كورتهێنانی بودجەی 2020 حكومەتەكەی عەبدولمەهدی تووشی شۆك دەكات

عیراق

01/08/2019‌ 985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

پێگەی مەداپریس بڵاویكردەوە
ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بەدانانی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2020  شۆكێكی گەورەی تووشی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كردووە،‌ كاتێك دەریخست، بودجە كورتهێنانێكی گەورەی تووش بووە.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ئەو بودجەیەی بەخراپترین بودجە داناوە لەمێژووی عێراقدا و بە تێكشكانێكی گەورەی ئابووریشی لە قەڵەم داوە.

بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیەش، چەند كۆبوونەوە و دانیشتنێك لەنێوان وەزارەتەكانی دارایی و نەوت و بانكی ناوەندی عێراق ئەنجامدراون، بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش، پێشنیاری فرۆشتنی چەند موڵك و ماڵێكی نەگوازراوەی دەوڵەت كراوە، یان نرخی فرۆشتنی دینار زیادو كەمبكرێتەوە، هەروەها كردەی كۆكردنەوەی باجەكان كاراتر بكرێن، چەند كەرتێكی گشتی بكرێنە تایبەت و بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانیش باشتر بكرێن.

بەپێی زانیارییەكان، زیادبوونی كورتهێنانی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2020 دەگاتە 72 ترلیۆن دینار، كە كورتهێنانەكە بەهۆی زیادبوونی 30 هەزار چەكداری حەشدی شەعبییەوە بووە، ئەوەش بارگرانییەكی گەورەیان بۆ بودجەی عێراق دروستكردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە تێكڕای كورتهێنانی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2019 ی عێراق (27.5  ترلیۆن دینار) بووە، كە دەكاتە‌ ‌(23 ملیار دۆلار) ، داهاتەكانیش (88.5 ملیار دۆلار) بوون، خەرجییەكانیش (111.5 ملیار دۆلار) بوون.

لەو بارەوە پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاساش دەڵێت: زۆر لەو پارە و پولە لە لایەن حكومەتەوە وەك تەرخانكراو و زێدەماف بێ لەبەرچاوگرتنی توانستی گەنجینەی دەوڵەت بۆ چەند وەزارتێك خەرجكراون. 

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایش ، بودجەی ساڵی 2020 لە مانگی ئەیلولی داهاتوو دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە
ئێران ڕایگەیاند، لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكان، پێشنیارێكی بۆ ئەمریكا كردووە، كە كردەیەكی توندی پشكنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكرێت، بەڵام واشنتۆن ئەو پێشنیارەی تارانی ڕەتكردووەتەوە.

ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران، كە لە ساڵی 2015 واژوو كراوە، بە دەق دەڵێت: دەبێت تاران "پڕۆتۆكۆڵە سەربارە‌" پاشكۆكەی ڕێككەوتننامەكە پەسەند بكات، كە كردەیەكی توندی پشكنین دەخاتەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی، ئەمەش دوای تێپەرینی 8 ساڵ بەسەر پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەكە.

لەو بارەشەوە عەباس موسەوی قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران لەوكاتەی (هەفتەی پێشوو) سەردانی نیویۆركی ئەمریكای كردووە، ‌ئەو ئۆفەرەی خستووەتە بەردەم واشنتۆن، ئەمەش بۆ بەتاڵكردنەوەی ئەو بیرۆكەیەی دەڵێت: ئێران گفتوگۆ و دانوستان ڕەتدەكاتەوە و ئەمریكاش لەگەڵ دانوستانە. 

زەریفی وتیشی: ئەگەر ئەمریكا بەو ئۆفەرە ڕازی بێت، ئێران پڕۆتۆكۆڵە‌ سەربارەكە دەكاتە یاسا، لە هەمان كاتیشدا ئیدارەی ئەمریكا پڕۆژە یاسایی هەڵگرتنی سەرجەم سزاكان بخاتە بەردەم كۆنگرێس.

ناوبراو ئەوەشی وت: وەك چاوەڕوانمان دەكرد – ئەمریكا پێشنیارەكەی ڕەتكردووە، چونكە ئەوان دانوستانێكیان ناوێت ئەنجامێكی بەرهەمداری هەبێت.

لەلایەكی دیكەوە بەریتانیا ڕەتیكردووەتەوە بەهیچ كردەیەكی ئاڵوگۆری دوو كەشتییە دەستبەسەرداگیراوەكەی هەردوولا ڕازی بێت.

لەو بارەوە "دۆمینیك ڕاپ" ی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی: هیچ كردەیەكی ئاڵوگۆڕ لە ئارادا نییە ، پرسەكە پەیوەستە بەسەپاندنی ڕێزداری یاسا و ڕێسای  نێودەوڵەتی و ئێمەش لەسەری سورین. 

هەروەها حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێرانیش ئاماژەی بەڕەزامەندی ئێران دابوو بۆ ئەنجامدانی كردەیەكی لەم جۆرە.

لەلایەكی تر "بن واڵاس" ی وەزیری بەرگری بەریتانیاش رایگەیاند، ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز پرسێكی گرنگە، نەك هەر بۆ بەریتانیا، بەڵكو بۆ هاوبەش و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانیشمان.

بەریتانیا دووپاتیكردووەتەوە، سوورە لەسەر پێكهێنانی هێزێكی دەریایی ئەوروپی بۆ پاراستنی كەشتیوانی لەكەنداو، كە "ڕاپ" ی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە گرنگی زانی ئەو پێشنیازە ئەوروپییە پشتیوانی ئەمریكا بەدەست بێنێت.

پێگەی ئەحوال توركیا بڵاویكردەوە
لەگەڵ هاتنەسەركاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و حیزبە ئیسلامییەكەی، توركیا لەڕۆڵی بەستنەوەی "ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە" وەرچەرخاوە بەرەو ئاراستەیەكی دیكە، كە ئەویش ئاراستەی ستەمكاری دژە بەمەسیحییەكانە، ئەمەش بەگوێرەی شیكردنەوەیەكی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی چاودێریكردن‌و سەرپەرشتیكردنی مەسیحییەكان (ئەی سی سی).

مانگی پێشوو لیژنەی ئازادی ئاینی ئەمریكی دانیشتنێكی لەكۆنگرێس لەسەر توركیا ڕێكخست و زۆرێك لەشڕۆڤەكارە بەناوبانگەكانی تێدا بوون، ئاماژە بەوەدرا لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، ڕێژەی ناموسوڵمانەكانی توركیا كەمیكردووە، ئەمەش بە هۆی چەوساندنەوەی هەڵكشاوی بەردەوامی دژ بە ناموسوڵمانەكان.

"مستەفا ئەكیول" لەپەیمانگای "كاتۆ" لە كۆنگرێس لەو بارەوە وتی: ئەردۆغان‌و حیزبەكەی لە بری چاكسازی ئازادییەكان بوونە حیزبێكی بیرتەسكی تۆقیوی ستەمكار، پێیانوایە ڕۆژئاوا پلانیان لەدژ دەگێڕێت و لە بن هەموو بەردێكی توركیاش تابوری پێنج خۆی مەڵاسداوە.

"لیزل هینتز" مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەكۆلێژی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان لەزانكۆی "جۆنز هۆبنكز" وتی: لەتوركیای ئەمڕۆدا جیاكارییەكی بەرچاو هەیە و لەپێشیینەیی‌ بۆ هاووڵاتییە توركەكانە.

ئەو وتیشی: بۆ ئەوەی توركێكی باش بێت هەر ئەوەندە بەس نییە توركێكی موسوڵمان بێت، بەڵكو دەبێت توركێكی سونی بیت.

كۆڵتۆن غریلیر، لە كۆلێژی یاسای زانكۆی لیبرتی‌و "ئەلیسا هایزی" لەدادگای تاوانكاری نێودەوڵەتی وتی: توركیای عەلمانی نیشانەكانی ئەوەی لێ دەركەوتوون، كە ئارەزووی ئەوە دەكات ببێتە دەوڵەتێكی ئیسلامی سونی و لێبووردەیش تیادا ڕووی لە كەمییە.

ئاماژە بە گەواهیدانی قەشە "ئەندرۆ برانسۆن" یش كرا لە دانیشتنەكەدا، كە گەواهی لەسەر توركیادا، تیمی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە "دەستبەسەركردنی زۆرەملێ" یانە پێشتر ووتبووی كە قەشەی ناوبراو تووشی چەوسانەوە هاتووه ‌لەسەر ئەوەی باوەڕدارێكی مەسیحی بووە. ئەمە جگە لەوەی لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر لە 50 خێزانی مەسیحی پڕۆتستانتی توركیایان جێهێشتووە.

بەپەلە