شارپرێس:
وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی ژنان یەپەژە لەبارەی ڕێككەوتنیان بۆ دامەزراندنی دوو یەكینەی تایبەتی ژنان لە حەلەب و حەسەكە لەگەڵ دیمەشق ڕایگەیاند، هێشتا ڕێككەونتەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و دیمەشق پابەند نییە.
ڕوكسەن محەمەد وتەبێژی یەپەژە ڕایگەیاند، دەبێت لە نێوان فەرماندەیییەكاندا دیالۆگی ڕاستەوخۆ هەبێت. ڕێككەوتن كرا كە یەپەژە بە شێوەی دوو یەكینەی تایبەت لە ناو پێكهاتەی سیستەمەكەدا قبووڵ بكرێت و لە هەردوو یەكینەكەشدا ٤٠٠ شەڕڤانی ژن هەبن.
دەشڵێت، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئێمە زانیارییەكانی هەزار و ٤٨٤ هاوڕێی خۆمانمان ڕادەست كرد. بەڵام ڕێككەوتنەكە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
وتەبێژی یەپەژە ڕونیكردەوە، ئەو هەنگاوانە لە ڕێگەی نێوەندگیرەكانەوە دەنرێن، لە نێوان فەرماندەیییەكانماندا دیالۆگێكی ڕاستەوخۆ نەكراوە. ئەگەر دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەیییەكانماندا بكرێت، ئەم هەنگاوانە زووتر و بەئەنجامتر دەبن. نەكردنی دیالۆگی ڕاستەوخۆ كەموكووڕییەكی گەورەیە و ئەمەش لە هەمان كاتدا نیشانەی ئەم ئەقڵەیە. دانانی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكاندا درووستترین نزیكایەتییە."
