شارپرێس:
مشتومڕو ناکۆکییەکان لەسوریا سەبارەت بەچۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی
تێکەڵکردن(ئەنتیگراسیۆن)ی دامەزراوە مەدەنیو سەربازییەکانی ئیدارهى خۆبەڕێوەبەری
لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕوی لەزیادبون کردوە، گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەش سەرقاڵی
لێدوانەکانی مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکی سوریایە کە تێیدا لایەنە نادیارەکانی بەوە
تۆمەتبارکرد نایانەوێت پڕۆسەی تێکەڵکردن سەرکەوتوبێت.
میدیا ناوخۆییەکانی سەر بەپێکهاتەی عەرەب، قسەکانی مەزڵوم عەبدیان لەچوارچێوەی
هەڵمەتێکدا بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە پۆلێنکردوە کە لەلایەن سەرکردەکانی پێشوی هەسەدەی
هەڵوەشاوەوە بەڕێوەدەبرێت، پلاتفۆرمەکانی وەک «ناوەندی میدیایی حەسەکە» ئەو لێدوانانەیان
بەئیستفزازی وەسفکردوەو پێیانوایە، ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانە.
موزەڕ حەماد ئەسعەد توێژەری سیاسییو شێخی هۆزە عەرەبەکان لەحەسەکە بەڕۆژنامەی
شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندوه، هەندێک سەرکردەی پێشوی هەسەدە لێدوانی دور لەواقیع دەدەن
بۆ ڕازیکردنی لایەنە ڕەتکەرەوەکانی ئەنتیگراسیۆن، بەتایبەتی گەنجانی شۆڕشگێڕی
کورد.
ئەو شێخە عەرەبە جەختیکردەوە، پێکهاتەی عەرەب پشتگیریی تێکەڵبونو کۆتاییهێنان
بەدابەشبون دەکات لەحەسەکەو عەفرین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هێزێکی سەربازیی لەسەر
بنەمای نەتەوەیی یان مەزهەبی ڕەتکراوەیە، چونکە ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای چونەناوەوەی
خۆبەخشانی تاکەکەسی لەهەموو پێکهاتەکانەوە داڕێژراوە.
لەبەرامبەردا، محەمەد ئەیبەش بەرپرس لەپارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)
ڕایگەیاند، "بونی ڕێگرییو ئاستەنگ لەبەردەم ههنگاوهكانى ئهنتیگراسیۆندا
کارێکی سروشتییە، لایەنگەلێکی ناوخۆییو هەرێمی هەن بەرژەوەندییان لەتەواوبونی پڕۆسەکەدا
نییەو دەیانەوێت دۆخی سوریا بەناسەقامگیریی بهێڵنەوە، هاوکات ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە
هۆشداریداوە لەبەرزبونەوەی گوتاری ڕقوکینەو فیتنە کە هەڕەشە لەئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن.
مەزڵوم عەبدی شەوی دوشەممە لەڕێگەی کەناڵی نوچە TVوە ئاشکرایکرد، هێزێکی تایبەت بەعەفرین لەقۆناغی مەشقکردندایەو بەفەرمی
دەستبەکاردەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ڕەزامەندبوە لەسەر هێشتنەوەی یەکینەکانی
پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک دوو هێزی تایبەتی دژەتیرۆر لەناوچەکانی جزیرەو کۆبانێ.
وێڕای لێدوانەکانی عەبدی، تائێستا وەزارەتی ناوخۆی سوریاو تیمی سەرۆکایەتی
هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە، پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەبوە کە شەڕڤانانی
ژن بەشێوەی تاکەکەسی ببنە ئەندام، لەکاتێکدا ڕۆکسان محەمەد وتەبێژی یەپەژە پێشتر ڕایگەیاندبوو،
سەرەڕای ناردنی تۆماری ههزارو 484 شەڕڤانو ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی دوو کەتیبە،
هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەنراوە.
بهگوێرهى ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمی 2026، پێشتر 700 شەڕڤانی لیوای
عەفرین لەگەڵ ههزار شەڕڤانی حەسەکە لەناوچەی نەبک لەگوندەواری دیمەشق مەشقیان پێکراوە
بۆ چونە ناو وەزارەتی بەرگریی، هاوکات دیمەشق ڕونیکردوەتەوە، ئەو هێزە ئەمنییانەی
لەدەرەوە هاتبونە حەسەکە، لەسەر داوای پارێزگار بوەو دوای تەواوبونی ئەرکەکەیان گەڕاونەتەوە.
