لەمیدیاكانەوە.. ئەنجوومەنی پارێزگاری بەسرە دەست بۆ كارتی بەرهەرێمبوون دەبات

عیراق

03/07/2019‌ 614 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

دۆسییەی بەسرە
دوای دوو ڕۆژ لە ناڕەزاییەكانی خەڵكی بەسڕە و گەمارۆدانی ماڵی "سەباح بەزونی" سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە ، ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە كارتی "بە هەرێمبوون" ی خۆی دووبارە بەرزدەكاتەوە، چالاكوانانیش پێیان وایە ئەم كارە بۆ خۆدزینەوەیە لە بەدەنگەوەهاتنی شەقام بەسڕە. ئەنجومەنەكە یەكەمجار لە بەهاری ڕابردوو، دەنگی خۆی خستەپاڵ ئەو دەنگانەی داوای هەرێمی فیدڕاڵی بەسڕە دەكەن، واش بڕیارە بە ڕاسپاردەیی حكومەت هادی عامری سەرپەرشتی بەسڕە بكات. سێ ڕۆژیش پێش ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە داوای ئەنجومەنەكە (بە هەرێمبوونی بەسڕە) یان حەواڵەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە. 

ئەحمەد ستار، كە یەكێكە لە ناڕازییەكانی بەسڕە بۆ "مەدا" وتی ڕاگەیاندنەكەی بەزونی هەڵاتنە لە ڕووبەڕووبوونەوە "هەڵاتنە بۆ پێشەوە"،  تاوەكو ڕووبەڕووی گرفتەكانی پارێزگاكە نەبنەوە. جەماوەری ناڕازیش پێشتر دەوری ماڵی بەزونی- یان دابوو لە بەسڕە، دواتر خزمەكانی تەقەیان كرد و دەربازیان كرد.
 
لە پارێزگای بەسڕە ململانێ لە نێوان لایەنە سیساییەكان گەرمە لەسەر پۆست و پلە باڵاكان، ئەنجومەنی پارێزگاكەش لە كۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوو، سۆزداری هەندێك لە خەڵكانی ناڕازییان بەدەستهێناوە لە بانگەشە بۆ بەهەرێمبوونی بەسڕە، بەو پێیەی بەدوا چارەسەری گرفتەكانی دەزانن، 20 لە ئەندامانی ئەنجومەنەكەش دەنگیان بۆ ئەو پێشنیارە داوە، هەماهەنگكاری ناڕەزاییەكانیش دەڵێت دۆخە سیاسییەكەی وڵات لەبار نییە بۆ پێشنیارێكی لەو جۆرە و بەربەستی یاسایشی لەبەردەمدان، واش چاوەڕێ دەكرێت لە ڕاپرسییەكی گشتیدا، نیوەی دەنگدەرانی بەسڕە كە یەك ملیۆنن، دەنگ بۆ پڕۆژەی بەهەرێمبوونی شارەكەیان بدەن، ڕەنگە ئەمەش سەخت و دژوار بێت بە هۆی پەرتبوونی دەنگی شەقامی شارەكە سەبارەت بە پرسەكە.

ئێران یاری بەئاگر دەكات
ڕادیۆی سوا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا ئێران یاری بە ئاگر دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی تاران ڕایگەیاند بڕی ئەو ڕێژە پلاتینیۆمە پیتێنراوە تێپەراندوو كە لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 بۆ دیاریكراوە.

ئەم هۆشدارییەی تڕەمپ، دوای ئەوە هات كە كۆشكی سپی لەسەر زاری "ستیڤانی غریشام" ی ووتەبیژی فەرمییەوە ڕایگەیاند كە لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان ڕێگە بە ئێران نادەن چەكی ئەتۆمی پەرەپێ بدات و تا ئەوپەڕی ڕادەش فشار دەخەنە سەر تاران بۆ ناچاركردنی بە دەستبەرداربوون لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی. وتیشی كارێكی هەڵە بوو كە ڕێگە بە ئێران درا یۆرانیۆم بپیتێنێت، دەبێت ڕێسا كۆنەكانیش لەو بارەوە زیندوو بكەینەوە بۆ بەرگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی. 

لە ئاكامی بارگرژی نێوان تاران و واشنتۆن، ئیدارەكەی تڕەمپ سزای قورسی بەسەر كەرتی نەوتی و دارایی ئێراندا سەپاند. ئێرانیش ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەكەدا دەجوڵێتەوە كە دوو بەندی تێدان و ڕێگەی ئەوەی پێ دەدەن لە هەندێك لە پابەندییەكانی دەرچێت، بەو هۆیەی لایەنی بەرامبەر پابەندی وابەستەكانی نەبووە.

