بەرهەم ساڵح: پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی هەیەو پەیوەندییەكەش باشە

عیراق

02/04/2019‌ 3588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: شەرقلئەوسەت
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت: ئەمەریكییەكان لەسەر داوای حكومەتی عێراق هاتوونەتە ئەو وڵاتە لەپاش هێرشەكانی چەكدارانی داعش، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی هێزە عێراقییەكان لەرووبەرووبوونەوەی ئەو ئاڵینگارە سەختەدا‌.

بەرهەم ساڵح دەشڵێت: هاتنی هێزە ئەمریكییەكان بەو جۆرەیە، كە نابێت بنكەی سەربازی هەمیشەیی و هێزی زەمینی شەركەریان هەبێت، جگە لەوە دووپاتی ئەوەی كردەوە ‌ بەغدا ئەم هەبوونەی هێزەكانی ئەمەریكا وەك دروستكردنی هاوسەنگی لەگەڵ هەبوونی ئێراندا نابینێ. 

بەرهەم ساڵح لەپەراوێزی بەشداریكردنی لە لووتكەی عەرەبیدا لە تونس قسەی بۆ رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" كردووەو دەربارەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ دراوسێ ئیسلامی و عەرەبییەكان قسەی كردووەو ناوبراو وەك خۆی وتوویەتی، لەرووی بنەماوە ئاسودە بووە بەو قسانەی لەسعودییە بیستویەتی لەكاتی سەردانیكردنی بۆ ئەو وڵاتە. 

بەرهەم ساڵح لەچاوپێكەوتنەكەدا باسی زۆر پرسی كردووەو ئەوەی پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە، باسی پەیوەندییەكانی خۆی‌و مەسعود بارزانی كردووە، كە لەوەدا جەختیكردووەتەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكرات هەیەو پەیوەندییەكانیش بەرەو باشتر دەبەن.

سەرۆكی عێراقی كوردی هەست بەچی دەكات كاتێ بەشدارە لە لووتكەی عەرەبیدا؟
بەرهەم ساڵح: پێش ماوەیەك كۆماری عەرەبی پرۆژەی دەوڵەتی نیشتمانی خستەروو. عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوەو پێكهاتەیە، عەرەب و كوردو توركمان، موسڵمان و مەسیحی و تائیفەی زۆری تری تێدایە. دیارە ئەم فرەییە لە زۆر لە وڵاتانی تری ناوچەكەدا هەیە. دۆخی عەرەبی تەنها بە رەهەندە نەتەوەیی یاخود وەسفكردنی نەتەوەیی دیاری ناكرێت. من نوێنەرایەتی عێراق دەكەم، ئەوەش بەشێكە لەو رەهەندو درێژ بوونەوە عەرەبیە. وەك عێراقی بەرژەوەندی راستەقینەمان هەیە لەوەی بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی عەرەبی هەبێت، چونكە بەرژەوەندی عێراق و ناوچەكە لەوەدایە. پەیوەندیمان بە جیهانی عەرەبیەوە دووپاتكردنەوەیە  لە پەیوەست بوون و مكوڕبونمان لە رووی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و مێژووییە و ناكرێ بپچڕێنرێ.. ئێمە بەشێكین لەم جیهان و ناوچەیەو لەم چوارچێوەیەدا مامەڵە دەكەین. كوردو عەرەب و توركمان و مەسیحی و موسڵمان لەم ناوچەیە بەشدارن و بە ئازایەتیەوە ژیانێكی ئازادو باشیان دەوێ، سەرەرای سیستەمێكی پەروەردەیی و تەندروستی چاك. جگە لەوەش دەیانەوێ كۆسیستەمێكی ئەمنییان هەبێت بۆ ئەوەی لە داعش و توندرەوی و تیرۆر بیانپارێزێ. دەیانەوێ رێزی كەرامەتیان بگێرێ. كاتی ئەوە هاتوە نەتەوەچێتی لە مامەڵەو دیدگاكانماندا قەتیس نەكرێت.

هەست دەكەیت عێراق باڵێكی لاوازی سێكوچكەی عێراقی توركی ئێرانی بێت؟
بەرهەم ساڵح: بە دڵنیایەوە نەخێر. عێراق بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕی. چاوێران ناكۆكن لەسەر ئەوەی چ كاتێ كێشەی عێراق دەستی پێكردوە. بەڵام لەسەر ئەوە كۆكن ئالۆز بوونەكە لەو كاتەوە بوە سەدام حسین دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لە ساڵی 1979. پاشان جەنگێ عێراق-ئێران بەرپا بوو، كوەیت داگیر كرا، گەمارۆ سەپێنرا، پاشان لە دوای 2003ەوە تیرۆر رووی تێكرد. بۆ ماوەی چوار دەیە عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە و گۆرەپانێك بوە بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێی ئەوانی تر. ئەم رووداوە یەك لە دوای یەكانە واقیع و ئابوری دەوڵەتی عێراقیی نابوت كرد. لەو ماوەیەدا دۆخی مەترسیدار لە توندوتیژی ناوخۆی و چەوسانەوەو جەنگی كۆمەڵكوژ بونیان هەبوە. ئەم وڵاتە بەهۆی ئەوەی بوە گۆرەپانێك بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێكان زۆر لاواز بوو. عێراق لە ئێستادا و دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا، سەركەوتنێكی گرنگ و گۆڕانكارییەكی گەورە بوو. دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە. ئێمە بەشێكین لە ناوچەكە و دراوسێی ئیسلامی گرنگمان هەیە كە خۆی لە ئێران و توركیادا دەبینێتەوە.

ئێمە لەم دیدگایەوە مامەڵە دەكەین، بەوەی بەرژەوەندیمان بنەڕەتی پەیوەندییەكانمانە. پێویستمان بە پەیوەندیەكی باش هەیە لەگەڵ ئێران و 1400 كلم سنورمان پێكەوە هەیە، بەرژەوەندی و پەیوەست بوونی میژوویی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیمان هەیە، ئەمە بۆ توركیاش هەروایە. لەبەرژەوەندیماندایە پەیوەندی باشمان هەبێت لە سەر بنەمای دراوسێی باش و بەرژەوەندی هاوبەش. نەبوونی رۆڵی عەرەبی لە عێراق لە ماوەكانی پێشوودا كاریگەری خۆی دروست كردوە لەسەر دۆخی عێراق و هاوكاری كردنیان لە زاڵ بوون بەسەر ئاڵینگاریەكاندا. ئەمە واقیعی نەگۆڕی جوگرافیمانە، سەرەرای كەڵەكەبووە مێژووییەكان كە دەبێ لەسەر ئەو بنەمایە هەڵس و كەوت بكەین. من گەشبینم بەوەی عێراق سەركەوتنی پێویست بەدەست دەهێنێ. لە میانی سەردانەكاندا دەردەكەوێ كە بەرژەوەندی هەرێمی خۆی لە سەركەوتنی عێراق و هاوكاری كرندیانە روەو سەقامگیری. هەموو ولاتەكان دەربارەی ئەم بابەتە ئەجیندای راستەوخۆو جیاوازی خۆیان هەیە. بەڵام بە گوێرەی پێشبینی من سەركەوتنی عێراق و تێپەڕاندنی ئاڵینگاریەكانی ئێستا خاڵی هاوبەشە لە بەرژەوەندی نێوان ئەو ولاتانە.

لەلێدوانەكانتان دووپاتی ئەوە دەكەنەوە عێراق بەشێك نییە لە هیچ جەمسەرێك، ئایە ئەم هەڵوێستە واقیعیە لە ژێر سایەی هاوسەنگی هێزەكانی دەوروبەرتان؟
بەرهەم ساڵح: ئەمە واقیعیە، بەڵكو لەهەمان كاتدا پێویستیشە. نابێت عێراق بنكەیەك بێت بۆ زیان گەیاندن بە دراوسێكانی، بەهیچ شێوەیەك نابێت بەشێك بین لەو پلانانانەی دراوسێكانمان دەكاتە ئامانج، ئەمە لەبەرژەوەندیمان نیە، من باس لە بەرژەوەندی عێراق و دیدگای حكومەتەكەی دەكەم. ئەمە كورتەی ئەزموونی چوار دەیەیە، ئێمە بەشێكین لە ناوچەكە، ئەگەر بمانەوێ وڵات بنیاد بنێینەوەو هەلی كار بۆ گەنجەكانمان دابین بكەین و خزمەتگوزاریەكان چالاك بكەین، ئەوا پێویستیمان بە رێككەوتن هەیە لەگەل دراوسێكانمان. عێراق گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی ململانێكان بوە ، بۆیە دەڵێم بەرژەوەندی عێراق لە پێش هەموو شتێكەوەیە، لەبەرئەوە نابینە بەشێك لە هیچ پلانێك بۆ زیان گەیاندن بە دراوسێكانمان.

ئێوە سەردانی سعودیەتان كرد، لە بەغداش پێشوازیتان لە نمایندەكانی ئەوان كرد.. چۆن دەڕوانیتە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو ولات لە ئێستادا؟
بەرهەم ساڵح: پەیوەندیەكانی نێوانمان بەرەو گەشەكردن دەڕوات، سەردانی ئەو وڵاتەم كرد و چاوم بە پاشا و شازادەی جێنشین و بەرپرسەكان كەوت. بەلایانەوە گرنگ بوو دۆخی عێراق بەرەو باشی بڕوات و پێویستی گەشەپێدانی پەیوەندیەكانیان بە گرنگ زانی. چەند نمایندەیەكی وەزاری سەردانیان كردین و لەماوەیەكی نزیكدا نمایندەیەكی گەورەی سعودیە سەردانی بەغدا دەكات بۆ چالاككردنی لیژنەی سعودی- عێراقی هاوبەش. سەرۆك وەزیران عادل عبد المهدی سەردانی سعودیەو وڵاتانی دراوسێ دەكات لە ناوەراستی ئەم مانگەدا. وای دەبینین توندوتوڵی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ سعودیە بەشێكی بنەڕەتیە لە دیدگامان. لێرەو لەوێ جیاوازیمان دەربارەی هەندێ ناوەڕۆكی سیاسی و  هەندێ بابەت هەیە، بەلام لە هەمان كاتدا نەگۆڕی جوگرافیی و مێژوویی و رۆشنبیری و پیداگیریمان هەیە.

چاوپێكەوتنم لەگەڵ شازادەی جێنشین زۆر باش و شەفاف و راستەوخۆ بوو، ئەوەی پێویستە باسمان لێوە كرد. ئەوان تێگەیشتنیان بۆ دۆخی عێراق هەبوو، پێویست بوونی تێپەڕاندنی ئاڵینگاریەكان و هەڵنەگرتنی قورسایی هاوسەنگیەكانی بە پێویست زانی، سەرەرای دووپاتكردنەوەی پێویستی بەهێز بوونی پەیوەندی نێوان هەردوولاو گەشەپێدانی.

پێت وایە سوریا بەم نزیكانە دەگەڕێتەوە بۆ نێو كۆمكاری عەرەبی؟
بەرهەم ساڵح: ئێمە هیوا دەخوازین وابێت، سوریا رووبەرووی كارەسات و ماڵوێرانی مەترسیدار بوەوە، ئەوەی لەو وڵاتەدا روودەدات تاوانێكی تۆقێنەری مرۆییە و راستیەكی مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی هەرێمایەتی و نێو دەولەتی. دوای ئەم هەموو ساڵەو بەردەوام بوونی توندو تیژی، كاتی ئەوە هاتوە هاوكاری سوریا و گەلەكەی بكرێت بۆ ئەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە و خۆیان لەسەر رازی بن بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی. من دەڵێم ئەركی عەرەبە باوەش بۆ سوریا و گەلەكەی بكاتەوە و ئەو بەرەستانە تێپەڕێنێ كە رێگرە لە بەردەم چارەسەری سیاسیدا، عێراق داوای كردوە سوریا بگەڕێتەوە نێو كۆمكاری عەرەبی، بەلام لەم خولەدا ناتوانین. بەلام دۆخی سوریا مەترسیداره. هەندێك پێان وابوو مەترسیەكە لەگەڵ لە قاڵبدان و كۆتایی داعشدایە، من لەگەڵ ئەم بۆچونە نیم، نابێ قەبارەی ئاڵینگاری ئەو تیرۆرەی لە سوریا ماوەو قەبارەی ئاڵینگاری مرۆیی مەترسیدار كە خۆی لە كێشەی پەنابەران و گەڕانەوەیاندا دەبینێتەوە لەبەرچاو نەگیرێن. ئەمە ئەركی ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقیە، هەموو ئەمانە پێویستی بە كاری بەردەوام و جدی هەیە لە پێناو ئەوەی بابەتەكان بە ئاراستەی تەندروستدا بروات.

پەیوەندیتان لەگەڵ بەشار ئەسەد هەیە؟
بەرهەم ساڵح: پەیوەندی بەردەوام هەیە لە نێوان هەردوو حكومەتی سوری و عێراقیدا. ئێمە ئەم پەیوەندییە بە گرنگ دەزانین، برامان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی زۆر دەكات بۆ سوریا و چاوی بەسەرۆك بەشار ئەسەد دەكەوێ، سەرەرای ئەوەی هەماهەنگی ئەمنی لە نێوان هەردوولادا هەیە بۆ رێكخستنی سنور و بەرگرتن لە مەترسی تیرۆر.

كارەساتی بەلەمەكەی موسڵ دووبارە تیشكی خستەوە سەر كابوسی گەندەڵی لە عێراق، چیرۆكی ئەم كابوسە چیە لە وڵاتدا؟
بەرهەم ساڵح: گەندەڵی ئافاتە، من گوزارشتی ئابوری سیاسی بۆ توندو تیژی بەكاردەهێنم. گەندەڵی و تیرۆر دوو رووی یەك دراون. ئەگەر بێت و بەسەر گەندەڵیدا زاڵ نەبیت و رووبەرووی نەبیتەوە، ئەوا بەسەرماندا زاڵ دەبێت. كێشە گەورەكە ئەوەیە گەندەڵی لەدایك بووی چوار دەدەیە و خراپی ئیدارەو جەنگ و توندوتیژی و دەستێوەردان و هۆكارەكانی ترە. ئێستا داوای رێكاری جدی دەكەین. ئەمە بۆ سوود و قازانجی نیشتمانی و سیاسی بەرانبەرمانە. سەرۆك وەزیران ئێستا سەرپەرشتی لیژنەیەكی باڵا دەكات بۆ رووبەرووبونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەكی میتۆدی و دامەزراوەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. ئێمەش پاڵپشتی دەكەین بەهەموو توانا و هێزمانەوە. ئاڵینگارەكە گەورە و مەترسیدارە، چارەسەرەكەشی ئاسان نیە، بەڵام هیچ بژاردەیەكی ترمان نیە جگە لە رووبەرووبونەوەی ئەو ئافاتە.

زۆر كەس باسی بە فیرۆدانی ملیارەها دۆلار دەكەن لە عێراق.. ژمارەی راستەقینە چەندە؟
بەرهەم ساڵح: دیاریكردنی ژمارە كارێكی قورسە، بەلام بە دلنیایەوە سامانێكی زۆر بە فیرۆ دەدرێت و لە خزمەتی خەڵكدا بەكار ناهێنرێت. لە زۆربەی كاتەكاندا ئەم سامانە لە پرۆسەی توندو تیژی و ئاژاوەدا بەكاردەهێنرێت. لەبەرئەوە دەلێم ئەمە مافی سیاسی و ئەمنیە، و دلنیام لەوەی حكومەت و پەرلەمان لە رووبەرووبونەوەی ئەم كێشەیەدا زۆر جدین.

ئایە دەوڵەتی عێراقی توانای پەسەند كردن و وەرگرتنی میلشیاكانی هەیە یان هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە تیایدا بتوێتەوە؟
بەرهەم ساڵح: بەبۆچونی من زیادە رۆیەكی بێ پاساو بۆ ئەم بابەتە هەیە. ئەگەر ئەم بابەتە ببەینەوە‌ بۆ چوارچێوە تەندروستەكەی، لە ساڵی 2014 كاتێ داعش دەستی بەسەر موصڵدا گرت، بەغدا مەترسی لەسەر بوو. سەماحەتی مەرجەعی بالا ایە الله عەلی السیستانی فەتوای دەكرد بۆ جیهادی بەرگری. ژمارەیەكی زۆر لەگەنجان ئامادەبون بۆ بەرگری كردن لە ولاتەكەیان، ئەگەر حەشدی شەعبی نەبوایە رووبەرووی مەترسیەكی راستەقینە دەبوینەوە، ئەوان قوربانیان دا و توانای خۆیان خستە گەڕ لە پیناو زاڵ بوون بەسەر داعشدا. ئێستا حەشدی شەعبی بە یاسا جێگیر كراوەو بەشێكە لە كۆسیستەمی ئاسایشی وڵات. من ناڵێم گروپی خراپ لە نێو حەشدی شەعبیدا نیە هەروەك ئەوەی لەنێو سوپا و پۆلیس و پێشمەرگەدا هەیە. مامەڵە لەگەل ئەم دۆخەدا دەبێ لە چوارچێوەی یاسادا بێت. نابێ تۆمەتەكە بگەشتێنرێ وەك ئەوەی لە عێراقدا جگە لە حەشدی شەعبی هیچ كێشەیەكی تر نەبێت. هەندێ لەو میلشیایانە رێكنەخراون و هەندێكیان لە دەرەوەی یاسان، پێویستە لەگەڵ ئەوانەدا بە گویرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. بنەمای مامەڵەكردن لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەوەیە، بەشێكن لە كۆسیستەمی ئەمنی دەوڵەت و بەستراونەتەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (سەرۆك وەزیران).

بەرپرسی عیراقی هەست بە چی دەكات كاتێ قسەیەكی تر دەخوێنرێتەوە بەوەی بڕیاری عێراقی بە پراكتیكی لە دەستی جەنرال قاسم سلیمانیدایە؟
بەرهەم ساڵح: لە ئێستادا تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەیە و هەموو كەسێك دەبێتە شرۆڤەكارو شارەزاو سەركردەی سیاسی و بە ئارەزوی خۆی لێدوان دەدەن، من دەڵێم ئێران دراوسێیەكی گرنگمانە و هاوكارمان بوە لە دژی سەركوتكردن و داعش، ئەو قسەیەی باس لە هەبوونی ئێران و كاریگەریەكانی دەكات، راستە. بە پێچەوانەشەوە عێراق كاریگەری لە نێو ئێراندا هەیە. هەردوولا كاریگەرییان لەسەر یەكتری هەیە، بەلام لە كۆتاییدا بریاری عێراق خۆی لە دامەزراوە دەستوریەكان؛ واتە حكومەت و پەرلەمان و دادگادا دەبینێتەوە، و پرۆسەی هەڵبژاردنیش هەیە كە حزبەكان بەشداری تێدا دەكەن.

بۆ نمونە ئەتوانی بڵێی بڕیاری عێراق عێراقیە؟
بەرهەم ساڵح: ئەتوانم بڵێم لەم كاتەدا بڕیارێك نیە دابڕاو بێت لەو واقیعەی هەیە، ئایە بڕیاری فەرەنسی تەنها فەڕەنسیە یان دەبێ رەهەندی ئەوروپی و ئەمەریكی و تاد.. وەربگرێ، كاریگەری گۆڕینەوە هەیە، من نامەوێ دروشم بەرز بكەمەوە، ئێمە لەم ناوچە دەژین لە بڕیارەكانماندا رەهەندی عەرەبی و دۆخی ئێرانی و توركی و كەنداو لەبەرچاو دەگرین، بۆ نمونە دادەنیشین و گفتوگۆی لێكەوتەكانی بڕیارەكانمان دەكەین و هەندێ جار بە دۆخی سوریای دەبەستینەوە، وای دەبینم ئەم تۆقاندنە لە جێگای خۆیدا نییە، عێراق بە شێكە لەم ناوچەیە، بۆیە لە بەرژەوەندیماندایە پەیوەندییمان لەگەڵ ئێراندا باش بێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لە وڵاتێكەوە بۆ ولاتێك تریش. هەروەك چۆن بەرژەوەندیمان لەوەدایە پەیوەندییمان لەگەڵ سعودیە و ئوردن و میسر باش بێت. برامان سەرۆك وەزیران سەردانی میسری كردو چاوی بە عبد الفتاح السیسی و پاشای ئوردن شا عبدالله ی دووەم كەوت، تێگەیشتن بۆ بابەتی ئابوری و خۆشی ناوچەكە لە ئێستادا بوونی هەیە. لە راستیدا عێراق دەبێتە رەگەزی هاوسەنگی و پەیوەندی لە ناوچەكەدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چوار دەیەی پێشوو دەبینین كۆسیستەمی هەرێمایەتی لێكهەڵوەشاو بوو لە رووی ئەمنی و سیاسی و ئابوریەوە. ئەمەش رێگەی خۆش كرد بۆ تیرۆر و دەستێوەردانی دەرەكی و جێبەجێكردنی لەناوخۆدا. لە دیدگایەكی ترەوە دەڵێم ئامادەنەبونی عێراق لە كۆسیستەمی هەرێمایەتیدا هۆكاری ئاژاوەو جوڵە نا ئاساییەكان بوو. عێراق توانای گەڕانەوەی هەیە بۆ ناوچەكە، بە پێگە جوگرافی و مێژوویی و درامەتەكانی دەتوانێ ببێتە جەمسەری دووبارە گەڕانەوە لە ناوچەكەدا. دەبێتە پردێك بۆ پێكگەیاندنی بەرژەوەندی وڵاتان. كۆسیستەمی هەرێمایەتی ناتوانێ ئێران و توركیا پشتگوێ بخات، بێ گومان ناشتوانێ رەهەندی عەرەبیی عێراقیش پشتگوێ بخات. ناوچەكە پێویستی بە دووبارە چاوخشاندنەوە و پێكهاتنەوەی كۆسیستەمی نوێ هەیە بۆ ئاسایش و ئابوریەكەی و مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵینگارە مەترسیدارەكاندا؛ ئەوەی پێوەی دەناڵێنین كە بریتیە لە توندرەوی و بێ كاری و شكستی ئابوری. لەم دیدگایەوە دەكرێ عێراق ببێتە بەشێك لەو كۆسیستەمە.

بۆچی تا ئێستا پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار بەتاڵە؟
بەرهەم ساڵح: ئێمە سیستەمی پەرلەمانیمان هەیە، هەرحزبێكیش بەوەی هەیەتی دڵی خۆشە، مشت و مڕی سیاسی بوونی هەیە، سەبارەت بە پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار چاوەڕێی تەواو كردنی پێكهاتەی حكومەت دەكەین، پاشان دەجوڵێین بۆ ئەو بابەتە.

ئەم دواكەوتنە لە پێك هێنانی حكومەت شتێكی سروشتیە؟
بەرهەم ساڵح: سروشتی نییە، بەڵام پێك وتی ئێمە حزبی زۆرمان هەیە، لەهەر دۆخێكدا ئەمە باشترە لە سەركوتكردن.

سەرەتای تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان ئێوەو سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی دەستی پێنەكردوە، ئایا هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوە رۆڵی لەم بابەتەدا هەیە؟
بەرهەم ساڵح: دیارە پەیوەندی بەردەوامە لە نێوان برایانمان لە پارتی دیموكراتی كوردستان و من، ان شالله ئەم پەیوەندیەی نێوانمان لە جێگای خۆیدا ناوەستێت و وڵات لەم بابەتە گەورە ترە، هاورێم هۆشیار زێباری پێش ماوەیەك سەردانی كردووم لە بەغدا.

ئایە خەونی ئەوەت هەبوو ببیتە سەرۆكی عێراق ؟
بەرهەم ساڵح: بێ گومان هەموو مرۆڤێك بەرزەفڕی لەم بوارەدا هەیە، بە خۆم و هاوڕێ و هاوپەیمانەكانم هەوڵی ئەوە دەدەم ببمە سەرۆكێكی باش لەم قۆناغەدا. بەهیوای ئەوەم سەركەوتوو بم لە پێشكەش كردن و بەشداری جدیی بم لە دەرباز كردنی وڵاتەكەمان لەو كێشانەی بەرۆكی پێگرتوە.

بەداخەوە كات تێپەڕی، ئایە هەبوونی سەربازی ئەمەریكی لە عێراق رەگەزی هاوسەنگیە لەگەڵ هەبوونی هێزی ئێرانیدا؟
بەرهەم ساڵح: ئێمە بەو شێوەیە لەم بابەتە ناڕوانین. هێزە ئەمەریكیەكان لەسەر داواكاری حكومەتی عێراق هاتوون بۆ ئەوەی یارمەتی هێزە عێراقیەكان بدەن لە رووبەرووبونەوەی داعش، دوای ئەو ئاڵینگاریە تیرۆریستیە گەورەیەی وڵات رووبەرووی بوەوە. لەم روەوە دەمەوێ دووپاتی بكەمەوە، كە دووپاتكردنەوەیەكی عێراقی هەیە بۆ سەروەری و یەكەمجار بەرژەوەندی عێراقی، سەرەرای دیدگای عێراقی بۆ‌ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئەمنی و پێداویستیەكان. دووپاتكردنەوەی ئەوە هەیە كە بنكەی سەربازی ئەمەریكی هەبێت نەك هێزی زەمینی شەڕكەر، واتە ئەوەی سەركردایەتی عێراقی دەیبینێ كە گونجاوە لەگەڵ سوودو قازانجی عێراق و سەروەریەكەی.