یەكەم شكستی نێچیرڤان بارزانی.. نزیكەی نیوەی هێزە كوردییەكان دەنگیان پێنەدا

کوردستان

30/05/2019‌ 3383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەك لە ناوچەكە باوە، پۆستە گرنگەكان، كە چارەنووسی هاووڵاتییانیان پێوە بەندە، بە میرات بەجێدەمێنن، لە باوانەوە بۆ كوڕان، لەوانیشەوە بۆ نەوەكان، ئەوانە ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی دیموكراسیەتێكدا ڕێكدەخەن، كە بە باڵای خۆیان دروییانە، پارتە كوردییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەم هاوكێشەیە بەدەر نین.

زۆر دەمێكە بنەماڵەی بارزانی فەرمانڕەوایی هەرێم دەكەن، پۆستە گرنگەكانیش لە بنەماڵەكەی خۆیان دەرناچن، هەتا ئەگەر باجەكەی پەكخستنی پەرلەمان و حكومەت و بەرژەوەندی خەڵكیش بێت، هەتا ئەگەر دیموكراسی بۆ بكەنە پەڕۆیەكی پاككردنەوەی پۆخەڵییەكان.

هەر ئەمەش هۆكاری تەنگژەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی سەردەمی مەسعود بارزانی بوو، كاتێك مكوڕ بوو بۆ ماوەی 12 ساڵ لە سەرۆكایەتی هەرێم بمێنێتەوه، لەو پێناوەشدا دیموكراسیەتی توڕدا، ئەگەر ناڕەزایی جەماوەریش نەبایە، 12 ساڵی دیكەش بەردەوام دەبوو.

پڕۆسەی سیاسی هەرێم زۆر لە بەغدا جیاوازتر نییە، دوای هەڵبژاردنەكەی 30 سێبتێمبەری ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نزیكی ساڵێكی خایاند، ناشزانرێت پێكهێنانی حكومەتەكەی چەندی دیكە دەخایەنێت، كە مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.

مكوڕبوونی پارتەكەی بارزانی لە وەرگرتنی پۆستە گرنگەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم، وایكرد پەلە بكەن لە سازدانی دانیشتنی پەرلەمان، سەرباری بایەكۆتكردنی لە لایەن فراكسیۆنی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان كە دیارترین كێبڕكێكاری پارتەكەی بارزانین، هەروەها پارتی دیكەی گرنكیش، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە سوودوەرگرتن لە (45) كورسی پەرلەمانی و (12) كورسی گۆڕان، كە لە ڕقی یەكیەتی دەنگیان بە پارتەكەی بارزانیدا، هەروەها بە دەنگی‌ كورسی كەمینەكان، دەنگدانەكەی بردەوە.

بەوردبوونەوەی لەوانەی دەنگیان بە نێچیرڤان بارزانی داوە، دەردەكەوێت نزیكەی نیوەی هێزە كوردییەكان دژی بوون، ئەمەش بە نسكۆ دادەنرێت لە مێژووی سیاسی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەو كۆدەنگی بۆ گرتنەدەستی ئەو پۆستەی پێ مسۆگەر نەكرا، سەرباری ئەوەی وەك باشترین جێگرەوەی مەسعود بارزانی ناوزەد دەكرا. 

ناڕەزایی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان لە پارتی، بە هۆی ئەو پۆستانەوە بوو كە ئەو حزبە لە هەرێم و بەغدا داوای گرتنەدەستیان دەكات، بەڵام خاڵی لێكترازانی نێوان ئەو دوو حزبە ، بە هۆی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بوو، كە یەكیەتی مكوڕە لەسەر وەرگرتنی ، یەكیەتی گەرەكی بوو پێش دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم ، پۆستی پارێزگاری بۆ یەكلایی بكرێتەوە.

كەواتە هەردوو پارتەكە گرفتیان نییە لە بەشبەشینەی حزبی و خێزانی، بەڵكو گرفتەكە تەنها پەیوەستە بە پۆستەكانەوه، ئەمەش‌ جێگەی ناڕەزایی زۆرینەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانە.

نێچیرڤان بارزانی.. لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی
 سەرباری ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە نەوەدەكانەوە زۆر پۆستی گرنگی لە هەرێمی كوردستان گرتوونە دەست، كەچی ئەستیرەی بەختی دەرنەكەت، تا ئەو كاتەی میراتە قورسەكەی مەسعود بارزانی مامی بۆ مایەوە، دوای ئەوەی ناوبراو بۆ جیابوونەوە لە عێراق، بە سەركێشی ڕیفراندۆم هەستا. دواتر نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستان گرتەدەست، هەوڵیدا كون و كەلەبەرەكانی پەیوەندییە ناوخۆییەكانی هەرێم ،پەیوەندییە دەرەكییەكان لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەر و دەوڵەتە بكەرەكانی جیهان پڕبكاتەوە، ئەو دەوڵەتانەی ئامۆژگاریان كردن كە ڕیفراندۆم نەكەن.

