شەڕێگی خوێناوی.. ئێران 5 كارتی بۆ لێدانی ئیسرائیل بەدەستەوەیە

جیهان

16/05/2019‌ 5964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری ((ناشیونال ئنترێست)) ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكیدا پێشبینی ئەوەی كردووە،‌ ئێران ‌پێنج ڕێگە  بگرێتەبەر بۆ لێدانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەش كردووە، كە جەنگێكی خوێناوی چاوەڕێی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و مەرگەستێكی لێ دەكەوێتەوە.

گۆڤارەكە لەسەر زاری شارەزایانەوە نووسیوویەتی، كە ئێران خاوەن گەورەترین و هەمەجۆرترین موشەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە یارمەتی لیبیا و كۆریای باكور پەرەی بەو موشەكانە داوە، ئێستاش لە عەمبارەكانیدا جۆرە چەكی وای هەن كە دەگەنە ئیسڕائیل و زۆر شوێنی دیكەش لە ناوچەكە.

بەپێی گۆڤارەكە ، ئێران زۆر ئامرازی گرنگی هەن و هەندێكیان نهێنین و دەتوانێت لە هەر جەنگێكی ئایندە بەكاریان بێنێت، ئەوانیش بریتین لە : 

یەكەم
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا: ئەمریكا یەكێك دەبێت لە زیانمەندترین لایەنەكانی هێرشی ئیسڕائیل بۆسەر ئیران، چونكە تۆڵەكردنەوەی ئێران ڕووی لە بنكە سەربازییەكانی واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە ناوچەكە. ئەگەر ئێران نەوتیش بە ئامانج بگرێت، ئەوا نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش گەورەترین زیان بە ئابووری جیهان دەگەیەنێت و لەوانەشە ئابووری جیهان تووشی متبوون بكات.

دووەم 
حیزبوڵا:  لە جەنگی ساڵی 2006 ی حزبوڵا لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەوە دەركەوت كە حزبوڵا ئیسڕائیلی شۆك كرد بەوەی توانستی تەكنیكی باشی هەن، دەشتوانێت لە ئێرانەوە هێرش بكاتە سەر تەلئەبیب، سوتاندنی باریجە ئیسڕائیلییەكەش لەو جەنگەدا لە لێوارە ئاوییەكانی لوبنان، نموونەی ئەوەیە كە باسكرا. حزبوڵا خاوەن هەزارەها موشەك و تۆڕێكی فراوانی پەیوەندییەكانە لە باشووری لوبنان، كە دەتوانێت هێرشی پێ بكاتە سەر ئیسڕائیل، شەڕ لەگەڵ هەر هێزێكی ووشكانی ئیسڕائیلیش بكات كە تەلئەبیب بیەوێت ڕەوانەی باشووری لوبنانیان بكات.

سێیەم 
موشەكە بالیستییەكان: شارەزایان دەڵین ئێران گەورەترین و هەمەجۆرترین عەمباری موشەكە بالستییەكانی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم پرۆگرامە موشەكییە بە یارمەتی لیبیا و كۆریای باكور پەرەی پێدراوە، گۆڤارەكە ووتیشی ئەو موشەكانەی ئێران توانستی هەڵگرتنی كڵاوەی جەنگی قورس و تیژڕەوویان هەیە،  بە شێوەیەك گومبەتی ئاسنینی ئیسڕائیل ناتوانێت ڕایان گرێت.

چوارەم 
سیخوڕەكان: ئێران تۆڕێكی فراوانی سیخوڕی لە زۆر دەوڵەتدا هەن، بەو شوێنانەشەوە كە چاوەڕوان نەكراون ،وەك دەوڵەتەكانی ئەمریكای باشوور و كەنەدا.

پێنجەم
فەڵەستینییەكان: جوڵانەوەی حەماس لە نزیكترینەكانی ئێرانە، زاڵبوونی زیاتری ئەو جوڵانەوەیە بەسەر كەرتی غەزە، ئەوەی نیشانداوە كە جوڵانەوەكە توانستی ئەوەی هەیە لێدان ئاراستەی تەلئەبیب بكات.

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر