شارپرێس:
كۆمپانیای "سامسۆنگ"ی كۆریای باشوور رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەو كەموكووڕییەی لەمۆبایلە چەماوەكەی كۆمپانیاكە ئاشكرابوو، ئێستا كۆتاییان هێناوە بەڕێوشوێنەكانی چاككردنەوەی و كاتی خستنەبازاڕیشیان ئاشكراكردووە .
كۆمپانیای سامسۆنگ رایگەیاند، كۆپی چاككراوەكەی "گالاكسی فۆڵد" لەسەرەتای سێپتەمبەرەوە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی لەهەندێك بازاڕی دیاریكراو بخرێتەروو .
مۆبایلی زیرەكی "گالاكسی فۆڵد"، دەتوانرێت بنووشتێنرێتەوە و نرخەكەشی بە ٢٠٠٠ دۆلار دەخەمڵێنرێت ، لەمانگی شوباتی ئەمساڵ خرایە روو ، كە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو ، بەشێوەیەك ئەو مۆبایلە چەماوە موژدانەی چەرخێكی نوێی لە دیزاینی مۆبایلی زیرەك پێبوو .
بەڵام كاتێك كۆمپانیاكە لەمانگی نیسان دەستی كرد بە دابەشكردنی مۆبایلەكە بەسەر رۆژنامەنووساندا ، بەڵام هەر زوو هەست بە بوونی كێشەی مەترسیدار لەمۆبایلەكەدا كرا ، دەستبەجێش كۆمپانیاكە مۆبایلەكەی هەڵپەسارد ، كۆمەڵێك دەنگۆ لەسەر بوونی كەموكووڕی لەدیزاینەكەی بڵاوبووەوە.
بەڵام كۆمپانیاكە دەڵێت: كۆمەڵێك چاكسازی لە دیزاین و بۆدی مۆبایلەكەدا كردووە، كەیەكێك لەو چاككردنانە بریتییە لە درێژكردنەوەی چینی پارێزەری سەرووی شاشەكە "ئینفینیتی فلیكس" بۆ دەرەوەی چوارچێوەكە .
جگە لەوە كۆمەڵێك چاكسازی لە بۆدی ئامێرەكەدا كراوە كە وایلێدەكات زیاتر پارێزراو ببێت ، ئەوە سەرباری ئەوەی گۆرانكاری ئەوتۆ لە مۆبایلەكەدا كراوە كە نایەڵێت توشی پەككەوتنی كاتی ببێت .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی