ژنە توندڕەوەكانی داعش ڕێساكانی خەلافەت لەكەمپی ئاوارەكان دەسەپێنن

کوردستان

23/04/2019‌ 1727 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەو كامپانەی خێزانی چەكدارانی داعشیان تێدایە، بوونەتە مۆڵگەیەك بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێساكانی ڕێكخراوی داعش.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە، كە گرووپێك لە ژنی توندرەوی سەر بە داعش ئەو ژنە ئاوارانە دەترسێنن، كە لە كەمپی ئاوارەكانی "ئەلهول" لە رۆژئاوای كوردستانن .

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، دوای ئەوەی ڕێكخراوی داعش لەدوا مۆڵگەی خۆی لەرۆژهەڵاتی فوڕات دەركران ، ئەو ئافرەتە توندرەوانە بۆ كەمپەكە لەپارێزگای حەسەكە گواستراونەتەوە ، ئەوانیش ئاوارەكانی تری ناو كەمپەكەیان ناچار كرد، كە پابەندی ڕیسا توندەكانی خەلافەتی داعش ببن ، ئەوەش گرفتێكی گەورەی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان درووست كردووە .

بەرپرسانی كورد بە رۆژنامە ئەمەریكییەكەیان راگەیاندووە، ئەو ژنە توندڕەوانە بە چەقۆ هەڕەشە لەوانە دەكەن ، كە ناویان ناون "كافر" و بەردبارانی خێوەتەكەیان دەكەن و دەیانسووتێنن ، هەروەك هەندێك سەرچاوەی هەواڵگری كوردی باسیان لەوە كردووە ئەو ژنە توندرەوانە چەند شانەیەكیان درووست كردووە بۆ  جێبەجیكردنی "سزاكان" بەشێوەی ڕێكخراو.

ئەو توندرەوانە چەند جارێك هێرشیان كردووەتە سەر فەرمانبەرە پزیشكییەكان و پیاوانی فریاگوزار، كە لە كامپەكە كاردەكەن ، لەم دواییانەش دەیان ئافرەتی توندرەوی بیانییان لەبەردەم پەرژینی كامپەكە كۆكردووەتەوەو درووشمی دژی پاسەوانە كوردەكانیان وتووەتەوە.

بەهۆی ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو هەزاران ژن و منداڵەی، كە لە دوا مۆڵگەی ڕێكخراوەكە لە رۆژهەڵاتی سوریا دەرچوون  گواستیاننەوە بۆ ئەو كەمپەكە ، ئێستا ژمارەی ئەوانەی لەو كەمپەكە نیشتەجێكراون گەیشتۆتە ٧٣ هەزار كەس .

دوای ئەوەی ئەو توندڕەوانە هێنرانە كەمپەكە رەوشی ئەوێ بەتەواوەتی و لەرەگەوە گۆڕا ، بەجۆرێك بەرپرسێكی كورد باسی لەوە كردووە كە پێش هاتنی ژنە داعشەكان ئافرەتەكانی ئەوێ سەرپۆشیان نەدەكرد ، بەلام ئێستا هیچ منداڵیكی كچ كە تەمەنی گەیشتبێتە هەشت ساڵان ناتوانێت بێ سەرۆپش بگەڕێت ، ئەوەش لەترسی ئەوەی نەوەك ڕووبەڕووی سزادان ببێتەوە .

محەمەد بەشیر بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی خێوەتگەكە دەڵێت هەندێ لە ئاوارەكان هەر لە بنەڕەتەوە خاوەن بۆچوونی توندرەوانە بوون ،  بەڵام لەگەڵ گەیشتنی خیزانی چەكدارانی داعش بۆ خێوەتگەكە زیاتر تووندڕەو بوون . 

ئیدارەی خیوەتگەكە باس لەوە دەكات كە هەندێ لەو ژنانەی ڕێبەرایەتی ئەو توندرەوانەیان دەكرد بەند كراون ، ئەوەش لەپێناوی پاراستنی ئاوارەكانی تر لە مەترسی ئەو ژنە توندڕەوانە .

بەرپرسانی كوردیش دەترسن لەوەی كەمپەكە ببێت بە جێگایەك بۆ گەشەكردنی هزری توندرەوی.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی