بافێڵ تاڵەبانی بۆ چوونە سەر تەخت ئامادەیە

کوردستان

26/11/2018‌ 10274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بە نامەیەك داوای بەستنی كۆنگرەیان لەمەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان كردووە، وەڵامی زارەكی بۆ ئەو سەركردانەش ئەوە بووە، دەبێت حكومەتی عێراق‌و كوردستان پێكبهێنرێن.

هەفتەنامەی رووداو ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، چەند رۆژێك دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (30 ئەیلوولی 2018)، ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، نامەیەكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان كردووە، بۆ ئەوەی وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دیاری بكرێت، چونكە كێشەكانی نێوخۆی یەكێتی هێوربوونەتەوە، دەنگەكانی یەكێتیش لەهەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان زیادیان كردووە.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، هەرچەندە بەستنی كۆنگرە بەتاكە رێگەی دەرچوون لە تونێلە تاریكەكانی ململانێ دەزانێت، بەڵام پێیوایە پێش پێكهێنانی حكومەتەكانی بەغداو كوردستان، ئەگەر هەموو ئامادەكارییەكانیش تەواو بووبن، هێشتا ناتوانن كۆنگرە ببەستن، ئەو دەڵێت: "ئێمە دەبێت بە تەواوی ئامادەبین، ناكرێت بچینە ناو كۆنگرەیەكەوە، كە لەولاوە بە دابەشبوونی زۆرترەوە بێینە دەرەوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت: بەشێكی زۆر لەگرفتە كەڵەكەبووەكانی رابردوو، چارەسەریان جێهێڵدراوە بۆ بەستنی كۆنگرە، هەموو خەڵك و جەماوەر‌و كادری خۆشمان دەزانن، كە كۆنگرە بەهۆی كێشەی نێوخۆییەوە دواكەوتووە، هەردەبێت بەكۆنگرەش سەركردایەتییەكی نوێ هەڵبژێردرێت‌و ژمارەیەك گەنج‌و كادری نوێش خۆیان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەو كۆنگرەیە بێنە پێشەوە، بۆیە ئەم كۆنگرەیەی یەكێتی چاوی زۆری لەسەرە".

مستەفا چاوڕەش، هەر لەبارەی كۆنگرەوە وتی: لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد قسەی كردووەو ئەگەری زۆرە خۆی كاندید نەكاتەوە، "ئەوەندەی من قسەم لەگەڵ كردووە، هێرۆخان خۆی هەڵنابژێرێتەوە، من خۆیشم بەتەما نیم خۆم هەڵبژێرمەوە‌و دەمەوێت دەرفەت بۆ كەسێكی تر بڕەخسێنم". 

سەبارەت بە بەشداری بەرهەم ساڵحیش لەكۆنگرە، مستەفا چاوەڕەش دەڵێت: "نازانم بەرهەم ساڵح دێتە ناو كۆنگرە یان نا".

بەپێی زانیارییەكان، لە چەند بەرپرسێكی یەكێتی دەستیكەوتوون، خۆبەربژێرنەكردنەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، تەنیا پەیوەندی بەباری تەندروستییەوە نییە، بەڵكو دەشزانێت بافێڵ تاڵەبانی پیشانی سەركردایەتی یەكێتی داوە، كە "دەتوانێت یەكێتی ئاراستە بكات".

لەماوەی رابردوودا بافێڵ تاڵەبانی هێزی خۆی پیشاندا، لەئاشتكردنەوەی كۆسرەت رەسوڵ و هێنانەوەی بەرهەم ساڵحدا، كە دوو پرسی ئاڵۆز بوون، سەركەوتووانە هاتە دەرەوە، بۆیە "هێرۆخان دڵنیابووەتەوە لەوەی ئێستا بافێڵ ئامادەیە بچێتە سەر تەختی شانۆی سیاسەت"، بەرپرسێكی یەكێتی وایگوت.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە لە 1/6/1975 لە دیمەشق دامەزراوە، تا ئێستا تەنیا سێ كۆنگرەی بەستووە، لە چوار ساڵی رابردوودا ئەو حیزبە بەدەست زۆر كێشەی ناوخۆییەوە ناڵاندوویەتی، بەرچاوترینیان جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە 2009.

نەرمین عوسمان، كە یەكێكە لەوانەی داوای دیاریكردنی وادەی بەستنی كۆنگرەیان كردووە، پێیوایە لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، رۆژی بەستنی كۆنگرە یەكلادەكرێتەوە "راستە داوا كراوە كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام ئەوە دەبێت لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكلابكرێتەوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی ئەوانەی، كە پێش كۆنگرە دەڵێن خۆیان بەربژێرناكەنەوە، كۆنگرەكانی پێشوو بەنموونە دێنێتەوە و دەڵێت: "لەوانەیە بەشێكیان پەشیمان ببنەوە، چونكە پێشتریش كەسانێك هەبوون دەیانوت خۆیان بەربژێر ناكەن".

رۆژی 24/1/2018 سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدا رۆژی پێنجی ئاداری 2018  كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسترێت، بەڵام بەشێك لەسەركردایەتی رەتیانكردەوە لەسەر رۆژی بەستنی كۆنگرە رێككەوتبن، هەر ئەو مشتومڕەش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هێنایە دەنگ و رۆژی 23ی شوباتی ئەمساڵ، نامەیەكی بۆ كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نارد و داوای لێكرد بەزووترین كات كۆبوونەوەی سەركردایەتی رێكبخات بۆ ئەوەی رۆژی بەستنی كۆنگرە جێگیر بكرێت، "هیوادارم، كە بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆت بە ئەمانەتەوە جێبەجێبكەیت بۆ ئەوەی ناوت وەك هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام و یەكێتی نەچێتە لاپەڕەكانی مێژووەوە".

رۆژی 10/10/2013 لە قەڵاچوالان یەكێتی پلینیۆمێكی بەست، كە ماوەی كەمتر لەسەعاتێكی خایاند، لەوێ جگە لەوەی تەمەنی سەركردایەتی درێژ كرایەوە، بڕیار درا رۆژی 31/1/2014 كۆنگرەی چوارەم ببەسترێت، بەڵام ئێستا پتر لەپێنج ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو بەڵێنەی پلینیۆمدا و نەك كۆنگرە نەبەستراوە، بگرە هێشتا سەركردەكانی ئەو حیزبە داواكاریی بەرزدەكەنەوە بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەسترێت.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رەتیكردەوە هۆكاری دواخستنی كۆنگرە تەنیا پێكهێنانی حكومەتەكانی عێراق‌و كوردستان بێت و وتی "هێشتا بۆچوونی جیاواز ماون لەسەر شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرەو بەڕێوەبردنی یەكێتی، وەك پێشوو ترسی هەڵوەشانەوەی یەكێتی نەماوە، ئامادەكاریی زۆریش كراون، بەڵام بۆچوونی جیاواز ماون".

هەروەها وتیشی: خاڵێكی ناكۆكی ئەوەیە "بەشێك لەگەڵ ئەوەن پۆستی سكرتێری گشتی و جێگری سكرتێری گشتی نەمێنێ، بەڵام كەسی یەكەم بەشێوەیەك دیاری بكرێ كە دەسەڵاتەكانی مام جەلالی نەبێ و بە هاوكاریی دەستەی بەڕێوەبردنی یەكێتی حیزبەكە بەڕێوە ببات. ئەنجوومەنێك دروستبكرێ، وەك پەرلەمان وابێت. سیستمی بەڕێوەبردنی یەكێتیش پەرلەمانی بێت". 

لەبارەی بۆچوونی دووەمەوە دەڵێت: "بەشێكی دیكە پێیانوایە كۆنگرە سەركردایەتی نوێ دەستنیشان بكات و ئەو سەركردایەتییە نوێیە وەك ئێستا سكرتێر هەڵبژێرن و جێگرەكەشی دیاری بكەن".

بەڵام وەك ئەو سەركردەیەی یەكێتی باسی دەكات، هێشتا ئەوانە بۆچوونن و روون نییە دواجار سەركردایەتی چۆن بڕیار دەدات و كۆنگرە چۆن دەبەسترێ "بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا كۆنگرەی یەكێتی دەكەوێتە مانگی ئادار یان ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی لە ساڵی 2019".