شارپرێس:
دوای قسەکانی بافڵ لەبارەی دەوڵەمەندی قەزای چەمچەماڵ بە
سامانی سروشتی و کەمی خزمەتگوزاری لەشارەکە، عەبدوڵای کوێخا موبارەک وەڵامی سەرۆکی
یەکێتی دەداتەوەو دەڵێت،" بەخوای گەورە نە تۆ و نە کاک مەسرور بارزانی، نە پارتی
و نە یەکێتی، ڕاستگۆ نین لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵ و دڵتان بۆ ئەو شارە ناسوتێ ".
عەبدوڵا کوێخا موبارەک
لە پەیامێکدا بۆ بافڵ تاڵەبانی کە لەهەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە،
ئاماژەی بەوەکردوە،" برا خۆ بە قسە و بڕیار و نوسراوی سەر کاغەز
نابێت، فەرمون تۆزێ بە کردار خزمەتی خەڵکی بەش مەینەت و قوربانیدەری چەمچەماڵ بکەن ".
وتیشی،" ناڵێین لە شار و ناوچەکانی تر زیاتری بۆ بکەن،
بەڵکو وەکو شارەکانی تر پرۆژەی ئاوەکەی تەواو بکەن و نیوەی شوێنەکانی تر گەنجەکانی
دابمەزرێنن ".
عەبدوڵا کوێخا موبارەک
لەپەیامەکەیدا دەشڵێت،" بەڵێن بێت ئەگەر جەنابت بە هەر شێوە و ڕێگایەک
توانیت بودجەی تەواو بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ دابین بکەیت و تا هاوینی داهاتوو
پرۆژەکە تەواو بکەن من دێمە خزمەتت دەستەکانت ماچ دەکەم ".
ئەوەشیخستەڕوو،" تکایە ئیتر قسەی زلی بێ کردار و فریودەر
واز لێبهێنن و تۆزێ جددی و ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵکی خۆتان و پارێزەری ئەو قەوارە و حکومڕانیە
خۆماڵیە بن کە بە تڕە کەڵەکێ ماومانە ".
باسی لەوەشکرد،" وەڵا خەریکە هەموو شت لە دەست بدەین
بە هۆی پەیوەست نەبوونی ئێوە بە هیچ پێوەر و یاسا و دەستور و ماف و ئازادیەکی مرۆڤەوە
لە کاتی قۆڵ بادان و ململانێی یەکتردا ".
