گروپی حەوت هۆشداریی توند دەداتە ئێران؛ فەرەنساو بەریتانیا بەکەشتیی جەنگی‌و فڕۆکەی چاودێریی ڕوو له‌گەروی هورمز ده‌كه‌ن

جیهان

9 خولەک پێش ئێستا‌ 2168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گروپی حەوت (G7) لەکۆبونەوەکەیاندا لەپاریس هۆشداریی توندیان دایه‌ ئێران بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی سەر گەروی هورمز، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکاو ئەو دەستپێشخەرییە بەرگرییە هاوبەشە دوپاتكرده‌وه‌ کە تێیدا فەرەنساو بەریتانیا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپیدا، کەشتیی جەنگی‌و فڕۆکەی چاودێرییان بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروەکەدا جێگیرکردوە.


لەبەیاننامەی کۆتایی کۆبونەوەکەی پاریسدا، وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی‌و ژێرخانە مەدەنییەکان کردەوەو داوایان لەکۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، پابەندی یاساو ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بێت‌و دەستبەجێ هێرشە بەردەوامەکانی بۆسەر کەشتییە مەدەنی‌و بازرگانییەکان لەگەروی هورمز ڕابگرێت.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وڵاتانی (G7) پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەگەروی هورمز دوپاتکردەوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، "دەستپێشخەرییە بەرگرییە هاوبەشەکەی، بەسەرۆکایەتیی فەرەنساو بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا ببینێت لەدەستپێکردنەوەو ئاساییکردنەوەی جوڵەی هاتوچۆی دەریایی لەو گەروە ستراتیژییەدا".

گرووپی حەوت (G7) لەحەوت گەورەترین وڵاتی پیشەسازیی جیهان پێکدێت کە بریتین لە(ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیاو ژاپۆن)، هاوکات یەکێتیی ئەوروپاش وەک هاوبەشێکی هەمیشەیی لەسەرجەم کۆبونەوەو بڕیارەکانیدا بەشداردەبێت.

هه‌روه‌ك جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه‌، فەرەنساو بەریتانیا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپیدا، کەشتیی جەنگی‌و فڕۆکەی چاودێرییان لەو ناوچە ئاوییەدا جێگیرکردوە تاوەکو ڕێگریی لەهێرشە موشەکی‌و درۆنییەکان بگرن کە دەکرێنەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرو بازرگانییەکان.

هێزە دەریاییەکانی ئەو دوو وڵاتە، پارێزگاریی ڕاستەوخۆو یاوەریی سەربازیی بۆ ئەو کەشتییە مەدەنییانە دابیندەکەن کە بەگەروی هورمزدا تێپەڕدەبن، تاوەکو بەسەلامەتی بگەنە بەندەرەکان.

بەهۆی گرژییەکان‌و هێرشەکانی سەر گەروی هورمزەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان سست ببوو؛ بۆیە گروپی حەوت (G7) پێیانوایە، ئەم هێزە ئەوروپیە دەتوانێت ئارامی بۆ گەروەکە بگەڕێنێتەوەو ڕێگەنەدات بازرگانیی نەوت‌و کاڵای جیهانی پەکی بکەوێت.

ئەم دەستپێشخەرییەی فەرەنساو بەریتانیا بەشێوەیەکی سەربەخۆ یان هاوتەریب لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کاردەکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەروەکە.