٢٠ ملیار دۆلاری خەوتووی سەرمایەدارانی ھەرێم زەكاتی لێدەكەوێت

کوردستان

24/05/2019‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لە ھەرێمی كوردستان سەرمایەی خەوتوو، كە پێویستە زەكاتی لێدەربكرێت لە سەروو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەمی سەرمایەدارەكان زەكات لە سەرمایەكانیان دەردەكەن‌و ھاوكاری خەڵكی ھەژار و نەخۆش و كەمدەرامەت دەكەن.

یاسین مەحمەد وتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنەرانی كوردستان لەو بارەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی بڕی زەكاتی سەر سەرمایەی سەرمایەدارانی ھەرێمی كوردستان قسەی كرد و بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەكات، كە بەشی زۆری بەرپرس و سەرمایەدارەكانی ھەرێمی كوردستان خۆیان لە بەخشین و دەكردنی زەكات لە سەرمایەكانیان دەدزنەوە و ھاوكاری كەسانی ھەژار و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش ناكەن.

یاسین مەحمود وتی: "لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئاستی دارایی سەرمایەدارانی ھەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی گەورەی بەخۆوە بینی و تا ساڵی ٢٠١٣ ژمارەكان زۆر دەگۆڕا و زۆر شتی سەیر و سەمەرەش لە دروستبوونی سەرمایەداری ملیۆنێر روویدا، كە ھەندێك كۆمپانیا سەرمایەكانیان گەیشتە سەروو یەك ملیار دۆلار، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و سەرھەڵدانی قەیرانەكان بەشێك لە سەرمایەدار و كۆمپانیاكان بە ئەندازەیەكی چاوەڕوان نەكراو مایەپووچ بوون".

ئەو وتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان سەرمایەی خەوتوو، كە پێویستە زەكاتی لێدەربكرێت لە سەروو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە ئەو پارەیە لە لای سەرمایەدار و دەوڵەمەند و حیزبەكانە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ساڵانی رابردووش لە ھەرێمی كوردستان بیندراوە زەكاتی دوو ملیار دۆلاریش نادرێت، بەو پێیەش لەسەدا ٩٠ی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەكانی كوردستان زەكات لە سەرمایەكانیان بەپێی پێویست دەرناكەن".

سەبارەت بەھۆكاری ئەوەش، یاسین مەحمود وتی: "كێشەكە لەوەدایە سیاسەتی حكومەتی ھەرێم و لاوازی سیاسەتی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەوەبووە، كە نەمانتوانیوە فەرھەنگی خەڵك و دەوڵەمەندەكان ئاوێتە بكەین لەگەڵ فەرھەنگی خەڵك و دەوڵەمەندەكانی وڵاتانی ھاوشێوە و ئیسلامی، ئەوەش زیانی گەورەی بە ھەژاران و نەداران گەیاندووە، لەگەڵ نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە كۆكردنەوەی زەكات و نەبوونی سندوقی زەكات و دەزگایەكی زەكات لە ھەرێمی كوردستان".

وتەبێژی وەبەرھێنەرانی كوردستان باس لەوەش دەكات، كە لە كۆی ئەو دەوڵەمەند و وەبەرھێنەرانەی لە لای رێكخراوەكەیان تۆماركراوە رێژەیەكی زۆر كەمیان زەكات لە سەرمایەكانیان دەردەكەن، كە ئەوەش ناگاتە لەسەدا ٧ بۆ ٨ی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەكان لە كاتێكدا لە بەشێك لە وڵاتانی دیكی ئیسلامی سەرمایەداران لە كاتی وەرگرتنی ھەر پڕۆژەیەكدا ناچار دەكەن بە ئاشكراكردنی لیستی دەركردنی زەكات لە سەرمایەكانیان.

ئەو ھەروەھا وتی: "ئەگەر بە شێوەیەكی رێكوپێك و تەنیا لەسەدا ٧٠ی زەكاتی سەرمایەدارەكان بدرێت لە ھەرێمی كوردستان، ئەوا ساڵانە بوودجەی زەكات لە ھەرێم دەگاتە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش بوودجەیەكی گەورەیە و خزمەتی گەورە بە كەسانی ھەژار و كەمدەرامەت و نەخۆش دەكات".

یاسین مەحمود بەنیگەرانییەوە باس لە بابەتی زەكات و دەركردنی زەكات لە سەرمایەی سەرمایەداران دەكات و دەڵێت: "بەداخەوە بابەتی زەكات لە ھەرێمی كوردستان زۆر خراپە و بە ھۆی پێ نەدانی زەكاتەوە رێژەی ھەژاری ساڵ لە دوای ساڵ بەرزتر دەبێتەوە، بەجۆرێك ئەگەر حكوومەتێكی دادپەروەر بێتە پێشەوە و لێپێچینەوە بكات لەوەی بەشێك لە دەوڵەمەندەكان وەك ئەوەی زەكات نادەن بوونەتە قۆرخكار بەسەر ھەژارانەوە و وەك پرد بەسەریاندا دەپەڕنەوە بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و پارەیەكی زۆری خەڵكانی كەمدەرامەتیان بە ناوی دروستكردنی خانووبەرەوە بردووە".

بەوتەی وتەبێژی یەكێتیی وەبەرھێنەرانی كوردستان، رێژەی ھەژاری لە ھەرێمی كوردستان زیاترە لەو رێژەیەی بڵاودەكرێتەوە و دەگاتە لەسەدا ٢٠ی دانیشتووان، ھەروەھا بەشێكی زۆری خەڵك پێویستی زۆری بە ھاوكاری ھەیە تاوەكو جەژن بكاتەوە.

زەكات لە زمانی عەرەبیدا، بەمانای گەشەكردن و پاككردنەوە و زۆربوون دێت، خوای گەورە لەسەر موسڵمانانی فەرز كردووە لەو سەروەت و سامانەی پێی بەخشیون ساڵانە بەشی ھەژار و كەسانی كەمدەرامەتی لێدەربكەن و ھاوكاریان بكەن.

لیژنەی باڵای فەتوا لە ھەرێمی كوردستان بڕی زەكاتی وا دیاری كردووە كە ھەر كەسێك بڕی دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری ھەبێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕبووبێت ئەوا لە ھەر یەك ملیۆن دینار ٢٥ ھەزار دینار زەكاتی دەكەوێت.

هـ ـ ح