بە گوێرەی ڕێككەوتننامەكە نابێت ئێران زیاتر لە 130 تەن ئاوی قورس و 300 كیلۆگرام یۆرانیۆمی كەمپیتێنراوی هەبێت، تاران لە دەستپێكی بەرواری 7 یۆلیۆوە، هەڕەشەی زیادكردنی ئەو بڕە دەكات بۆ 3.6% و دووبارە دەستكردنەوە بە پڕۆژی كورەی ئەتۆمی ئاوی قورس لە ئاراك ، ئەگەر دەوڵەتانی دیكەی (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، چین ، ڕوسیا) ئەندامانی ڕێككەوتننامەكە یارمەتی نەدەن و سزا ئابوورییەكانی لەسەر سوك نەكەن.

ڕۆژنامەی "شەڕقلئەوسەت" نووسیوویەتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە ئێران هەڕەشەكەی جێبەجێ كردووە و ئەو بڕە یۆرانیۆمە كەمپیتێنراوەی تێپەڕاندووە كە لە ڕێككەوتننامەكەدا هاتووە. ئاژانسی هەواڵی فارس- ی نیمچە فەرمیش ڕاستی ئەم هەواڵەی دووپات كردۆتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەمان شتی بۆ  ئاژانسی هەواڵی ئیسنا دووپات كردۆتەوە.

قسەكەرێكیش بە ناوی تیریزا مەی سەرۆك وەزیری بەریتانیاوە ڕایگەیاند كە لەندەن لەگەڵ هاوبەشەكانیدا بە دوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن بۆ دەربازكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە لە هەرەسهێنان،"جێرمی هانت" ی  وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دڵەڕاوكێی حۆی لەوبارەوە دەربڕی كە ئێران ڕێككەوتننامەكەی پێشێلكردووە، ووتیشی شانشینی یەكگرتووە هەموو ڕێگە دبلۆماسییەكان دەگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە و پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەكەوە.

ڕوسیاش لەسەر زاری "سێرگی ڕیابكۆڤ" ی جێگری وەزیری دەرەوەی نیگەرانی خۆی لەو هەنگاوەی ئێران دەربڕی، بەڵام ئۆباڵەكەی خستە ملی كار و كردەوە و ڕەفتارەكانی واشنتۆن، داواشی لە ئێران كرد بەرپرسانە ڕەفتار بكات.

"بنیامین نەتەنیاهۆ" ی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیلیش لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە هانی دەوڵەتە ئەوروپیەكانیدا سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنن

هەڵوێستی بەریتانیا
قودسی عەرەبی نووسیوویەتی كە "جێرمی هانت" ی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ووتوویەتی ئەگەر ئێران دەستبەرداری ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بێت، ئەوانیش لەو ڕێككەوتننامەیە دەكشێنەوە، ئەوان ئارەزوویانە ڕێككەوتننامەكە بەردەوام بێت و تاران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش دڵەڕاوكێی توندی خۆی نیشاندا سەبارەت بە ڕاگەیاندنەكەی ئێران بە پابەندنەبوونی بە بەندەكانی ڕێككەوتننامەكە. داواشی لە تاران كرد لەو هەنگاوە پاشگەز بێتەوە،  ووتیشی ووڵاتەكەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بە ووردی ئەو پرسە تاوتوێ دەكات.

فەرماندەی گشتی فرمانێك بۆ حەشدی شەعبی دەردەكات
ڕۆژنامەی مەدا بڵاویكردەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فرمانێكی بە ژمارە 237 ی تایبەت بە حەشدی شەعبی دەركردووە، نووسینگەی عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی ڕوونكردۆتەوە مەبەستی ئەو فرمانە دەستەبەر و پاراستنی مافەكانی ئەو هێزانەیە تاوەكو باشتر كارەكانیان ڕایی بكەن. بە گوێرەی بەیاننامەكە ئەو هێزانە بەشێكن لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و هەمان یاسا و ڕێساشیان بەسەردا دەسەپێت و دەبێت بە فرمانی سەرۆك وەزیران جوڵە بكەن.

فرمانە دیوانییەكە دەڵێت هەموو ناولێنانەكانی لایەنی حەشدی شەعبی دەگوڕدرێن  و ناوەكانی (لەشكر،لیوا‌و، فەوج، هتد..) یان لێدەنرێت. ئەو هێزانەش كە ئارەزوو ناكەن بێنە ناو سوپاوە، دەتوانن ببنە ڕێكخراوی سیاسی لەژێر چەتری یاسادا، هەموو بارەگا و بنكە سەربازییەكانیشیان دادەخرێن.

توركومانەكان مەرجیان هەیە 
شەفەق نیوز نووسیوویەتی ڕۆژی 2 شەممەی ڕابردوو دەستەی هەماهەنگكاری باڵای توركومانەكان هەڵوێستی خۆیان سەبارت بە پێكهێنانی دامەزراوە ئەمنییەكانی پارێزگاری كەركوك دەربڕی ، بەو مەرجەی جێگرەوە نەبن بۆ هێزەكانی حكومەتی ئیتحادی و حەشدی شەعبی.

دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا لە 30 /6/ 2019 ڕایگەیاند، زۆرینەی ئەندامەكانی لە بەغدا كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كەركوك و پلە تایبەتەكان. دەستەكە سەرسامی خۆشی دەربڕی بەوەی كوردەكان داوای گۆڕینی دامەزراوە ئەمنییەكانی  حكومەتی فیدڕاڵی شارەكە دەكەن. 

ئەوەشیان ڕەتكردەوە پێشمەرگە  و ئاسایش بگەڕێنەوە شارەكە. داواشیان لە پەرلەمانی عێراق كرد تایبەتمەندێتی كەركوك بپارێزن، بەر بە ساختەكاری بگرن، لیستی تۆماری دەنگدەران ووربینی بكرێتەوە و بە سازان پۆستە ئیدارییەكانی شارەكە دابەش بكرێن و بە تەنها لایەنێك قۆرغیان نەكات.

ناڕەزاییەكانی سودان
شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە جەماوەری ناڕازی سودانی، ئۆباڵی شەپۆلی توندوتیژییەكان و قوربانییەكانی سەر شەقام دەخاتە ئەستۆی ئەنجومەنی سەربازی، ناڕەزاییەكانی خەڵكیش لەو ووڵاتە بەرەبەرە توندتر و توندتر  دەبن، لەم دوایەش لاشەی 3 كەسی مردوو لە ئوم دەرمان دۆزراونەوە، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی سودانی حكومی (سونا) ، ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو لە ئاكامی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان 7 كەس كوژران و 180 كەسیش برینداربوون. سەرباری توندی هێزە ئەمنییەكان و بڕینی ئەنتەرنێت و هێڵی تەلەفۆن و بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان، هێشتاش جەماوەری ناڕازی براوەی گرەوەكەیە.

عێراق پێویستی بە 3 ملیۆن و نیو یەكەی نیشتەجێبوون هەیە 
تەریق ئەلشەعب نووسیوویەتی"باسم ئەنتوان" شارەزای ئابووری ڕایگەیاندوو كە ئەو چارەسەرانەی ساڵانە بۆ تەنگژەی نیشتەجێبوون دەخرێنەڕوو بە دەست ئاستەنگی زۆرەوە دەناڵێنن، ئەمەش بە هۆی كرچوكاڵی بڕیارە بێسەرەوبەرەكان كە لە ماوەی حكومەتەكانی پێشوودا دراون.

ئەنتوان وتی عێراق پێویستی بە 3 ملیۆن و نیو یەكەی نیشتەجێبوون هەیە، بە ڕێژەی 200 هەزار یەكەی ساڵانە، ئەمەش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەشونماكردنی دانیشتوان كە ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن زیاد دەكەن، واتە بەڕێژەی 2.6 ، ئەمەش بە بەراورد بە دەوڵەتانی دیكەی جیهان ڕێژەیەكی بەزرزە.

ناوبراو وتیشی حكومەتەكانی عێراقی پێشوو لە باشترین دۆخی خۆیاندا، ساڵانە تەنها 50-60 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان بنیاتناوە، شاری بەغدا گەورەترین كەموكوڕی هەیە لەم ڕووەوە، ئەمەش بە هۆی زۆری كۆچكردن لە لادی و بۆ شارەكان.

ئەنتوان هەروەها وتی لە دوای ڕوخانی رژێمی پێشوو، حكومەتەكانی دواتر گرفتی نیشتەجێبوونیان پێ چارەسەر نەكراوە، بەڵكو هەر خەریكی بەرژەوەندی كەسی خۆیان بوون، ئەمەش بێسەرەوبەرەیی لە نیشتەجێبوون لێكەوتۆتەوە و ژمارەی كۆچبەرانی لادێنشینیش بۆ شار زیادی كردووە، بە ڕادەیەك ئێستا نیوەی دانیشتوانی عێراق كە ژمارەیان گەیشتۆتە 40 ملیۆن كەس، شوێنی شیاوی نیشتەجێبوونیان نییە، گەندەڵیش بڕستی لە حكومەت بڕیووە و دەرامەت و سامانەكانی ووڵاتیش بەفیڕۆدەچن.

ناوبراو وەك چارەسەر دەڵێت پێویستە حكومەتی عێراق پڕۆژەكانی بنیاتنانی ستونی پەیڕەو بكات كە لێكۆڵەرەوە ئابورییەكان پەسەندیان كردووە، بەمەش دەتوانی زۆر تەنگژە چارەسەر بكات و دەستی كاری زۆریش بخاتەكار.

سەرچاوە: میدیا عێراقی‌و جیهانییەكان