بەغدا لەبەردەم بژاردەكان.. ناكۆكی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەبەرانبەر كێشەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران

عیراق

13/06/2019‌ 1320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی ئاگادار لە بەغدا، ئەوەیان ئاشكرا كردووە یەكتربڕینێك هەیە لە هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەمەڕ تەنگژەی ئێران و ئەمریكا، لە كاتێكدا بەرهەم ساڵح وای پێباشە عێراق ڕۆڵی هێوركردنەوە و خاوكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنە ببینێت، كەچی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیر دەیەوێت حكومەتەكەی لەكاریگەری ئەو بارگرژییانە بەدوور بگرێت.

پێناچێت بەغدا هەروەك لە میدیاكانەوە باسی لێوە دەكرێت، سەرقاڵی گەڕانبێت بە دوای دەرچەیەك بۆ ئەو تەنگژەیە، ئەمەش لە پێشوازیەكەی ڕۆژی 4 شەممەی ڕابردووی محەمەد حەكیمی وەزیری دەرەوەی عێراق لە یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عومان بەدیاركەوت، چونكە گفتوگانیان بەدوور بوو لە هەر ئاماژەیەكی ڕوون سەبارەت بەوەی نێوانگیرییەكی ڕاستەقینەی عێراق لە نێوان ئەو دوولایەنە لە ئارادابێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق گووتی حەكیم و بن عەلوی باسیان لە هاریكاری و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو ووڵات و دیدگایان سەبارەت بە پرسە هەرێمییە هاوبەشەكان كردووە و دیدگایان سەبارەت بە چارەسەری تەنگژە سیاسییەكانی ئێستای ناوچەكە و ئاشتی و سەقامگیری وەك یەك بووە.

سەردانی وەزیرە عومانییە دوای چەند كاتژمێرێكی كەم بوو لە دانپێدانانی عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوەی تەنگژەی نێوان واشنتۆن و تاران بەدەست ئەوانەوە نییە تاوەكو شتێكی تێدا بكەن، ئەوەی پێشیان دەكرێت تەنها ئەوەیە تەنگژەكە ووردكەنەوە و چارەسەریشی بۆ بدۆزنەوە، ووتیشی هیچ لایەك جەنگی ناوێت، بەڵام هێشتاش نەگەیشتوونە ئاشتی.

پێشتریش عەبدولمەدی ووتبووی كە عێراق لە تەنگژەی نێوان تاران و واشنتۆندا كۆششی دبلۆماسی گەورەی كردووە و هێشتاش لە كۆششەكانیان بەردەوامن.

ئەو دبلۆماسییە عێراقییانەی بۆ "عەرەب" دوان سەبارەت بە تەنگژە ناوبراوەكە، دەڵێن كە نێوانگیرییەكەی عێراق تەنها ڕوخسارییە (شكلی) . ووتیشیان عێراق ئەجێندایەكی فەرمی لەبارەی نێوەندگیرییەوە نەخستۆتەڕوو ، ئەوەی بووە مانگی پێشوو،  هەردوو سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران سەردانی تارانیان كردووە بۆ زانینی ڕاستی و دروستی هەڵوێستی تاران لەمەڕ تەنگژەكە. 

ئەو دبلۆماسییە عێراقییانە ئەوەشیان دووپات كردۆتەوە كە عێراق هیچ شاندێكی دیكەی بۆ تاران نەناردووە، هیچ بەرپرسێكیش سەردانی واشنتۆنی نەكردووە بۆ پرسی نێوانگیری لەو تەنگژەدا.

جگە لەو دیدارەی نێوان" فالح فەیاز" ی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و "جۆی هود" ی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هیچ بەرپرسێكی دیكەی عێراقی لەگەڵ دەستە دبلۆماسییەكانی ئەمریكا لە عێراق و دەرەوەی عێراقدا لە پەیوەندیدا نەبووە.

سەرچاوەكان دەڵێن عەبدولمەهدی وای پێ باشترە تەنها باس لە نێوانگیری بكەن و پێشدەستی ڕاستەقینە نەخەنەڕوو، بەو پێیەی پەی بە سەختی و دژواری دۆخەكە دەبات و پێی وایە عێراق چانسی ئەوەی نییە كاریگەری لەسەر هەردوو لایەنی تەنگژەكە هەبێت.

سەرچاوەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە سەرەتا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، خوێنگەرمانە پێشنیارەكەی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقی پەسەند كردووە سەبارەت بە هەڵوێستی عێراق لە تەنگژەی نێوان ئەمریكا و ئێراندا كە بۆچوونی هەردوولا لێك نزیك بكەنەوە ، بەڵام چەند ڕۆژێك دواتر و دوای پەیبردنی بە ئاڵۆزییەكانی دۆخەكە، هەڵوێستەكەی ساردی تێكەوتووە.

سەرچاوەكان دەڵێن عێراق پێشوازی لە هەنگاوێكی نێوانگیری لەو جۆرە دەكات، ئەمەش باشترین شتێكە لەو قۆناغەدا ئەنجامی بدات. چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت عێراق تواسنتی ئەنجامدانێكی نێوانگیرییەكی لەو جۆرەی نییە، ئەم ڕۆڵە لە عێراق گەوەرەترە، بەو پێیەی عێراق بەشێكە لەو گرفتەی بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ململانێكە. 

چاوێرە سیاسییەكە لە لێدوانیكیدا بۆ "عەرەب" ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە تاران و واشنتۆن پێشتر خۆپارێزی خۆیان لەو هەوڵانەی سیاسییە عێراق دەربڕیووە بەوەی ئەوان نێوانگیری هەردوولا بكەن. ووتیشی سەردانی وەزیرە عومانییەكە تەنها بۆ پرسیاركردن بووە لە هەڵوێستی عێراق لە ئەگەر بەرپابوونی جەنگ و هەڵكشانی سەربازی نێوان تاران و واشنتۆن، بەدووریش دەزانرێت هیچ نامەیەكی لە باری نێوانگیرییەوە بۆ بەغدا پێ بووبێت، چونكە ئەو پیاوە كە ووڵاتەكەی پێشنیاری نێوانگیری نێوان ئەمریكا و ئێرانی كردووە، ئەو جۆرە ئەركانە ناگرێتە ئەستۆ. 

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر