شاندێكی هەرێم بۆ پرسی نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەكەن

عیراق

23/05/2019‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی نەوت و گازەوە سەردانی بەغدا دەكات، كە بڕیارە نەخشەرێگایەك بۆ ئەو پرسە دابنرێت.

ئارام باڵەتەیی, ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵمان كۆ بووەوە، هەرچەندە فریا نەكەوتین بەدرێژی باسی لەگەڵ بكەین، بەڵام هاتنەكەی بۆ ئەوە بوو، كە چی بكەین له ەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی لەسەر پرسی نەوت ڕێكبكەوین, چونكە هەندێك پەرلەمانتاری عەرەب و هەندێك هێزی سیاسی قسەی جیاواز لەسەر ئەو پرسە دەكەن, بۆیە بڕیارە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا كۆبوونەوە بكرێت.

ئارام باڵەتەیی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی دەشڵێت: هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕادەستكردنی نەوتەوە مەرجی هەیە،‌ ئەمە شتێك نییە تۆ بە ‌ماوەی دەیان ساڵ كارت بۆ كردووە سیاسەتت بۆ داناوە بە‌ئاسانی بە‌بەغدا بڵێین فەرموو ئەوە نەوتەكەم، یان دەبێ حكومەتی عێراق پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان لە كوردستان بدات، یان دەبێ بەو نەوتەی كوردستان خۆی دەیفرۆشێت پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدات، نابێت ئێمە نەوت ڕادەستی بەغدا بكەین، ئەویش ئامادە نەبێت پارەی كۆمپانیاكان بدات.

باڵەتەیی ئەوەیشی خستەڕوو، دەبێ هەرێمی كوردستان و بەغدا لێك تێبگەن، كە كێ ئەو پارەیە دەدات؟ ئەگەر هەرێمی كوردستان بیدات، كەوایە دەبێ نەوت بفرۆشین، تا قەرزەكان و پارەی كۆمپانیاكان بدەین، ئەگەر بەغدا دەیدات ئەوە بابەتێكی دیكەیە و قسەی خۆمان دەكەین.

باڵەتەیی ئەوەش دەڵێت: كورد نوێنەری لە كۆمپانیای سۆمۆ نییە و تا ئێستاش مامەڵەی نەوتمان لەگەڵ بەغدا نەبووە كە بزانین دەبێ نوێنەرمان لەو كۆمپانیا هەبێت، یان نا؟ چونكە هێشتا بڕیارمان نەداوە كە مامەڵە لەگەڵ سۆمۆ دەكەین، یان نا؟ چونكە لە بەغداوە هێشتا عەقڵیەتێكی مەركەزی هەیە، بۆیە جارێ گرفتمان ئەوەیە كە دەبێ ئالیەتێك لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بدۆزرێتەوە.

هەر لەو بارەیە‌وە, گولیزار ڕەشید سندی, جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان وتی: یەكێك لە پرسە هەرە گرنگەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پرسی نەوتە، هێشتا بەرچاومان ڕوون نییە كە چی بكرێت، بەڵام ئەم پرسانە دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەبێ لەو بارەیەوە هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتدا هەبێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بەغدا دەبێ ئەركی خۆی لە جێبەجێكردنی شایستە داراییەكان جێبەجێ بكات و هەنگاو لەو بارەیە‌وە بنرێت.

گولیزار ڕەشید سندی وتیشی: هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەم پرسانە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و لێژنەی باڵای هەردوولا لەسەر ئەم پرسانە كۆ ببنەوە و میكانیزمی گونجاو بدۆزرێتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ ناچێتە ژێریاری داواكاریی بەغدا، ئەگەر له ‌بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەبێت.

هـ ـ ح

بەپەلە