ئایزەنکۆت لەبارەی ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران هۆشداریی دەداتە ناتانیاهۆ

جیهان

47 خولەک پێش ئێستا‌ 1117 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

غادی ئایزەنکۆت ڕاسپێردراوی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل، هۆشداریداوە بەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبەکارهێنانی سوپا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ، بەتایبەتیی هێرشێکی گریمانکراو بۆسەر ئێران، لەماوەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا.


ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، بلۆکی ناتانیاهۆ شکستیهێناوە لەبەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی، لەکاتێکدا ئایزەنکۆت پشتگیریی 67 نوێنەری کنێست وەردەگرێت بۆ پێکهێنانی کابینە، بەرامبەر 46 نوێنەر بۆ ناتانیاهۆ، بەڵام تا پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ناتانیاهۆ لەپۆستی خۆیدا دەمێنێتەوە.

ئایزەنکۆت لەپەیامێکدا بۆ ناتانیاهۆ، هۆشداریداوە لەوەی، بەکارهێنانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کە پێویستییەکی ئەمنیی دەستبەجێی نەبێت، لەم قۆناغەدا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دیموکراسیی ئیسرائیل‌و متمانەی هاوڵاتییان بەدامەزراوەکان هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەناکۆکیی نێوان نەتانیاهۆو ئێیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل کردوە، لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران.

به‌گوێره‌ى کەناڵی 12ی ئیسرائیل، زامیر نیگەرانیی خۆی لەو جوڵە سەربازییە دەربڕیوەو داوای دیکۆمێنتی مۆڵەتی یاسایی بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی لەمجۆرە کردوە، بەڵام ناتانیاهۆ هەبونی ناکۆکیی لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش ڕەتکردوه‌تەوە.

لەڕوی یاساییەوە، ناتانیاهۆ ناتوانێت بەتەنها بڕیاری دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە بدات؛ چونکە به‌گوێره‌ى مادەی 40ی یاسای بنەڕەتیی حکومەت، بڕیاری جەنگ یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە کە ئەگەری گەیشتن بەجەنگی هەبێت، دەبێت لەلایەن حکومەت یان لیژنەیەکی وەزاریی دەسەڵاتپێدراوەوە بدرێت.