زانیارییە دزەپێكراوەكان: هواوی هاوكاری كۆریای باكووری كردووە

هەمەڕەنگ

27/07/2019‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، چەند بەڵگەنامەیەكی دزەپێكراو لەناو كۆمپانیای هواوی ئەوە ئاشكرا دەكەن ، ئەو كۆمپانیا چینییە بۆ درووستكردنی تۆڕی مۆبایل لەكۆریای باكوور كاری لەگەڵ ئەو وڵاتە كردووە ، كە ئەوەش پێشێلكردنی گەمارۆكانی واشنتۆنە بۆ سەر ئەو وڵاتە .

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست رۆژنامەكە كەوتوون ، هواوی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تری چینی بەناوی "پاندا ئینتەرناشناڵ ئینفۆرمەیشن تەكنەلۆجی" چووەتە ناو هابەشییەكەوە و بەیەكەوە كاریان كردووە.

مێژووی بەڵگەنامەكان بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەرێنەوە ، كە ئاماژە بۆ بوونی چەند پرۆژەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دەكات .

دەركەوتنی ئەو بەڵگەنامەیە ئەگەری ئەوەی هەیە كۆمپانیای هواوی تووشی سزای زیاتری ئەمەریكا بكات ، لەبەر ئەوەی واشنتۆن ناردنی هەر كەلوپەل  و پێداویستی بۆ كۆمپانیای پاندای چینی قەدەغە كردووە ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، كە كۆمپانیاكە گومانی ئەوەی لێدەكرێت ئەو ئامێر و كەلوپەلانە بداتە سوپای چینی، یان ئەو وڵاتانەی سزای ئەمەریكایان بەسەردا سەپێنراوە وەكو كۆریای باكوور .

هاوكات وتەبیژی هواوی رایگەیاندووە، كۆمپانیاكەیان ئێستا لە كۆریای باكوور كار ناكات ، بەڵام هیچ سەرنجێك لەسەر ئەوە نادات، كە لەپێشتر كاری لەگەڵ كۆمپانیای وڵاتێكی شیوعی كردبێت .

لەماوەی رابردوودا واشنتۆن كۆمپانیای هواوی خستە لیستی رەشەوە بەهۆی ئەوەی پێیوابوو، كە كۆمپانیاكە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە، هەروەها واشنتۆن رایگەیاندووە، رەنگە هواوی تەكنەلۆژیای سیخوڕیكردن بۆ سوپای چین دابین بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی