كچەكەی حەسەن نەسروڵڵا بۆ یەكەمجار چەند نهێنییەك سەبارەت بە باوكی ئاشكرا دەكات

جیهان

10/05/2019‌ 9980 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە گوێرەی پێگەی هەواڵی "ئیخباری" ، زینەب حەسەن نەسروڵڵا-ی تەمەن 33 ساڵ دەڵێت: لە دوای جەنگی تەموزەوە (جەنگی لوبنان 2006)  زۆر شت لەژیانی خێزانەكەماندا گۆڕانیان بەسەردا هات، پێش جەنگەكە زۆر بە ئاسانی دەمتوانی سەردانی ‌خێزانەكەم بكەم، لەسەر خوانی نانخواردنی نیوەڕۆو ئێوارە باوكم دەبینی ، بەڵام لە دوای جەنگ، بەهۆی مەترسی ئیسڕائیلییەكانەوە دیمەنەكە گۆڕا. 

زەینەب ئەوەشی وت: ‌"‌كار و پێگەی باوكم لە زۆر لەو كاروبارانە بێبەشی كردم، كە كچان لەگەڵ باوكیان پێی هەڵدەستن".

ئیمام خومەینی نموونەی باڵایە
زەینەب دەڵیت باوكی نموونەی باڵایەتی، "لای ئەو كەسێتی باوك و سەركردە لە حەسەن نەسروڵادا ئاوێزانی یەك بوون، هەر شتێك ئەو پێی خۆش بێت و داوای بكات لە خەڵك من پێیەوە پابەندم، هەر شتێك ئەوە پێی هەراسان بێت، من خۆمی لێ دەپارێزم. ئەو پێشەنگ و نموونەی باڵای منە، گەورەترین وانەیەك لە باوكم فێری بووبم خاكەڕاییە (تەوازوع) . ئەو زۆر خاكەڕایە، ئاكاری زۆر جوانە، ئەمانەش لە سیفاتی ئەهلی بەیت و گەورە زانایانن".

زینەب وتیشی: "با ئیمام خومەینی بە نموونە وەرگرین، سەرباری مەزنی ئەو پیاوە، تەماشای بكەن چەند ژیانێكی سادەی هەبوو، باوكیشم ئەوەی لە ئیمامدا خۆش دەویست، خەڵكیش ئەو سیفەتەی لە باوكمدا خۆش دەوێت، ئەوان باس لە خاكەڕایی و هەستكردنی بە ئەوانی دیكە دەكەن..".

نەسروڵا ژیانی تێروتەسەلی ڕەتدەكاتەوە 
سەرباری ئەوەی پێگەی حەسەن نەسروڵا دەرفەتی ئەوەی پێ دەدات تێروتەسەل بژیات، بەڵام زەینەبی كچی ئەوە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت: "باوكم بە گوێرەی پێگەكەی دەتوانی خۆشگوزەرانتر بژیات، بەڵام حەزی لە خاكەڕایی و ژیانێكی سادە و ساكارە.. بێگومان ئەو لەژێر زەوی و بەندیخانەدا ناژیەت، ئەوەی پێویستی بێت هەیەتی، ژیانیش بە سادەیی دەگوزەرێنێت، تەنها ئەوەیه ‌‌جوڵە و چاوپێكەوتنەكانی لەژێر چاودێرییەكی ئەمنی توندوتۆلدایە".

سەبارەت بە ئاستی بژێویشیان زەینەب دەڵێت: " ئێمە خێزانێكین لە چینی مامناوەند، سوپاس بۆ خودا كە لە هەژاری ئێمەی پاراستووە. نەك لە بەر ئەوەی ئێمە كوڕی فڵان و فیسارین، بۆ نموونە ژیانی من لەسەر كار و كاسبی مێردەكەمە. وەك ژن و دایكێكی سادە دەژیم، دەچمە بازاڕ و لە حەوزەش دەخوێنم". 

