شارپرێس:
چین وردەکاریی پلانی خۆی بۆ ناردنی کەشتیوانی ئاسمانیی بۆ سەر مانگی ئاشکرا کرد، بە ئامانجی ئەنجامدانی یەکەمین نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ تا ساڵی 2030.
وانگ شیانگ، دیزاینەری سەرەکیی پڕۆژەی مانگی چین، لە سیمینارێکدا لە پەککین وردەکارییەکانی پلانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئەم پلانە، 2 مووشەکی "چانگژنگ-10" بەکاردەهێنرێن؛ یەکەمیان کەپسولی "مێنگجو" لەگەڵ 3 کەشتیوانی ئاسمانیی هەڵدەگرێت و دووەمیان یەکەی نیشتنەوەی "لانیوێی" دەگوازێتەوە.
دوای گەیشتن بە مەداری مانگ، هەردوو کەشتییەکە پێکەوە دەبەستنەوە و 2 گەشتیاری بۆشایی بە ئۆتۆمبێلی مانگی "تانسوو" دادەبەزنە سەر ڕووی مانگ، لە کاتێکدا گەشتیاری سێیەم لە مەداری مانگ دەمێنێتەوە.
چین پێش ناردنی مرۆڤ، 3 تاقیکردنەوەی بێگەشتیار ئەنجام دەدات. یەکەم تاقیکردنەوە لە سەرەتای ساڵی 2027 بۆ خستنە مەداری نزمی زەوی پلانی بۆ دانراوە. لە ساڵی 2028یش، یەکەی نیشتنەوەی بێ سەرنشین دەگاتە مانگ و تاقیکردنەوەی نیشتنەوە و هەڵکشانی دووبارە ئەنجام دەدات.
لە ساڵی 2029یشدا، ڕاهێنانێکی تەواو بۆ نیشتنەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان کە ڕکابەریی بۆشایی ئاسمانیی لەنێوان چین و ئەمریکادا بەردەوامە؛ ئەمریکاش ئامانجی داناوە لە چوارچێوەی بەرنامەی "ئارتیمیس 3"، لە ساڵی 2028 کەشتیوانی ئاسمانیی بخاتە سەر رووی مانگ.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی