دوای سێ هەفتە لەناڕەزایی.. ئەگەری سیناریۆی مەترسیدار هەیە

عیراق

04/08/2018‌ 1498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دوای سێ هەفتە لەناڕەزاییە جەماوەرییەكان، پێدەچێت متمانەی عێراقییەكان بەحكومەتەكەیان پاشەكشەی زۆری كردبێت‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێشی سەختتر بووبێت‌و سیناریۆی‌ مەترسیدار لەرێ‌ بێت.

دوای رۆژێك لەو رەخنە توندەی عەلی سیستانی پیاوی ئایینی شیعە ئاڕاستەی سیاسییە عێراقییەكانی كرد، شەممەی رابردوو خۆپیشاندەران بڕیاریان دا ناڕەزاییەكانیان بگۆڕن بۆ مانگرتن لەبەردەم كۆمپانیاكانی نەوت‌و بارەگای حكومەتە خۆجێییەكان لە پارێزگاكانی باشوور‌و داوای دابینكردنی خزمەتگوزاری ئاو‌و كارەبا‌و هەلی كار بكەن.

بۆ رۆژی دواتریش حزبە شیعەكان بەخێرایی دەستیان بە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ كردەوە دوای ئەوەی سیستانی داوای كرد پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كە كەسانی تەكنۆكرات لەخۆبگرێت‌و سەرۆك وەزیرانێكی "بەهێز‌و ئازا" رێبەرایەتی بكات، ئەویش وەك رەخنەیەكی ئاشكرا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستا كە لە خۆپیشاندانەكاندا جەماوەرێكی زۆری لەدەست داوە.

خۆپیشاندانی هاوینە لە عێراق شتێكی باوە بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ نزیكەی (50 پلەی سیلیزی)‌و كەمبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا، بەڵام ئەم جارە پێدەچێت خۆپیشاندانەكان جیاواز بن، چونكە تا ئێستا سەركردایەتییەكیان نییە‌و دەیان داواكارییان هەیە‌و توڕەیی بەرامبەر هەموو دەستەبژێری سیاسی كۆیان دەكاتەوە.

خۆپیشاندانی بێ سەركردایەتی
بۆیەكەمینجار خۆپیشاندانەكان لە بەسرەوە دەستیانپێكرد نەك بەغدا، وردە وردەش ناڕەزاییەكان لەو شارەی لەسەر دەریایەك نەوت نووستووە گواسترانەوە بۆ پارێزگاكانی میسان‌و زیقار‌و موسەننا‌و نەجەف‌و كەربەلا‌و دواجاریش بەغدا كە ناڕەزاییەكانی شەرمنانە بوون، كەواتە هۆكارەكە چییە؟

خۆپیشاندانەكانی ئەم جارە بێ سەركردایەتین، ئەمەش بابەتێكی مەترسیدارە، چونكە دەكرێت ئاژاوەگێڕان یاخود لایەنگرانی حزبەكان دزە بكەنە نێویانەوە، هەروەها زەحمەتە وەفدێك پێكبهێنرێت بتوانێت دانوستان لەگەڵ حكومەت بكات سەبارەت بە داواكارییەكانیان یاخود بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەو داواكاریانە.

ئەو وەفدانەی لە باشوورەوە دەهاتن‌و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بەدرێژایی هەفتەی رابردوو لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا سەرقاڵی پێشوازیلێكردنیان بوو، هەرزوو خۆپیشاندرانی دیكە رایانگەیاند كە ئەو وەفدانە نوێنەرایەتییان ناكەن، نەبوونی سەركردایەتییەكی یەكگرتووش رەنگە ببیتە هۆی پووكانەوەی ناڕەزاییەكان لەچەند هەفتەیەكی كەمدا.

هەتا ساڵی رابردووش جوڵانەوە مەدەنی‌و عەلمانییەكان سەركردایەتی ناڕەزایەتییەكانیان دەكرد كە لە ساڵی 2010وە كەلتوری ناڕەزایی دەربڕینیان لە دژی دەسەڵات هێناوەتە ئاراوە، بەڵام دوای بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەدا بوونە بەشێك لە پرۆسەی سیاسی‌و هەستیان بە ئیحراجی كرد ئەگەر بەشداری لە ناڕەزاییەكانی ئێستادا بكەن.

سەركردەیەكی دیكەی خۆپیشاندانەكان موقتەدا سەدر بوو كە ساڵانێكە وەك سیمبولێكی بەرهەڵستی حزبە شیعە فەرمانڕەواكان‌و ئایكۆنی ناڕەزاییەكان لێی دەڕوانرێت، بەڵام هاوپەیمانی بەستنی لەگەڵ هێزە مەدەنی‌و عەلمانییەكان‌و سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییە خستیانە خانەی دەسەڵاتەوە‌و ئەویش هەستی بە ئیحراجی كرد لە بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكاندا، كاتێكیش هەوڵی دا وەفدێك لەلایەنگرانی بنێرێتە لای خۆپیشاندەرانی بەسرە، رازی نەبوون پێشوازی لێ بكەن، ئەوەش شۆكێك بوو لە حساباتی سەدردا نەبوو.

پەرلەمانتارێكی سەركەوتووی هەڵبژاردنەكەی ئەمدواییە لە هاوپەیمانیی"سائیرون" كە سەدر رێبەرایەتی دەكات‌و پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت بە "نیقاش"ی وت: "لەڕاستیدا سەركەوتنمان لە هەڵبژاردندا كاریگەری پێچەوانەی هەبوو، چونكە خۆپیشاندەران وا لێمان دەڕوانن كە بووینەتە دۆستی دەسەڵات تەنانەت بەرلەوەی حكومەت‌و پەرلەمانیش پێكبهێنرێن".

وتیشی: "ئێمە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكەین‌و ئەگەر سەرپشك بكرێین لە نێوان دەسەڵات‌و پشتیوانیكردنی داواكاری خۆپیشاندەراندا، ئەوا خۆپیشاندان لەگەڵ ئەوان هەڵدەبژێرین لەبری بەشداریكردن لە حكومەتێكدا كە نەتوانێت خزمەتگوزاری دابین بكات".

نیشانەیەكی دیكەی جیاوازی ناڕەزاییەكانی ئەمجارە، رەخنەگرتنی خۆپیشاندەرانە لە هەموو حزبەكان‌و هەر كەسێك كە پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسی‌و ئاینییەوە هەبێت، تەنانەت دیارترین پیاوی ئاینییش كە عەلی سیستانییە، چونكە خۆپیشاندەران چەند دروشمێكیان بەرزكردبووەوە كە رەخنەیان لێدەگرت لەبەرئەوەی لە هەفتەی یەكەمی ناڕەزاییەكاندا پشتیوانی خۆپیشاندەرانی نەكردووە، بۆ موقتەدا سەدر بەهەمان شێوە.

خۆپیشاندەران لەوەش زیاتر پێیان داگرت كە بارەگای حزبە شیعەكانیان لە باشووری وڵات سووتاند بە بارەگای ئەو گرووپە شیعانەشەوە كە تا چەند مانگێك لەمەوبەر جێگای رێز‌و پێزانین بوون بەهۆی هەوڵەكانیان لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش"دا".

داواكاری جیاواز
ناڕەزاییەكان دوای ئەوە دەستیان پێكرد كە دەیان گەنجی بێكار لە دانیشووانی گوندی "باهیلە"ی دەوروبەری بەسرە لەبەردەم یەكێك لە كۆمپانیاكانی نەوتی نزیك لەو ناوچەیە كۆبوونەوە‌و داوای دەرفەتی كاریان كرد، دواتر خۆپیشاندان پەلی هاویشت بۆ ناوەندی شار وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر خراپی خزمەتگوزاری‌و بەتایبەتیش كارەبا‌و ئاو، سەرەڕای بڕیاری سەرۆك وەزیرانیش بە لەكارلادانی وەزیری كارەبا، بەڵام داواكارییەكان زیاتر بوون.

دوای سێ هەفتەش لە خۆپیشاندان، داواكارییەكان زیاتر بوون‌و هەندێكیشیان پێویستان بە ساڵانێك هەیە بۆ جێبەجێكردن، لەو داواكاریانەش هەمواركردنی دەستوور‌و گۆڕینی سیستمی سیاسی پەرلەمانی بۆ سیستمی سەرۆكایەتی كە تێیدا سەرۆك كۆمار لەلایەن دەگدەرانەوە هەڵببژێردرێت، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەندێك لەم داواكاریانەش رەنگدانەوەی پەرچەكرداری توڕە‌و نا مەدروسن كە هۆكارەكەی بۆ نەبوونی سەركردایەتییەكی یەكگرتوو دەگەڕێتەوە.

بەدرێژایی سێ هەفتەی رابردووش حكومەت هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ هەڵمژینی توڕەیی خۆپیشاندەران لەڕێی نێوبژیوانی سیاسی‌و عەشایری‌و پیاوانی ئاینی دەستڕۆیشتوو لە شارە توڕەكاندا، دوای چوونی عەبادیش بۆ بەسرە خەڵكی ناڕازی گەمارۆیان دا، دواتر ئەویش ئەوەی هەڵبژارد لە بەغدا پێشوازی لە وەفدی خۆپیشاندەران بكات‌و بڕیاریشی دا بەهەزاران دەرفەتی كار دابین بكرێن‌و پرۆژە پەككەوتووەكان دەستپێبكەنەوە، بەڵام خۆپیشاندەران گومانیان لەو بەڵینانە هەبوو، بۆیە بڕیاریان دا لە خیمەدا مانبگرن.

عەبدولڕەزا روبەیعی كە یەكێكە لە شێخەكانی بەسرە بە "نیقاش"ی وت: "حكومەت درۆمان لەگەڵ دەكات، چەند مانگێك لەمەوبەر لە كاتی گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەوە حكومەت بەڕەسمی رایگەیاند بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ پلەیەكی وەزیفی بۆ دامەزراندن تەرخان ناكات، ئێستاش هەزاران پلەی وەزیفی دەخاتەڕوو، ئەگەر دەتوانێت ئەم دامەزراندنانە تەرخان بكات، بۆچی چەند مانگێك لەمەوبەر وتی ناتوانم تەرخانی بكەم؟، ئەگەر بەراستیش ناتوانێت پلەی وەزیفی دابین بكات، ئەوە مانای ئەوەیە ئەو دامەزراندنانەی بەم دواییانە حكومەت رایگەیاندن راستەقینە نین".

قورسی پێكهێنانی حكومەت
لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزاییەكاندا حزبە گەورەكان دانوستانەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگرت، موقتەدا سەدریش كە براوەی پلە یەكی كورسییەكانی پەرلەمانی نوێیە (56 كورسی) رایگەیاند دانوستانەكان دوادەخات‌و گرنگی بە داواكاری خۆپیشاندەران دەدات، بەڵام سیستانی وەك هەمیشە مێزەكەی بەسەر هەموواندا هەڵگێڕایەوە.

تا بەیانی هەینی رابردووش خۆپیشاندەران ناڕازی بوون لە سیستانی لەبەرئەوەی هەینی پێشتر باسی نەكردبوون، بەڵام وتارەكەی ئەم دواییەی سیستانی توند بوو بەرامبەر بە سیاسییەكان، بۆ یەكەمینجاریش داوای لە خۆپیشاندەران كرد بەردەوام بن بۆ گوشارخستنە سەر سیاسییەكان، هەروەك داوای لە سیاسییەكانیش كرد بە هەڵەكانیاندا بچنەوە ئەگەر نا خۆپیشاندانەكان پەرەدەستێنن بۆ ئاستی مەترسیدار.

مەبەستی سیستانیش لەوەدا خۆپیشاندانەكانی سوننە بوو لە ساڵی 2013دا كە بۆ ماوەی 11 مانگ بەردەوام بوون بەبێ ئەوەی حكومەت گوێ لە داواكارییەكانیان بگرێت، بەڵكو پەنای بۆ هێز برد بۆ بڵاوەپێكردنیان‌و توندڕەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆزتیانەوە.

بەهۆی گوشاری خەڵكی ناڕازی‌و داواكارییەكەی سیستانیشەوە حزبە شیعەكان دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتیان دەستپێكردەوە، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییە سیاسییەكانی تووشی شڵەژان كردووە، چونكە یەكەمجارە دانوستان لەگەڵ جەماوەرێكی توڕەدا دەكەن كە گەمارۆی بارەگاكانیان داون‌و دروشمی داواكاری چاكسازییان بەرزكردووەتەوە‌و سیستانیش كە رێزلێگراوترین كەسایەتی وڵاتە داوای هەڵبژاردنی حكومەتێك دەكات بەپێی لەسەر بنەمای كەسانی تەكنۆكرات نەك پشككاری.

ئێستا حزبە عێراقییەكان تووشی سەرسوڕمان هاتوون، چونكە دەترسن حكومەت لەسەر شێوازە تەقلیدیەكە بەپێی پشككاری پێكبهێنرێت لەكاتێكدا بەشێك لە حزبەكان وازیان لەوە هێناوە بەئاشكرا داوای پۆستی سەرۆك وەزیران بكەن، چونكە ئەو كارە شەقام توڕە دەكات، هاوكات حزبەكان دوودڵن لە پەنابردن بۆ پێودانگی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت دوور لە پشككاری، چونكە لەدوای 2003وە بۆ جارێكیش ئەوەیان تاقی نەكردووەتەوە، كە ئەوەش مانای وایە ئاڵنگاری پێكهێنانی حكومەت گەورەتر بووە‌و رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت.

بەپەلە