شارپرێس:
ئەمجەد عیقابی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی عێراقو حكومەتی هەرێم درووستكراوە تا سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێكەوتنی رادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغدا لەلایەن هەولێرەوە بكات، كە لەسەردانی دوایی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە .
عیقابی لە لێدوانیكی رۆژنامەوانیدا ئاشكراشیكرد، داهاتە نەوتییەكانی چەند مانگی رابردوو بۆ حكومەتی ناوەندی دەگەڕێنرێنەوە، روونیشیكردووەتەوە هەردوولایەن ڕێككەوتوون، كە لیژنەیەك لە وەزارەتی نەوتی هەردوولا درووستبكرێت و ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی رادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات بۆ كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
لەبەشێكی تردا عێقابی ئاشكرایكردووە، هەرێم جەختیكردووەتەوە، هۆكاری رادەستنەكردنی ئەو بڕە نەوتە لەسەرەتای ساڵەوە تائێستا هۆكارەكەی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ئەو ئاڵۆزییەی لە دۆسییەی نەوتی هەرێمدا هەیە تەنانەت شارەزایانیشی تووشی سەرسوڕمان كردووە، كە چی لەو دۆسیەیەدا دەگوزەرێت .
رۆژی ٢٢ی تەمموز ، عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق جارێكی تر پابەندی حكومەتەكەی بە یاسای بودجە دووپاتكردەوە، كە بەپێی ئەوە دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكوومەتی فیدراڵ بكات .
لەكاتی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا عەبدول مەهدی جەختیكردەوە ئەگەر بێت و هەرێمی كوردستان پابەندی ناردنی ئەو بڕە نەوتە نەبێت، كە بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریكراوە ئەوە بەقەد ئەوە لەبەشە بودجەكەی دەبردرێت، كە تائێستاش هەر ئەوەیان كردووە ، باسی لەوەش كرد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەچوارچێوەی بودجە و بەشێوەیەكی رەوا خەرج دەكرێت، كە ئەوەش دڵی خەڵكی كوردستان خۆش دەكات و رۆڵەكانی یەك نیشتمان بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
