شارپرێس:
زۆرێك لە دەوڵەمەند و سەرمایەدارەكانی جیهان هەوڵ دەدەن ببنە خاوەنی هەندێك شت، كە لە خەڵكی تریان جیایان بكاتەوە ، بۆئەوەش پارە و سامانەكەیان یارمەتیدەریانە تاوەكو ئەو شتانە بەدەست بهێنن .
پێگەی "Gadgets Now" ی ئەمەریكی ١٢ شتی باس كردووە، كە جیف بیزۆس دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمازۆن و دەوڵەمەندترین كەسی جیهان هەیەتی، بەم جۆرە :
خانوویەك لە واشنتۆن كە ١١ ژووری نووستن و ٢٥ گەرماوی تێدایە و ساڵی ٢٠١٦ بە ٢٣ ملیۆن دۆلار كڕیویەتی .
شوقەی گرانبەها لە یەكێك لە گەرەكە هەرە جوانەكانی شاری نیویۆرك ، كە هەرسێك شوقەكە بەسەر یەكەوەن و رووبەرەكەیان دەگاتە ١٠ هەزار مەتر چوارگۆشە ، نرخی تەنیا یەك شوقەیان دەگاتە ١٧ ملیۆن دۆلار .
كۆشكێك لە هۆڵیود ، بیزۆس لەناوچەی بیڤەرلی هیڵز لە كالیفۆڕنیا خاوەنی كۆشكێكە لەسەر ستایلی ئیسپانی درووستكراوە.
كێڵگەیەك بەڕووبەری ٣٠ هەزار فەدان لە تەكساس.
بارەگای ئەمازۆن : خاوەندارێتییەكەی بۆ بیزۆس دەگەرێتەوە ، لەسەر چوار تاوەر درێژ بۆتەوە لەناوەراستی شاری سیاتڵ ، نرخەكەی دەگاتە ٤ ملیار دۆلار .
خانوویەك لەسەر دەریاچەی سیاتڵ : ئەو خانووەی ساڵی ١٩٩٨ بە ١٠ ملیۆن دۆلار كڕیوە ،
ئۆتۆمبیلی ئاسایی ، بیزۆس دوو ئۆتۆمبیلی ئاسایی هەیە كە لەجۆری هۆندا ئەكۆرد و شیفرۆلیت بلیزەر لە جۆری كۆن .
كارگەی مووشەك : كۆمپانیای ئاسمانی "Blue Origin" یەكێكە لە پرۆژەكانی بیزۆس بۆ ئاسانكاریكردن بۆ گەشتی بۆشایی ئاسمان بە نرخێكی گونجاو.
كاتژمێرێك كە بۆماوەی ١٠ هەزار ساڵ كار دەكات و نرخەكەی بە ٤٢ ملیۆن دۆلارە، ئەو كاتژمێرە وادیزاین كراوە كە بۆماوەی ١٠ هەزار ساڵ كار بكات و بۆ درووستكردنیشی ٤٢ ملیۆن دۆلاری لێخەرج كردووە.
فرۆكەیەیكی تایبەت ، كە خێراترین فرۆكەیە لە جیهاندا و نرخەكەی ٦٥ ملیۆن دۆلارە ، ئەو فرۆكەیە كە لەجۆری "G-650ER" و كۆمپانیای گەڵف ستریم بەرهەمیهێناوە ، بەیەكێك لە خێراترین فرۆكەكانی جیهان هەژمار دەكرێت .
رۆژنامەیەكی كۆن كە تەمەنی ١٤١ ساڵ دەبێت ، بۆ كڕینیشی ٢٣٠ ملیۆن دۆلاری داوە ، بیزۆس ساڵی ٢٠١٣ رۆژنامەكە "The Washington Post" ی كڕی كە بەیەكێك لە رۆژنامە پێشەنگەكان لە وڵاتە یەكگرتووەكان دادەنرێت .
سەگی رۆبۆتی ، راپۆرتەكان دەڵێن سەگەكە ناوی Spot Mini" یە و كۆمپانیای بۆستن دینامیكس درووستی كردووە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
