لەناو یەكێتی هەمووان داوای كۆنگرە دەكەن
كەس خۆی لەقەرەی بڕیاری بەستنەكەی نادات

کوردستان

02/06/2019‌ 1340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاری هەر بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكرێتەوە بەگرنگی دەزانێت، حیزبەكەی لەئێستادا كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەمووان داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، نە سەركردایەتی بڕیاری لێدەدات، نە مەكتەبی سیاسی كارو ئامادەكاری بۆ بەستنەكەی دەكات.

رۆژی شەممە، 44مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی بوو، كە بەو بۆنەیەوە لەكەركوك‌و سلێمانی چەند مەراسیمێك سازكراو لەمەراسیمەكان بەرپرسانی ئەو حیزبە قسەیان كردو جارێكی تر داوای بەستنی كۆنگرەیان كردو ئەوەیان بەگرنگ زانی بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی.

بەرپرسانی یەكێتی گۆڕانكاری لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان بەگرنگ دەزانن، بۆیە داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، بەڵام لەناوخۆی یەكێتی هێشتا پرسی بەستنی كۆنگرەی چوارەم باسی لێوەنەكراوەو هیچ وادەیەك بۆ بەستنەكەی دیارینەكراوە.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی یەكێك بوو، لەو بەرپرسانەی یەكێتی رۆژی شەممە قسەی لەسەر بەستنی كۆنگرە كردو وتی: گرنگە كاتێكی گونجاو بۆ بەستنی كۆنگرە دیاری بكەین، بەڵام ئێستا سەرقاڵی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمین، دوای ئەوە بیر لەو كاتەش دەكەینەوە.

یەكێتی دەبوو لەكۆتایی 2014 كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حیزبە كۆنگرە تائێستا نەبەسراوەو تەنانەت وای لێهاتووە، بەستنی كۆنگرە بووە بەگرێكوێرەیەك‌و ئەستەمە بەم سەركردایەتییەی ئێستا بكرێتەوە.

پێشتر چەند وادەیەك بۆ بەستی كۆنگرە باسی لێوەكرا ، بەڵام لەساڵی 2014 بیانووی هەڵبژاردن‌و ساڵانی تر بیانووی شەڕی داعش‌و ئەم دوو ساڵەش بیانووی جارێكی تر هەڵبژاردن پێكهێنانی حكومەت بووەتە بەربەست لەبەستی كۆنگرە، ئەوەش بەقسەی بەرپرسانی یەكێتی.

حاكم قادر حەمەجان، كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكێكی تر بوو لەو بەرپرسانی یەكێتی، قسەی لەسەر بەستنی كۆنگرە كردو باسی لەوە كرد، هەموو ئامادەكارییەك بۆ بەستی كۆنگرە كراوە، بەڵام دەبێت كاتێك دیاریبكەن، بۆ ئەوەی گۆنجاو بێت بۆ بەستی كۆنگرە.

هەروەها مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی راگەیاند، هەموو سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەیە، بۆ ئەو مەبەستەش سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بڕیاری لێدەدەن.

یەكێتی تائێستا سێ‌ كۆنگرەی بەستووە، لەكاتێكدا 44 ساڵ تەمەنی هەیەو دەبێت هەر چوار ساڵێكیش كۆنگرەیەك ببەستێت، كە دواین كۆنگرەی یەكێتی لەساڵی 2010 بوو، بەڵام ئەوەیان بۆ ناچێتە پێشەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەكێك لەسەركردەكانی یەكێتی بە بەردەوامی داوای بەستنی كۆنگرە دەكات‌و رۆژی دامەزراندنی یەكێتیش لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند، كە دەبوو زووتر لەئێستا كۆنگرە ببەسرایە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رەخنەی لەسەركردایەتی حیزبەكەی گرت بەوەی بڕیاری كۆنگرەی پێ‌ نادرێت‌و وتیشی: من باوەڕم بەقسەی ئەو سەركردایەتییانە نییە، كە داوای كۆنگرەی یەكێتی دەكەن، لەكاتێكدا بڕیارەكە بەدەست خۆیانەو دەتوانن وادەی بۆ دیاری بكەن.

هـ ـ ح