەوەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرادەکات، به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، گفتوگۆکانی نێوان هەردولا لەسەر مەلەفی نەوت، موچەو بودجەی 2027 نەک هەر نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵکو دۆخەکە گەڕاوەتەوە خاڵی سفر.


پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دوشەممە 9ى ئه‌م مانگه‌ مه‌سرور بارزانى به‌یاوه‌ریى وه‌فدێكى تیمى پارتى له‌حكومه‌تى هه‌رێم گه‌یشته‌ به‌غداو ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و کۆشکی حکومی لەناوچەی سەوزی بەغدا كه‌وتنه‌ڕى، له‌وێ له‌لایه‌ن عەلی زەیدیی پێشوازییان لێكرا، ئەم سەردانە تەنها دوو ڕۆژ دوای هێرشە درۆنییەکەی شەوی 8ی تشرینی دوەم بۆسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرو هاوکات لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 ئەنجامدرا.

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس، لەکۆبونەوەکەدا عەلی زەیدیی دوو بژاردەی یەکلاکەرەوەی خستوەتە بەردەم مەسرور بارزانی، بەڵام سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەردوکیانی ڕەتکردوەتەوە.

شارپرێس زانیویه‌تى، بژاردەی یەکەم كه‌ زه‌یدیى خستویه‌تیه‌ڕوو (ڕادەستکردنی تەواوەتیی مەلەفی نەوت) بوه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ زەیدیی بەمەسرور بارزانی وتوە، "مەلەفی نەوتمان ڕاده‌ستبكه‌ن، هەم موچەتان مسۆگەرو هەمیش پشکی هەرێمیش لەبودجه‌ى به‌كارخستن به‌ڕێژه‌ى 12.67٪ دابینده‌كه‌ین"، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی بەڕاشکاوی وتویەتی، "ئێمە شتی وا ناکەین".

سه‌باره‌ت به‌بژاردەی دوەمیش زه‌یدیى به‌بارزانى ڕاگه‌یاندوه‌، "کەواتە بڕۆن نەوتی خۆتان بفرۆشن‌و موچەی خۆتان دابین بكه‌ن"، بۆ ئەمەش مەسرور بارزانی دوابه‌دواى قسه‌كانى زه‌یدیى هاتوه‌ته‌ده‌نگ‌و وتویەتی، "ناتوانین".

سەرچاوەکانی شارپرێس ئاشکرایانکرد، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی هەردوو پێشنیازەکەی ڕەتکردوەتەوە، زەیدیی نەخشەڕێگەی سێیەمی بەمەرجەوە خستوەتەڕوو پێیڕاگه‌یاندوه‌، "کەواتە بە هەمان میکانیزمی ڕابردوو کاردەکەین؛ ئێوە نەوت دەربهێنن‌و تەسلیمی کۆمپانیای سۆمۆی بکەن، ئێمەش لەبەرامبەردا تەنها موچەتان بۆ دەنێرین". بەڵام زەیدیی مەرجێکی قورسی خستوەتەسەر زامنکردنی موچەو جەختیکردوەتەوە، دەبێت هەرێم ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات‌و بەم ئاستەی ئێستا نەمێنێتەوە.

شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌بێ ئاماده‌بونى تیمى یه‌كێتیى، مه‌سرور بارزانى ئاماژه‌ى به‌هه‌ردوو پێشنیازه‌كه‌ى زه‌یدیى كردوه‌ بۆ هه‌رێم‌و به‌ئاماده‌بونى كۆبونه‌وه‌كه‌شى وتوه‌، كه‌ هه‌ردوو پێشنیازه‌كه‌ى ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌.

ڕۆژێک دوای ئەم دیدارە، هەردوو وه‌فدى تەکنیکیی هەولێرو بەغدا کۆبونەوە بۆ داڕشتنی بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق، بەڵام کۆبونەوەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتاییهات، لەوبارەیەشەوە شیروان دوبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق بەڕاشکاوی ئاشکرایکردوه‌، "دوای کۆبونەوەی وه‌فده‌كانى هەولێرو بەغدا، گفتوگۆکان گەڕاونەتەوە خاڵی سفر".

ئەم زانیارییە تایبەتانە ئەوە دەردەخەن کە سەرەڕای لێدوانە دیپلۆماسییە گەشبینەکانی پێشوو، قەیرانی نەوت‌و بودجەی نێوان هەولێرو بەغدا لەقۆناغێکی زۆر هەستیارو چەقبەستودایە؛ چونکە هەرێم نە ئامادەیە مەلەفی نەوت بەتەواوی ڕادەستبکات‌و نە توانای دابینکردنی موچەشی بەبێ بەغدا هەیە، لەکاتێکدا حکومەتی فیدراڵیش ناردنی موچەی بەزیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە گرێداوە.