ساڵی 2018 پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوێکی نوێی دەکرد و تیایدا کە بڕگەی 2 ماددەی 110ی پەیڕەوەکە، ڕێگریی لە پەرلەمانتار دەکرا لە فراکسیۆنەکەی جیاببێتەوە یان بچێتە پاڵ فراکسیۆنێکی دیکە، لەحاڵەتی ڕوودانیشیدا ئەو کەسە مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لەدەست دەدا.. بەڵام ساڵی 2019 پەیڕەوەکە بە لۆبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموارکرایەوە و ڕێگەی بە پەرلەمانتار دەدا لە فراکسیۆنەکەی جیاببێتەوە و ببێتە سەربەخۆ، یان بچێتە پاڵ فراکسیۆنێکی دیکە...
لە دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی چواری ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان، جیاواز لە کاردانەوەی یەکێتی لەسەر کۆبوونەوەکە کە لە حکومەتی هەرێم کشایەوە، ئێستا باس لەوە دەکرێت یەکێتی و نەوەی نوێ بەو سکاڵایەی لەدادگای فیدراڵیی عێراق تۆماریان کردووە، جیابوونەوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی و نەوەی نوێ و بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکە، وەک یەکێک لەهۆیەکانی نایاسایبوونی دانیشتنەکە ناوزەد بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ماددەی 19ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەک سەرچاوە بەکاردەهێنن، کەواتە ماددەی 19 دەڵێ چی؟
لە ماددەی 19ی یاسای هەڵبژاردنی عێراقدا ئەوە هاتووە، هیچ پەرلەمانتارێک ناتوانێت تا پێکهێنانی حکومەت لە فراکسیۆنەکەی جیاببێتەوە و بچێتە نێو حزبێک یان فراکسیۆنێکی دیکە... بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا پەرلەمانتاران لە عێراق پاساوێکی یاساییان دۆزیەوە و وتیان: دەبینە سەربەخۆ و ناچینە نێو هیچ فراکسیۆنێکەوە، بەڵام با بزانین کام لەم دوو یاسایە واتا پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان یاخود یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ پەرلەمانتارە جیابووەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بەرکارە؟
ئیسماعیل نامیق، پسپۆڕی یاسایی و دەستووریی بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، بەوپێیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ئەگەر لەحاڵەتێکدا سکاڵا لەسەر جیابوونەوەی پەرلەمانتارەکان تۆمارکرابێت، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دانیشتنەکەی پەرلەمان نابێت و ڕەتدەکرێتەوە..
بەبۆچونی ئیسماعیل نامیق، کێشەی گەورە ئەوەیە زۆرێک لەو کەسانەی سکاڵا لە دادگای فیدراڵیی تۆماردەکەن، شارەزا نین و بەشێکی زۆری سکاڵاکانیان ڕەتدەکرێتەوە، هاوکات باسی لەوەشکرد، ئەوەی زۆرجار لە هەرێمی کوردستانەوە دەبرێتە بەغدا، داواکردنی بڕیاردانە، لەکاتێکدا هەندێک بابەت ڕەهەندی تەفسیرکردنی هەیە نەک بڕیاردان.
شارەزایانی یاسایی بۆچونیان وایە ئەگەر سکاڵای تایبەت بە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیەکەی بە باشی ئامادە بکرایە، ئەوا لە دادگای فیدراڵیی سکاڵاکە ئەنجامی دەبوو، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی لە ئامادەکردنیدا لە کۆتایدا دادگاکە وتی ئەو سکاڵایە لە تایبەتمەندی ئەودا نیە، بۆیە بەدووری دەزانرێت لە ڕووی یاساییەوە دادگای فیدراڵیی بڕیار لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بدات.
لەلایەکی دیکەوە سانا کەمال، شارەزای یاسایی بۆ شارپرێس باسی لەوەکرد، یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەو یاسایە بوو کە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێ ئەنجامدرا، بۆیە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ قەدەغەکردنی جیابوونەوەی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەی.
لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتی و نەوەی نوێ سانا کەمال پێشبینی دوو سیناریۆی کرد:
یەکەم: وەرگرتنی سکاڵاکە و بردنەوەی، کە ئەگەرێکە ئەوەستێتەوە سەر ئاستی نە گەیشتن بە رێکەوتن لە نێوان لایانە سیاسێکان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت دوو لایانە دەسەڵاتدارەکە.
دووەم: دۆڕاندنی سکاڵاکە ئەویش بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان یاسای بەرکاری خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆی خۆی هەیە، جگە لەوەش دادگای فیدراڵی بەگوێرەی ماددەی ٩٣ی دەستوور وەها تەماشای بابەتەکە دەکات ئاخۆ لە تایبەتمەندی ئەودایە یاخود نا، هەروەها تا ئەو کاتەی یاسای بەرکار و تایبەت بە بابەتێک لە هەرێمی کوردستان هەبێت، لەپێشینە بۆ یاساکەی هەرێمی کوردستانە بە پی مادەی ١١٥ ی دەستور، ئەگەر بابەتەکە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ نەبێت بە پی مادەی ١١٠ی دەستور .