پەیوەندی حەسەن نەسروڵا بە منداڵانەوه
لەو بارەوە زەینەب دەڵێت: "باوكم منداڵی زۆر خۆشدەون، كاتێك دەیبینین، منداڵەكانی من و هەموو كوڕە براكانم، ‌كێبڕكێیانە لە تەنیشتییەوە دانیشن. نەوەكانیش یەكیان لە كۆشی دادەنیشێت، یەكیان لەسەر ئەژنۆكانی و بەم شێوەیە، ئەوان قڕەقر و ژاوەژاوی زۆر دەنێنەوە لە كێبڕكێی دانییشتن لە نزیكیەوە، كەچی ئەو هەرگێز بێزار نابێت، بەڵكو داوامان لێ دەكات واز لە منداڵەكان بێنین چی دەكەن بیكەن، ئەو پەرۆشی ئەوەیە منداڵەكان بەختەوەر و دلخۆشبن. ئەو وەك باپیرێك چاودێری نەوە هەرە گەورەكانی دەكات، گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات و لە زۆر كاروباردا ڕاوێژی پێ دەكەن، ئەوان هۆگری باوكمن، لە زۆر كاتدا ئەو بڕیاردەری كۆتایی كاروباریانە".

زەینەب دەشڵێت: "بێگومان ئەو بیری ئەندامانی خێزانەكە دەكات، ئارەزوو دەكات بیانبینێت و كاتێكی زیاتریان لەگەڵ بەسەر بەرێت، ئێمەش پەی بە دۆخی سەرقاڵی ئەو دەبەین و بە ئەركیشی دەزانین، جاری وایە ساڵانە تەنها چەند جارێك دەیبینین، كارەكە ئاسان نییە، منیش كە كچی ئەوم پەیوەندییەكی تایبەتم لەگەڵیدا هەیە، ئەو كاتە كەمەی لەگەڵ ئێمە بەسەری دەبات، نیعمەتێكە بۆ ئێمە، ئەو تەنها موڵكی ئێمە نییه،‌ بەڵكو‌ موڵكی ئومەتی ئیسلامییە".

یادەوەری كوژرانی هادی حەسەن نەسروڵا
ساڵی 1997 سوپای ئیسڕائیل هادی كوڕی حەسەن نەسروڵا –یان لەگەڵ كۆمەڵێك لە ئەندامانی حزبوڵا كوشت، تەرمەكەی كەوتە بەردەستی ئیسڕائیلییەكان و ماوەی ساڵێك هێشتییانەوە، دواتر لە ساڵی 1998 ئیسڕائیل لەگەڵ لاشەی 40  لوبنانی دیكەدا ڕادەستی كردنەوە.

زەینەب لەو بارەوە دەڵێت: "هادی وەك برایەك كەلێنێكی گەورەی لە ژیانی مندا جێهێشت، زۆر شتی ئەوم له ‌بیر نییە، چونكە من ئەو كات 12 ساڵان بووم، بەڵام كەسێكی خزمەتگوزار و خاكەڕا و خۆشەویست بوو. پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ باوك و دایكمدا هەبوو. بە پەرۆش بوو كارێك نەكات ئێمەی پێ لەكەداربین..".

زەینەب لە بارەی كوژرانی هادی برایەوە دەڵێت: " لە چێشتخانەی ماڵەوە لەگەڵ دایكم قاپم دەشتن، كاتێك خوشكە نزیكەكانم هاتنە ماڵەوە، ووتم دایە شتێك هەیە.. خۆشكێكم  وەك ڕێخۆشكردن بۆ گووتنی هەواڵی كوژرانی براكەم، دەستیكرد بە باسكردنی ئارامگرتن و باوەڕداری، داوای لێكردم یارمەتی بدەم لەوەی هەواڵە بە دایكم بڵێم، ئەو كات چاوم پڕ فرمێسك بوون و چاوەڕێی ئەوەم دەكرد بە دایكم بڵێین، پێم سەیر بوو كە دایكم دڵی خۆش بوو، ئامادەی بیستنی هەواڵەكە بوو، چونكە دەیزانی هادی لە گروپەكەی دابڕاوە، بۆیە پێی وابوو یان بەدیل گیراوە یان شەهید بووە. كە پێیان گووت هیچ كاردانەوەیەكی نەنواند و لە بەرامبەر خەڵكدا فرمێسكی نەڕشت، هەموومان پەرۆشی ئەوە بووین كەس فرمێسكی چاومان نەبینێت، هەر یەكەمان دوور لە چاوی دەوروبەر بە تەنیا دەگریاین".

سەرچاوە: SPUTNIK
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر