دۆناڵد ترامپ بەڤیتۆ بەربەستەكانی رێگای چەككڕینی بۆ سعودییە لابرد

جیهان

02/08/2019‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ژێر ئەو ناونیشانەدا یوری بانییف لەگۆڤاری "نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوەو، ئەوەش دەربارەی بەكارهێنانی ڤیتۆی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ لەبەرژەوەندی سعودییەدا.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەنجوومەنی پیران شكستیهێنا لە بەرانبەر ڤیتۆیەكی سەرۆكی ئەمریكادا دژی بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەی چەك بۆ شانشینی سعودییە، لەگەڵ هەڵكشانی ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واشنتۆن نوێترین چەك دەنێرێت بۆ ریاز بۆ ئەوەی دژی ئێران بەكاربهێنێت.

لەنامەیەكیدا بۆ ئەنجوومەنی پیران، ترامپ پێی ڕاگەیاندوون ڤیتۆ دژی ئەو بڕیارە بەكاردەهێنێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بڕیارەكانی ئەنجوومەنەكە توانای ركابەرایەتیكردنی جیهانی ئەمریكا لاواز دەكات و زیان بە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەمان (ئەمریكا) لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەكانمان دەگەیەنێت. 

هەروەها جەختی لەوەش كردووەتەوە سعودییەو ئیمارات شوێنی لێوە دەرچوونی هەرێمایەتییە لە جەنگدا دژی چالاكییە خراپەكانی ئێران.

لەو بارەیەوە، ئەلیكسەندەر شومیلین مامۆستای زانستی سیاسی و سەرۆكی ناوەندی ئەوروپا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەوروپا سەر بە ئەكادیمیای زانستی روسیا وتی: یەكەمجار پێدەچوو ململانێی نێوان ترامپ كۆنگرێس سەیرو سەمەرە بێت، بەڵام هیچ شتێكی سەرسوڕهێنەری تێدا نییە، چونكە یاسادانەرە ئەمریكییەكان بڕیارەكانیان لەسەر بەها بنیاد دەنێن، كەچی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە ئاراستەی بەرژەوەندیدا هەمواری دەكاتەوە، ترامپ وەك بازرگانێك تەنیا بەرژەوەندی لەبەرچاو دەگرێت.

بەگوێرەی نووسەری بابەتەكە، سعودییە دەكەوێتە نێو چوارچێوەی سیاسەتی ترمپەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو سیاسەتەش پشت بەبیرۆكەی هاوپەیمانی دەبەستێت لە نێوان سعودییە و شانشینە عەرەبییەكان لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی ترەوە لە رووبەرووبونەوەی ئێراندا. 

لەوەدا واشنتۆن سەركەوتوو بوو لە پێشكەوتنێكی گرنگ رووەو كۆكردنەوەیەك لە نێوان شانشینە عەرەبییەكان بەسەرۆكایەتی سعودییە و ئیسرائیل لەسەر بنەمای دژایەتی كردنی ئێران.

تا ئێرە، سیاسەتەكانی ترامپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی هاوتایە لەگەڵ بۆچوون‌و پەیمانەكانی لە سیاسەتی ناوخۆدا، تەنیا ئەوەندە بەسە بوترێت كۆمەڵەی فشاری ئیسرائیلی‌و سعودییە بە چالاكییەوە لە بەرژەوەندی ترامپدا دژی هیلاری كلینتۆن كار دەكەن.

هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ شانشینی سعودییە گرنگییەكی تایبەتی بەلای ترامپەوە هەیە، بەهۆی هەڵسوكەوتەكانی توركیاوە، بۆیە كۆشكی سپی هەوڵی ئەوە دەدات گۆڕانكاری لەشانشینە عەرەبیەكاندا روونەدات، بەوەی بەكاربەرێكی گەورەیە بۆ چەكی ئەمریكی لە بەرانبەر ئاراستەی وڵاتانی سێیەم‌و لەسەروشیانەوە روسیا، هەروەك ئەوەی ئەنقەرە ئەنجامیدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا