نه‌وته‌كه‌ى به‌غدا گه‌یشته‌ هه‌رێمى كوردستان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت‌و ئاگادار له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ ئاشكرایكرد، ئه‌و نه‌وت‌و غازه‌ى به‌غدا به‌ڵێنى به‌هه‌رێم دابوو ڕه‌وانه‌ى بكات، به‌یانى ئه‌مڕۆ چوه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


ڕۆژى دوشەممەى ڕابردوو 9ی ئه‌م مانگه‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕیی‌و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی بڕی پێویستی غازی شل بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تائەوکاتەی بەرهەمهێنان لەکێڵگەی غازی کۆرمۆڕ دەستپێدەکاتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌شارپرێس-ى وت، "حكومه‌تى عێراق، به‌یانى ئه‌مڕۆ 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی‌و 760 تۆن غازی شلی ڕەوانەی هەرێمى كوردستان کردوه‌".

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوتی سلێمانی ڕایگه‌یاندبوو، ئەو بڕە نەوتە سپییەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت زۆر کەمەو بەهیچ شێوەیەک بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لەوەرزی زستاندا ناکات‌و داوایكردبوو، پێداچونەوەی جددی بەپشکی دابینکراودا بکرێت بەڕەچاوکردنی بارودۆخی کەشووهەواو ژمارەی دانیشتوان.

ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هه‌رێمى كوردستان پشكى له‌18%ى دانیشتوانى هه‌رێمه‌، چونکە پێویستیی فەرمیی پشکی هەرێم دەگاتە نزیکەی 270 ملیۆن لیترو تەنها پارێزگای سلێمانیش، پێویستی بە110 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى شارپرێس، ئه‌و 50 ملیۆن لیتر نەوته‌ سپیه‌ى به‌غدا بۆ هه‌رێمى ڕه‌وانه‌كردوه‌، هه‌ر خێزانێك 100 لیترى پێده‌درێت بەنرخی 31 بۆ 32 هەزار دینارو به‌شى ته‌نها نزیکەی 500 هەزار خێزان ده‌كات کە تێیدا 22 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، زیاتر لە 18 ملیۆن لیتر بۆ هەولێرو سۆران‌و 10 ملیۆن لیتریش بۆ دهۆک‌و زاخۆ تەرخانده‌كرێت‌و له‌ناوچه‌ شاخاویه‌كانیشه‌وه‌ دابه‌شكردن ده‌ستپێده‌كات.

بەپەلە