کوێستان محەمەد له‌باره‌ی پڕۆژەى موچەی کابانى ماڵ ده‌دوێت

کوردستان

12/07/2019‌ 3495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى کابینەى نوێى حکومەت رایگه‌یاند، بزوتنەوەى گۆڕان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژە چاکسازییەکەى خۆى و باشکردنى ژیانى خەڵک بەشدارى حکومەتى کردوە و دەڵێت: "ئەولەویەتمان چاکسازیی و چاککردنى گوزەرانى خەڵکە، کارنامەى حکومەتیش لە هەمو ئەو بەڵێنانە پێکهاتوە کە لایەنە سیاسیەکان لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا بە خەڵکانى هەرێمى کوردستانیان داوە".

کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى کابینەى نوێى حکومەت له‌ پشكی گۆڕان به‌ میدیاكانی بزوتنه‌وه‌کەی راگه‌یاندووه‌، "بەڵێن دەدەین وەک ستافى گۆڕان لە حکومەتدا چیمان پێبکرێت و چى لە توانا و هێزى ئێمەدا هەبێت بۆ خەڵکى کوردستان درێغى ناکەین".

راشیگه‌یاند، "بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریى ئەم کابینەیە دەکات بۆ ئەوەى پڕۆژە چاکسازییەکەى خۆى جێبەجێ بکات، بۆیە رۆڵى ئێمە و ئەولەویەتمان چاکسازیی و چاککردنى گوزەرانى خەڵکە، پێویستە سەرەتا ئەوەى دەست پێدەکات مەسەلەى ژیان و گوزەرانى خەڵک بێت لە روى موچە و دامەزراندن و دۆزینەوەى هەلى کار بۆ دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان، دواتر مەسەلەى چاکسازى لە هەمو سێکتەرەکان. خۆتان دەزانن هەمو سێکتەرەکان پێویستیان بە پێداچونەوە و بە چاکسازى و رێکخستنەوە هەیە بۆیە ئەمانە هەموى ئەو کارانەن کە ئەبێت ئەم کابینەیە کاریان لەسەر بکات".

كوێستان محه‌مه‌د وتیشی، "بە دڵنیاییەوە کارى ئەم کابینەیە ئەوەیە ئەم کارنامەیە جێبەجێ بکات کە لایەنە بەشداربوەکانى حکومەت ئامادەیان کردەوە نوسراوەتەوە. ئەم کارنامەیە پێکهاتوە لە هەمو ئەو بەڵێنانەى کە لایەنە سیاسیەکان لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا بە خەڵکانى هەرێمى کوردستانیان داوە، سەرکەوتنى ئەم کابینەیەش جێبەجێکردنى کارنامەکەیەتى ئەگەر کارنامەکەى جێبەجێ نەکات کەواتە کابینەکە شکست دەخوات هەر لە سەرەتاوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوون "وەزارەتەکەى ئێمە پەیوەندى بە کۆمەڵێک چین و توێژەوە هەیە ئەوانیش خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و ئەوانەى تۆڕى چاودێرى خێزانى دەیانگرێتەوە و ئەوانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن، جگە لەوانە پەیوەندی بە زیندانیانی سیاسیی و منداڵانی بێ سەرپەرشت و شێڵتەرەکان و دایەنگەکانەوە جگە لە چاکسازییەکان، ئەمە ئەو بەشەی کە کۆمەڵایەتییە بەشەکەى دیکەى کە پەیوەستە بە (کار) پەیوەندی بە رێکخستنەوەی کارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی جێبەجێکردنی زەمانە بۆ ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، راستە یاساکە هەیە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".

وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، "پێویسته‌ هەوڵ بدرێت هەلى کار بۆ هەمو ئەوانە برەخسێندرێت کە ئێستا بێکارن چ بۆ ئەوانەى کە دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکانن چ بۆ ئەوانە کە دەرچو نین و بڕوانامەیان نییە، چونکە ئەوانەش پێویستیان بە ژیان و گوزەران هەیە. هەروەها پێشتر پەرلەمان یاسای قەرزى بچوکى دەرکردوە لەگەڵ باشبونى بودجەى حکومەت پێویستە ئەم یاسایە بەکار بخرێتەوە چونکە هەلى کار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت کە تۆ قەرزێکى ئەدەیتێ بەم قەرزە ئەتوانێت کارێک بۆخۆى بڕەخسێنێت، جگە لەوە رێکخستنەوەى کار لە کەرتى تایبەتدا بەوەى ماف و ئیمتیاز و گەرەنتى هەبێت و دواجاریش خانەنشین ببێت، ئەوانە بەو یاسایە رێکخراون و لەکاتى جێبەجێکردنیدا خەڵک کاتێک زانى هەمان مافى کەرتى گشتى لە کەرتى تایبەتیشدا وەردەگرێت ئەوا تەنها چاوى لە دامەزراندن نابێت".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، له‌ هه‌رێمی كوردستان یاساى ماف و ئیمتیازى کەمئەندامان هەیە، راستە یاساکە وەک پێویست نییە و پێویستى بە هەموارکردنەوە هەیە، چونکە کەموکورتى هەیە و وەک خۆشى جێبەجێ ناکرێت، بۆیە ئەبێت ئەم یاسایە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت لە ئایندەشدا پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەک ئەم یاسایە هەموار بکاتەوە کە ژیان و گوزەرانى کەم ئەندامان دابین بکات.

له‌باره‌ی پڕۆژەى دابینکردنى موچە بۆ کابانى ماڵ كه‌ پێشتر گۆڕان پڕۆژەیەکى گەڵاڵە کرد بۆ کابانى ماڵ، ئێوه‌ بەنیاز هەن کارى لەسەر بکەنەوە؟ کوێستان محەمەد، "ئەوە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى بزوتنەوەکەمان، بەڵام دەبێت پەرلەمان پەسەندى بکات، لە خولى دو و سێى پەرلەماندا ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادە کراوە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، جارێکى دیکە فراکسیۆنەکەمان بە نیازە پێشکەشى بکاتەوە. هەر کاتێک ئەو یاسایە پەسەندکرا ئەوا جێبەجێکردنەکەى دەکەوێتە سەر وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى".
ه.م