ئەو سەركردانەی حیزبوڵڵای لوبنانی كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندوون

جیهان

11/07/2019‌ 942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا سی سەركردەی "حزب الله"ی خستە لیستی سزاكانەوە، كە دوان لەوان ئەندامی پەرلەمانی لوبنانن، بەهۆی گومانی بەكارهێنانی پۆستەكانیان بۆ بەهێزكردنی ئامانجی میلشیاكانی ئێران و بەهێزكردنی چالاكییە خراپەكانی ئێران.

سزاكانی ئەمریكا هەردوو ئەندام پەرلەمان ئەمین شڕی و محەمەد رەعد سەرۆكی كوتلەی وەفا بۆ بەرگری كردنی گرتووەتەوە، جگە لە وەفیق سەفای بەرپرسی دەزگای ئاسایش (یەكەی پەیوەندی و هەماهەنگی) لە ریزەكانی حزب الله.

یەكەمجارە سزاكانی ئەمریكا ئەندامانی پەرلەمان دەگرێتەوە، ئەوانە كێن و هۆكارەكانی سەپاندنی سزا بەسەریاندا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئەمین شڕی
تەمەنی 62 ساڵەو، لە 2005 بە ئەندام پەرلەمان لەسەر بەیروت هەڵبژێرداوە، ساڵی 2018 دووبارە بۆتەوە ئەندامی پەرلەمان، كەسێكی نزیكە لە دەزگای ئاسایشی حزب الله؛ ئەو دەزگایەكی ئەمریكا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لە قەڵەمی دەدات.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا هاتوە " شڕی بە سیفەتی ئەوەی ئەندامێكی سەر بە حزب الله یە وەك میحوەرێك لە نێو كۆمەڵگەی لوبنانیدا لە بەرژەوەندی حزبەكەی كار دەكات و هەبوونی وەك ئەندام پەرلەمان بەكارهێناوە بۆ كاریگەری دروست كردن لەسەر دروست كردنی بڕیار و فشار لە سەر دامەزراوەكانی دارایی بۆ هاوكاری كردنی حزب الله بۆ ئەوەی كاریگەری سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئەو حزبە كەم بكاتەوە".

بەیاننامەكە ئەوەشی نوسیوە: ساڵی رابردوو ناوبراو هەرەشەی توندوتیژی كردوە لە بەرپرسەكانی بانكی لوبنانی و خێزانەكانیان دوای ئەوەی بانكەكە ژمارەكانی پارەداركردنی حزب الله ی سڕ كردوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە: شڕی پەیوەندی لەگەڵ ئەو كەسانەدا هەیە كە لە لیستی تیرۆردان، جگە لەوەش واشنتۆن تۆمەتباری كردوە بەوەی پۆستەكەی بەكارهێناوە بۆ ئامانجەكانی حزب الله؛ كە زۆربەی كات لەگەڵ بەرژەوەندییەكان و حكومەتی لوبنانیدا دژن.

سەرەرای ئەوەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا وێنەی شڕی و فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سلێمانی بڵاوكردۆتەوە، وەزارەتەكە ئەم وێنەیەی وەك دووپاتكردنەوەی ئەوە داناوە كە هیچ جیاوازیەك لە نێوان چالاكیە سیاسی و سەربازیەكانی حزب الله دا نییە.

محومەد رەعد
سەرۆكی كوتلەی حزب الله یە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 هەڵبژێدراوە و تاكو ئێستا بەردەوامە. بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، محمد رەعد بەردەوامی و پێشینە بەكارو چالاكیەكانی حزب الله دەدات و رێگرە لە گەشەسەندنی لوبنان، ناوبراو ئەندامی ئەنجومەنی شورایە لە حزب، ئەنجومەنەكەش پرۆسەی و هێرشە سەربازیەكان بەڕێوەدەبات لە دەرەوەی سنوری لوبنان.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتوە: ساڵی 2009، رەعد بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی شورا، یەكێكە لەوانەی زۆر لە ئەمینداری گشتی ئەو حزبە حسن نصر الله نزیكە، پۆستەكەی وەك سەرۆكی كوتلەیەكی پەرلەمانی دەقۆزێتەوە، سەرەرای ئەوەش سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەجیندای حزب و سیاسەتەكانی لە نێو پەرلەماندا دەكات.

وەزارەتی گەنجینە باسی لەوەش كردوە ناوبراو پەیوەندی بە هاوبەشەكانی دارایی حزب الله ەوە هەیە لە دەرەوەی لوبنان، ساڵی 2017 چاوی بە پیاوە بازرگانەكانی ناو حزبەكە كەوتوە؛ ئەدهەم تەباجەو حسین علی فاعور، ئەوانەی ماوەیەك پێش ئێستا سزاكانی ئەمریكا گرتبونیەوە.

وەفیق سەفا
بەرپرسی یەكەی پەیوەندی و هەماهەنگی لە حزب الله و بەرپرسی هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەلگەی نێودەولەتی و هێزە ئەمنیەكانی لوبنان، ساڵی 1987 كراوەتە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لەلایەن حسن نصر الله، پاشان ناوی ئەو لیژنەیە بۆ یەكەی پەیوەندی و هەماهەنگی گۆڕاوە.

ناوبراو یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی حزب و لە بازنەی بچوكی ئەمینداری گشتی ئەو حزبەدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرای كردوە سەفا بەندەرو سنورەكانی لوبنانی بەكارهێناوە بۆ پرۆسەی بەقاچاغبردن و ئاسانكاری هاتوچۆی ئەندامانی حزب الله، ئەو ماددانەی سەفا بەقاچاغبردوونی ماددەی هۆشبەرو چەك دەگرێتەوە و لە بەندەری بەیرۆتەوە هاوردەی كردوە. جگە لەوەش سەفا پەیوەندی لە هاوبەشەكان و ئەوانەوەی هەیە كە پالپشتی حزب الله دەكەن، و توانیویەتی پەیوەندیەكی پتەو لەگەڵ ئەدهەم تەباجە دابنێت.

واشنتۆن داوای لە حكومەتی لوبنانی كردوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەندامانی حزب الله بپچرێنێ، سەرەرای ئەوەش بڕیاریداوە میكانیزمێك دابنێت بۆ دلنیابونەوە لەوەی هاوكاریە پێشكەش كراوەكان بۆ لوبنان ناگاتە دەست حزب الله.

سەرچاوە: Arab 24
وەرگێڕان: حلمی رسول رەزا