وشكەساڵی لەموسڵ نهێنی كۆشكێكی ٣٤٠٠ ساڵی هەڵدەداتەوە

عیراق

30/06/2019‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شوێنەوارناسان ڕایانگەیاند، كشانەوەی ئاو لە بەنداوی موسڵدا یەكێك لەگرنگترین دۆزینەوە جوگرافییەكانی ناوچەكەی ئاشكراكرد، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتانییەكان.

زانكۆی تیوبینجن ئاشكرایكرد، كە تیمێكی هاوبەشی شوێنەوارناسانی كوردو ئەڵمانی كۆشكێكی تەمەن ٣٤٠٠ ساڵەیان دۆزیوەتەوە، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی پڕ نهێنی و ئاڵۆزیی میتانیی.

ئەم دۆزینەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ كشانەوەی زۆری ئاوی بەنداوی موسڵ.

حەسەن ئەحمەد، كە شوێنەوارناسێكی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆكە دەڵێت ''دۆزینەوەكە یەكێكە لە گرنگترین دزۆینەوەكانی چەند دەیەی ڕابردوو و سەركەوتنی هەماهەنگی كورد و ئەڵمانیامان نیشان دەدات.''

ئیڤانا پولیز شوێنەوارناسی زانكۆی تیوبینجن دەڵێت ''ئیمپراتۆریەتی میتانی كەمترین لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە، تەنانەت نازانرێت كە پایتەختەكەی كوێ بووە.''

تیمەكە كاتێكی كەمی لەبەر دەمە، چونەك ئاوی دەریاچەكە لە ئێستادا لە بەرزبوونەوەدایە و لە كۆتاییدا پاشماوەكە دادەپۆشێتەوە.  تا ئێستا لانی كەم ١٠ تاتی نووسراوی بزماری و چەند تابلۆیەكی ڕەنگاوڕەنگی سەر دیوار دۆزراونەتەوە.

ئێستا دەستەیەك توێژەری ئەڵمانی لە هەوڵی لێكدانەوەی نووسینە بزمارییەكاندان و هیواخوازن كە ئەم نووسراوانە زانیاری تازە لە بارەی ئیمپراتۆریەتی میتانییەوە ئاشكرا بكەن، كە سەردەمێك بەشێكی سوریا و باكووری میسۆپۆتامیای لەژێر دەستدا بووە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز