پەیامەكەی فەتحوڵڵا گوڵەن چی لەوەی پارتی دادو گەشەپێدان جیاوازترە؟

جیهان

06/03/2019‌ 3321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەناو هەموو توێژەكانی كۆمەڵگای توركیدا، هیچ گروپێك ئەوەندەی گروپەكەی فەتحوڵڵا غولەن جێگەی ڕقلێبوون و توڕەبوون و بێزلێكردنەوە نییە، بۆیە وا دەردەكەوێت مەحاڵە پەیامی گوڵەن و شوێنكەووتوانی باوەڕ بە شەقامی توركی بهێنێت.

ئەمە جگە لەوەی توركیا لەژێرباری چاودێرییەكی توند و بە پیرۆزگرتنی كەسەكاندا شەكەت و ماندوو بووە، گفتوگۆ و قسەكردنیش تا ڕادەیەكی زۆر سنوردارن، بۆیە لە ئێستادا ڕوون و ئاشكرایە كە غولەن میدیا و ڕای گشتی ڕۆژئاوای بە ئامانج گرتووە.

زۆر گرنگ بوو ڕۆژنامەیەكی وەكو لۆمۆند كە لە گرنگترین رۆژنامەكانی فەڕەنسایە و هی ووڵاتێكە كە بە دایكی سكیولاریزم ناسراوه، لاپەڕەكانی خۆی بۆ غولەن واڵاكات.

لە ڕاستیدا گرفتی خۆگونجاندن و سازانی نێوان ئیسلام و دیموركراسییەت لەسەر ئاستی جیهانی، لاپەڕەیەكە زۆر سەخت و دژوارە دابخرێت. لەولاشەوە لە میدیا ئازادەكانی ڕۆژئاوادا، گفتوگۆ لە نێوان سەركردەكان‌ و پیاوانی ئاینی ئیسلام كە هێزی نوێنەرایەتییان هەیە بەردەوامە، بە تایبەتیش دوای سەردانەكەی پاپا بۆ كەنداوی عەرەبی و گفتوگۆكانی لەگەڵ شێخی ئەزهەر، ئەمەش كارێكی ئێجگار گرنگە.

گولەن لە ڕێگەی ووتارەكەیەوە لە رۆژنامەی لۆمۆند ئەو هەلەی قۆزتەوە كە جیاوازی نێوان ئیسلامی سیاسی و كۆمەڵەیەك (گروپێك) ڕوون بكاتەوە، هەروەها وویستی بەرەیەكی دژ بە ئەردۆغان كە كۆمەڵگای ڕۆژئاوایی فسقەل كردووە بكاتەوە، ئەوەش‌ بسەلمێنێت كە دەكرێت سازانێك لە نێوان ئیسلام و دیموكراسیدا بێتەئاراوە. 

گولەن باسی ئیسلام و دیموكراسیەتی كرد، لە دیدگایەكی جیاواز لەوەی ڕۆژئاوا تاوتوێی كرد، چونكە بە گوێری فەلسەفەی غولەن فەرمانڕەوایی لە هەموو شتێكدا تەنها و تەنها بۆ خودایە. لە ڕێگەی ئەم پەیامەشییەوە دەكرێت بڵێین غولەن ئێجگار دوورە لە ((گرێبەستی كۆمەڵایەتی)) ڕۆسۆوە كە فەرمانڕەوایی لە خودا وەردەگرێتەوە و دەیداتە كۆمەلگا.

كۆمەڵگای ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی زاڵبوون یان فەرامۆشكردنی كڵێساوه ‌توانی خۆی بگوازێتەوە بۆ قوناغی دیموكراسی، ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی سازانی نێوان كڵێسا و دیموكراسیەوە نەبوو، هەرچی غولەنیشە لە تێگەیشتنێكی كۆمەڵگاییەوە بۆ ئەو پرسە دەڕوانی كە بنەماكانی لە بنچینەكانی ئیسلام وەرگیراون.

چونكە ئەگەر قەوارە دامەزراوەكە سیستەمەكەی لەسەر یاسا بەند بێت ، هیچ گرنگییەك بۆ ئەوە نامێنێتەوە كە كۆمەڵگا ئیسلامییە یان مەسیحی یان یەهودی؛ چونكە بوارە گشتییەكە پشت بە بنەمای ئاین نابەستێت. بۆیە دیار و بەرچاوە كە هێشتا غولەن و جیهانی ئیسلامی ئێجگار دوورن لەو خاڵ و بنەمایەوە.

خاڵێكی دیكە ئەوەیە گولەن هەموو هەڵەكانی ڕابردووی نزیك دەداتەپاڵ پارتی داد و گەشەپێدان كە هاوبەشە كۆنەكەیەتی، ئەو هەرگیز پرسیار لە ڕۆڵی كەسی خۆی ناكات لەو هاوبەشبەندییەی لەگەڵ ئەو پارتە لە كۆندا هەیبووە. باس لە هیچ شتێك لەوانی پێشوو ناكات؛ هەر لە لێكۆڵینەوەكانی یەكیەتی سەندیكاكانی كوردستان تا دزەپێكردنی ووردەكاری دانوستانەكانی ئۆسلۆ یان هەڕەشەكردنی پاكتاوكردنی ئەو گروپانەی كە هەڕەشەیان لێكردبوو. ئەمە یەكێك لەو خاڵە دژیەكانەی جێگەی پرسیارە لەو وتارەیدا.

بە كورتی گولەن لە هەوڵی دامەزراندنی ئایندەیەكی تازەدایە بێئەوەی بەرەنگاری ڕابردوو ببێتەوە، بەڵام بنچینەكانی ئەو ئایندەیە زۆر بەهێزنین كە بتوانن پەیوەندییەك لە نێوان دیموكراسی و ئایندا بێننەكایەوە.


هۆكاریش ئەوەیە كە غولەن ناتوانێت بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا لە فرەیی و نەژاد و ناسنامە و مافە بەكۆمەڵەكان بڕوانێت . دووەمیش ‌ ئەو پێی وایە پێویست نییە كۆمەڵگای توركی ڕەخنە لە خودی خۆی بگرێت، بۆیە ئەمە ئاستی متمانەداری غولەن دێنێتە خوارەوە و دەبێتە بەربەستێكیش لە بەردەم باوەڕپێهێنانی ڕاگی گشتی.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر