ئایا لەئەركەكەیدا سەركەوتوو دەبێت؟
مەسرور بارزانی "سندوقی نهێنی" هەموو سیاسییەكانی هەرێم

کوردستان

11/07/2019‌ 2875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسروور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی تایبەتمەندییەكە، كە زۆر یارمەتی دەدات بەوەی لەو ئەركە قورسەی وەریگرتووە سەركەوتوو بێت ، ئەویش ئەوەیە نهێنی هەموو بەرپرسان و وەزیر و تەنانەت رۆشنبیرانی كوردستانیشی لایە و دەزانێت كێ دزی كردووە و كێ ماڵی گشتی بردووە و كێ دەستی بەسەر ماڵی حیزبەكاندا گرتووە و كێ سیخور بووە ، هەروەك ئەوانەش دەناسێت راستگۆن و خەڵكی دڵسۆزن .

ئەو سیفەتە شتێكی بنەڕەتییە بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی بەراستی دەزانێت ، لەگەڵ ئەوەی پابەندە بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەوەی بەهۆی هاوپەیمانییەكانەوە بەسەریدا دەسەپێنرێت ، گومانیش دەكرێت لە هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی زانیارییە ئەمنی‌و نهێنییەكانی بەكارهێناوە ، هەر نەبێت لەهەڵبژاردنی ئەوانەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن . 

مەسرور بارزانی لەیەكێك لە هەرە قورسترین هەنگاویدا ئاشتی هەورامی لەوەزیری سامانە سرووشتییەكان دورخستەوە ، هەروەك دەستنیشان نەكردنی هیج كەسێكیش بۆ ئەو پۆستە گرنگ و هەستیارە نیشانەی قورسی ئەو بڕیارەیەی دەگەیەنێت  بەتایبەت، كە ئاشتی هەورامی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی زۆر بەهێز بوون ، بەڵام مەسرور بارزانی ڕووبەرووی یەكەم ئاڵنگاری و قورسترینیان بووەوە.

رەنگە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان (باوكی مەسرور) لە قورسی ئەو ئەركە تێگەیشتبێت، كە چاوەڕیی سەرۆكی نوێی حكومەت دەكات ، هەر لەبەر ئەوە بڕیاریدا بەدانانی مەسرور بارزانی بە سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم ، چونكە ئەگەر مەسرور لەو ئەركە سەركەوتوو نەبێت ئەوە بەدڵنیایی ئەستەمە كەسێكی تر تێیدا سەركەوتوو بێت .

بانكی زانیارییەكانی مەسرور بارزانی وەكو بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی دەبێت لە سەركەوتنی لە ئەركەكەیدا ، كە لەیەكەم لێدوانیدا لەسەر حكومەت و ئەو ئەركەی چاوەڕێی دەكات وادەردەكەوێت ، كە ئەو سوورە لەسەر چاكسازیكردن و سزادانی وەزیرەكان پێش فەرمانبەرانی ئاسایی، لەبەر ئەوەی هەموو نهێنییەكانی لایە و  ئەوانەی گەندەڵن لەگەڵ ئەوانەی خەڵكی دەستپاك بوون باش لەیەك جیا دەكاتەوە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی