بۆچی ئێمه‌ له‌ گه‌ردوندا تەنیا نین؟

جیهان

30/05/2019‌ 1125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێمە و گۆی زەوی ئەوەندەی دەنکە لمێکیش نین لەسەر کەنارێکی پان و گەورەی زەریایەک بە بەراورد، ئەگەر ئێمە تەنیا بین، ئەم هەموو فراوانیەی گەردوون بۆ؟

نابێت تەنیا بین، چونکە هەموو کونج و بستێکی گەردوون بەیەک کۆمەڵە یاسا و ڕێسای فیزیایی بەڕێوە دەچێت، هەروەها هەموو گەردوون لە هەمان کۆمەڵە توخم دروست بووە، لە هەر گۆشەیەکی گەردوون بارودۆخ گونجاو بێت بەپێی یاسای ئەگەرەکان Probabilities لەم فراوانیە عەقڵ وەستێنەی گەردوون دوور نیە ژیان لە ملیۆنەها و بگرە ملیارەها شوێنی تری گەردوون ژیان دروست بووبێت، ئەو بەشەی گەردوون کە دەتوانین چاودێری بکەین پێی دەووترێت گەردوونی بینراو، بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوە تەنیا ئەو بەشە سەدەها ملیار گەلەئەستێرەی تێدایە، هەر یەکێکیشیان دەیەها ملیار بگرە سەدەها ملیار ئەستێرەی تێدا هەیە، دەشێت هەموو گەردوون زۆر لەوەش فراوانتر و گەورەتر بێت...

لەوانەیە بوون و سەرهەڵدانی بوونەوەری زیرەک لە گەردوون زۆر دەگمەنتر بێت لە ژیانی سەرەتایی بەپێی هەمان کۆمەڵە یاسا واتە یاسای ئەگەرەکان، لەبەر ئەوەی بۆ نمونە لەسەر ڕووی زەوی پتر لە سێ ملیار ساڵی پێچووە تاوەکو ژیانی سەرەتایی پەرەی سەندووە بۆ ژیان و بوونەوەری زیرەک، بەڵام ئەگەری بوونی بوونەوەری زیرەک هێشتا هەر گەلێک زۆرە، ئاخر تەنیا لەنێو گەلەئەستیرەکەی ئێمە واتە ڕێی کاکێشان لایەنی کەم لە نێوان 100 بۆ 200 ملیار ئەستێرە هەیە، دەیەها ملیار لەوانە هەسارەیان هەیە وەکو کۆمەڵەی خۆری ئێمە، گەلێک لەو هەسارانە لە زۆنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دەشێت ئاو هەبێت لە دۆخی شل کە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ دروستبوونی ژیان بەو شێوەیەی لەسەر ڕووی زەوی دەیزانین، دەشیت ژیان بەجۆر و شێوەی تریش هەبێت کە ئێمە جارێ نایزانین...!

بەم زووانە لە ئەڵقەیەکی تایبەت بە ووردی باس لەم بابەتە دەکەم

لوقمان حەوێز/ تێکساس