داوای لەتوركیا دەكرێت دوورگەی "سواكن" سودان چۆڵبكات

جیهان

21/04/2019‌ 4197 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای كۆتایی دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودا، پرسی ڕێككەوتننامەی "سواكن" لەمیدیاكانی ئەو وڵاتە وروژێنراوەتەوە، كە لەنێوان توركیاو خەرتووم واژووكراوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە دیسەمبەری 2017 ڕایگەیاندبوو، كە سودان دوورگەی "سواكن" ڕۆژهەڵاتی سودانی سەر دەریایی سووری ڕادەستی ئەنقەرە كردووە، تاوەكو توركیا دووبارە نۆژەنی بكاتەوە و بۆ ماوەیەكی دیارینەكراویش بەڕێیەوەبەرێت، ئەوسا وترا ئامانجەكە بنیاتنانی بنكەیەكی سەربازی توركیایە و سودانیش ئەوەی ڕەتكردەوە.

دواتر ڕۆژنامەی شەرقی قەتەری ئەوەی بڵاوكردەوە، كە سودان و قەتەر كۆنووسی كۆبوونەوەی لیژنەیەكی هاوبەشیان واژووكردووە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوە و بەرێوەبردنی بەندەری سواكن.

پێگە هەواڵی و تۆرە كۆمەڵایەتی و شارەزایانی كاروباری سودانیش باس لەوە دەكەن، كە سودان مۆڵەتێكیان بە ڕژێمی توركیا داوە بۆ چۆڵكردنی دوورگەكە و كۆتاییهێنانیش بەكاركردن بە ڕێككەوتننامە واژووكراوەكەی نێوانیان سەبارەت بە دوورگەكە، كە هبچ جەختكردنەوەیەكی فەرمیش لە لایەن هەردوولاوە گوزارەی لێنەكراوە.

لە ئاكامی خۆپێشاندانە ناڕەزاییەكانی ئەم دواییەی سودان دژ بە ڕژێمەكەی بەشیر كە 30 ساڵ بوو فەرمانڕەوای سودان بوو، كاركردن لە دوورگەی سواكن وەستێنرا.

ئەمجەد تەهای سەرۆكی هەرێمی سەنتەری بەریتانی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژنەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لەوە كردووە سەرچاوەیەكی دبلۆماسی پێی ڕاگەیاندووە كە "مۆڵەتێك بە توركیا دراوە بۆ چۆڵكردنی دوورگەی سواكنی ‌ سودانی لەهەموو بوونێكی ڕازگری و سەربازی توركی". بە ئەردۆغانیشیان گووتووە كە توانیویانە بنكەی سەربازی لە قەتەر و سوماڵ دابمەزرێنن، بەڵام لە سودان خاكی عەرەب بۆ عەرەبەكانە.

مستەفا بەكری میدیاكاری دیاری میسری و ئەندامی پەرلەمانی میسری ووتی: "بڕیارەكەی ئەنجومەنی ڕاگوزەری سودانی بە ڕەتكردنەوەی ئەو بنكە سەربازییەی توركیا لە دوورگەی سواكنی سودانی، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی سودانی تازە خاكی خۆی ڕەهنی هیچ كەس و لایەنێك ناكات، ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بوێرانە مشتەكۆڵەیەكی بەهێزە كە بە ڕووی ئەردۆغان كەوت، هەمان ئەو مشتەكۆڵەیە كە بەر فەرمانڕەوای قەتەر كەوت كاتێك ئەنجومەنی سەربازی سودانی ڕەتیكردەوە پێشوازیان بكات".

ئەنجومەنی سەربازی سودانی و دواتریش وەزارەتی دەرەوەی سودان  لە دوو بەیاننامەی یەك بەدوای یەكدا ئەوەیان ڕوون كردەوە كە ئەوە ڕاست نییە سەردانەكەی محەمەد بن عەبدولڕەحمانی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ سودان ڕەتكرابێتەوە و شاندەكەش بەم زووانە سەردانی سودان دەكات.

بە گوێرەی ئاژانسی فەرمی هەواڵی سودانی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەربازی ڕایگەیاند كە بەدرەدین عەبدوڵا ئەحمەدی بریكاری وەزارەتی دەرەوەی لەسەركار لابردووە، دوای ئەوەی شەمسەدین كباشی ووتەبیژی فەرمی ئەنجومەنی سەربازیش ڕایگەیاند كە: "بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سەربازی سودان و بێ ئاگاداری ئەوان، وەزارەتی دەرەوە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیان دەركردووە سەبارەت بە ئامادەسازی بۆ سەردانی شاندەكەی حكومەتی قەتەر بۆ ووڵات". 

كباشی ئەوەشی وت : "وەزارەتی دەرەوە ئەو بەیاننامەیەی بێ ئاگاداری ئەنجومەنی سەربازی سودانی دەركردووە و ڕایان وەرنەگیراوە و گوزارەش لە هەڵوێستی فەرمی ئەنجومەنی سەربازی سودانی ناكات".

خەلف حەبتوری بزنسمانی ناوداری ئیماڕاتیش وتی: " لە ژێر ڕۆشنایی دواپەرەسەندنەكانی ئەم دواییانەی سودان، داوا لە حكومەتی ئایندە و گەلی سودانی برا دەكەم كار بكەن بۆ گێرانەوەی دوورگەی سواكن لەبن دەستی توركیا، ئەمەش بۆ پاراستنی ئایندەی سودان و ناوچەكەش".

حەبتوری پێشی وایە :" بەخشینی ئەو دوورگەیەی سەر دەریای سور بە توركیا مەترسییەكی گەورەی هەیە بۆسەر ئاسایشی ناوچەی كەنداو و میسر و ئوردون، تەنانەت هەڕە‌شەیە بۆسەر سەروەری مەككە و مەدینەش. چونكە تاكە ئاكامی ئەو بەخششە، بەخشینی هەلێكی زێرێنە بە توركیا و هاوپەیمانەكانی وەك ئێران و قەتەر بۆ هەڕەشەكردن لە ئاسایشمان".بەندەری سواكن دێرینترین بەندەری یودانە و بە زۆریش بەكاردێت بۆ گواستنەوەی گەشتیار و كاڵا و كەلوپەل بۆ بەندەری جەدەی سعودیە. دووەم بەندەری سودانیشە لە دوای بەندەری بور سودان كە 60 كیلۆمەتری لێوەدوورە.

پێشترش دەوڵەتی عوسمانی ئەو بەندەرەی وەك بنكەیەكی دەریاری سەر دەریای سوور بەكارهێناوە و بارەگای فەرمانڕەوای عوسمانی لێبووە لە نێوان سالانی 1821 بۆ 1885.

لە كۆتایی دیداری ئابووری نێوان بزنسمانە سودانی و توركەكانیشدا لە ساڵی 2017 ئەردۆغان ووتی : "داوامان لە سودان كردووە دوورگەی سواكن بۆ ماوەیەكی دیاریكرا و ڕادەستی ئێمە بكات، تاوەكو دووبارە ڕێكیبخەینەوە و بیگەرێنینەوە سەر دۆخە ڕەسەنەكەی خۆی، سەرۆك بەشیریش ووڵامەكەی بە بەڵی بوو".

وتیشی ئەو مامەڵەیە پاشكۆیەكی هەیە كە من باسی لێوە ناكەم. ئەمەش ترسی لای دەوڵەتانی دیكە و بە تایبەتیش میسر دروست كردووە كە ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بێت بۆ گریمانەی بەكارهێنانی ئەو دوورگەیە وەك بنكەیەكی سەربازە.

ئیبڕاهیم غەندوری وەزیری دەرەوەی سودان ئەو كات  لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ سامح شوكری هاوتا میسرییەكەی لە قاهیرە ڕایگەیاند كە توركیا تەنها پێشنیاری دووبارە نۆژەنكردنەوەی چەند مزگەوت و خانوویەكی كردووە، ئەوەشی ڕەتكردەوە بۆ‌ مەبەستی سەربازی بەكاربێت.

سەرۆكی یەكەی لێكۆڵینەوەكانی سودان و حەوزی نیل لە سەنتەری ئەهڕام جەختی لەوە كردەوە كە : "قەتەر لە كۆششی ئەوەدابوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سودان پتەو بكات، بە مەبەستەی هەڕەشەكردن‌ لە ئاسایشی نەتەوەیی میسر، چونكە بوونی ڕژێمی ئیخوانەكانی لە سودان هەڕەشە بوو بۆ ئاسایشی دەریای سور و لیبیا و میسر بە هۆی دابینكردنی پەناگە بۆ تیرۆرستان".

سەرچاوە: SPUTNIK
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر