قه‌یس خه‌زعه‌لى كۆبونه‌وه‌یه‌كى گرنگ دواده‌خات‌و مەسیحیه‌كانیش داواى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك ده‌كه‌ن

عیراق

27 خولەک پێش ئێستا‌ 2160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى مه‌سیحى له‌په‌رله‌مانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێکهاتەی مەسیحی له‌كه‌ركوك زۆر په‌راوێزخراون"، داواده‌كات پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بدرێتە پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشوریی‌و چیتر په‌راوێزنه‌خرێن له‌وشاره‌دا.


عیماد یۆخەنا ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق لەفراکسیۆنی (سۆیانا) داوایکرد، پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بدرێتە پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشوری‌و جەختی لەڕەتکردنەوەی بەردەوامیی پەراوێزخستنی پێکهاتەی مەسیحی‌و دورخستنەوەیان لەبەڕێوەبردنی پارێزگاکەو پێگە سەرکردایەتییەکان کردەوە.

یۆخەنا ڕاشیگەیاند، "ڕێککەوتنە سیاسییەکان هەرچییەک بن، ناکرێت لەسەروی دەستورو یاساوەبن،  مافی هیچکام لەپێکهاتەکانی کەرکوک لەنوێنەرایەتیکردن‌و بەشداریکردندا کەمبکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش جەختی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی پێکهاتەکان کردوەتەوە.

پەرلەمانتارە مەسیحییەکە وتیشى، "پێکهاتەی تورکمان پێش ساڵێک پۆستی پارێزگاری کەرکوکیان وەرگرت، ئه‌وه‌ش مافێکی مێژویی بوو، بەڵام پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشوریی، هێشتا لەپێگە باڵاکانی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە دورن".

یۆخەنا ڕونیکردەوە، پێکهاتەی مەسیحی لەساڵی 2003وە پۆستی جێگری پارێزگارو چەندین پێگەی کارگێڕیی دیکەیان بەدەستەوە بوە، بەڵام ئەو پۆستانە نه‌ماون، بەرپرسیارێتیی بەردەوامیی ئەم پەراوێزخستنەش ده‌خه‌ینه‌ ئەستۆی نوێنەری پێکهاتەکەو فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکە.

ئه‌وه‌شى وت، "سەرجەم بژاردە یاسایی، سیاسیی‌و گفتوگۆکان بەکراوەیی دەمێننەوە بۆ گەڕاندنەوەی مافی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکەمان، داوا لەهێزە سیاسییەکان ده‌كه‌ین پێداچونەوە بەدابەشکردنی پۆستەکاندا بکەن‌و پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بدەنە پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشوریی، وەک مافێکی سیاسیی‌و یاسایی‌و هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی، هاوسەنگی‌و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەدا".

ئەم داواکارییە دوای ئەوەدێت، ڕەعد ساڵح جبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکوتلەی عەرەبی شه‌وى ڕابردوو ئاشکرایکرد، دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ لەجێگەی محەمەد سەمعان ئاغا، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە بەبێئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ کۆبونەوەکە دیاریبکرێت.

ڕیشەی ناکۆکییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە 10ی ئابی 2024 لەهۆتێل ڕەشید لەبەغدا واژۆکراو بوە هۆی هەڵبژاردنی ڕێبوار تەها لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پارێزگار، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکمان‌و ژمارەیەک ئەندامی عەرەب بایکۆتیان کرد، بەو مەرجەی دواتر پۆستەکە لەنێوان پێکهاتەکاندا دەستاودەستی پێبکرێت.

شارپرێس زانیاریى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتوه‌، قەیس خەزعه‌لی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، هاتوەتە ناو گفتوگۆکانی تایبەت بەیەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک‌و داوایكردوه‌، پۆستەکە بەکەسایەتییەکی شیعەى توركمان بدرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی پێشوو لەگەڵ پارێزگار محەمەد سەمعان ئاغا كه‌ ئێستا ئه‌و وه‌كو سوننه‌ى توركمان پۆستى وه‌زیرى له‌به‌غدا وه‌رگرتوه‌.

شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ئه‌وه‌ زانیوه‌، دواخستنى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارێكى نوێ، په‌یوه‌ندیى به‌ده‌ستوه‌ردانه‌كه‌ى قه‌یس خه‌زعه‌لى-یه‌وه‌ هه‌بوه‌.

بەپەلە