نێچیرڤان بارزانی لە چاككردنەوەی زۆرێك لە پەیوەندییەكان سەركەوتوو بوو، سەرباری بڕیارە قورسەكانی عەبادی دژ بە هەرێمی كوردستان، گەچی نێچیرڤان بارزانی توانی لێزانانە بارگرژی نێوان بەغدا و هەرێم خاوبكاتەوە، ئەمەش‌ بۆ كەسێتی دبلۆماسیەتی نیچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە كە بە دوورە لە ووتار و دروشمی ئاگرینی پێداهەڵدانی نەتەوەیی كە مەسعود بارزانی مامی هەڵگریان بوو.

نێچیرڤان بارزانی بە پێچەوانەی باڵی هەڵۆكانەوە، توانی ڕۆڵی كۆترەكان بگێڕێت لە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان، سوودی لە پەیوەندی باشی عادل عەبدولمەهدی وەرگرت بە سەركردە كوردییەكانەوە كە ئەرێنیانە بوو بۆ هەرێمی كوردستان، توانیشی سود لە هاوپەیمانییەكان وەرگرێت لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان، ئەمانەش وایان لە كوردەكان كرد لە هەموو كەس زیاتر پشتیوانی عەبدولمەهدی بن.

سەرباری سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە چاككردنەوەی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، بەڵام هێشتا لەگەڵ یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، كە بەهێزترین ڕكابەری پارتییە لە هەرێم، دۆخەكەی بۆ نەهاتەوە سەر ڕیتمی جارانی، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندییەكانیان لە ئاكامی شەڕكردن دژ بە حكومەتی مەركەزی بەغدا لە كەركوك پشێوی زۆری تێكەوت، كە سەركردەكانی پارتی یەكیەتییان بە ناپاك لە قەڵەمدا، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سیاسەتی ئەمری واقع مامەڵەی كرد، بۆیە هەوڵیدا بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەنگژەی هەرێمی كوردستان، هەرچۆنێك بێت لەگەڵ یەكیەتی ڕێكبكەوێت.

سەرباری هەموو كۆششەكان، دوای ساڵێك لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم، دوو پارتە كوردییەكە لەسەر پۆستەكان ڕێكنەكەوتن، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بوونە قوربانی پەراوێزخستن و زۆریان بایەكۆتی گفتوگۆ سیاسییەكانیان كرد و دژ بە دوو حزبەكە ڕاوەستان.

سەرباری ناكۆكی قوڵی ئەو دوو حزبە، كەچی كۆششی خۆیان دژ بە ئۆپۆزسیۆن یەكخست، لەمەشدا سوودمەندبوون لەوەی زاڵن بەسەر هەموو دەزگا ئەمنییە گشتییەكانی هەرێمدا، ئەمە جگە لەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان لەبن دەستدان، ئەمەش بۆ لاوازكردنی پارتەكانی دیكە و پەراوێز خستنیان و لێكەهەڵوەشاندنیان، دیارترین نموونەش ئەوە بوو كە بەسەر جوڵانەوەی نەوەوی نوێ و باقی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەدا هات.

سەرباری هەموو ئەوەی لەسەر نێچیرڤان بارزانی باسكرا، كەچی ناوبرا تووشی شكست و نسكۆی گەورە بوو لە فەرمانڕەوایدا، بە تایبەتیش لە بواری ئابووریدا، كە وای كرد هاووڵاتییان لە دژی سیاسەتەكانی حكومەتەكەی و تەنگژە ئابوورییە خنكێنەرەكەی، بڕژێنە سەر شەقامەكان و توڕەیی خۆیان دەربڕن.

لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا، هەڵاوسانی فەرمانبەرانی ناكارا بە هەزاران زیادیان كرد، كە زۆرینەی دەرامەتەكانی حكومەتیان بۆ خۆیان بردووە، ئەم سیاسەتە كەرتی تایبەتی لاواز كرد، بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیشی بە ڕووی كاڵا توركی و ئێرانی و جیهانییەكاندا واڵا كرد، ئەمەش بووە هۆی شێواوی بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی كوردی، ئەمەش‌ كۆچكردنی ملیونەها لادێنشین و نیشتەجێ بووینان لە شارە سەرەكییەكانی لێكەوتەوە.

هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دواتریش پێكهێنانی حكومەتەكەی، دوا گرفتی كوردەكان نابێت، دوا كێشمەكێشمی سیاسی ناو هەرێم و پەیوەندی ئاڵۆزیان نابێت لەگەڵ حكومەتی مەركەزی، پێناچێت ئەم گرفتانە بە یەكجاری ڕوویان لە چارەسەر بێت، ئایا نێچیرڤان بارزانی چارەسەری بۆ ئەو گرفتانە پێیە؟ ڕۆژانی ئایندە ووڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

سەرچاوە: ن بوست 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر